لەبارودۆخی ئەمڕۆداو بەتایبەتی لەکاێێکدا شەڕ لەئۆکراینیا بەربینی بەخەڵکی ئەو ووڵاتە گرتووە، راگەیاندنەکانی ئەمپریالیستەکان و ئەو دەوڵەتانەی خۆیان لەگەڵ لەلایەنەکانی ئەو شەڕە، واتە رووسیاو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەبیننەوە، دەورێکی گرینگیان گێڕاوە. شەڕی نەرم لەچەند هەفتە بەر لەدەستپێکی شەڕەکەوە لەئارادایە. لەو ماوەیەدا لایەنە شۆڕشگێڕەکان لەسەرانسەری جیهان، بەتایبەتی حیزبە چەپ و کومۆنیستەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی یان هەڵسووڕاوانی شۆڕشگێڕ لەناوخۆی ووڵات بەشێوەی جۆراوجۆر هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو شەڕە دەربڕی: ئەو رەوتە بەدرووستی رایگەیاندووە کە ئەو شەڕە بەهیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئۆکراینیاو رووسیا نییە. بەپێچەوانەوە ئەم شەڕە لەئاکامی ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، کێبڕکێی نێوان زلهێزە ئەمپریالیستییەکان و هەوڵەکانیان بۆ بەدابەشکردنەوەی جیهان لەنێو خۆیاندا هاتووەتە ئاراوە. بەهۆی ئەوەی ئەمپریالیزمی ئەمریکا لەبواری ئابووریەوە هێزی دابەزیوەو ناتوانێ وەکوو جاران دەوری رێبەرایەتی بگێڕێت، زلهێزەکانی دیکەی وەکوو رووسیاو چین کەوتوونەتە خۆ. فەشەلهێنانی رووسیای سۆڤیەت بەسەرچووەو چینیش لەبواری ئابوورییەوە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. هەر بۆیەش ئەمانە دەیانەوە لەبواری سەربازیشەوەە بەشی خۆیان پێ بدرێت و هەوڵ دەدەن ناوچەکانی دیکەی جیهان لەنێو خۆیاندا بەش بکەن.
لەم شەڕەدا بەتایبەتی راگەیاندنەکان دەورێکی بەرچاویان گێڕاوە: چ راگەیاندنەکانی سەر بەرووسیاو چ ئەوانەی سەر بەزلهێزەکانی رۆژئاوا، واتە ئەمریکاو دەوڵەتەکانی ئەندامی پەیمانی سەربازی ناتۆ. ئەمە جێگای تێڕامانە. راگەیاندنەکانی دژ بەرووسیا هەوڵ دەدەن بەبیروڕای گشتی بڵێن کە ئەم شەڕە بەهۆی شێتی یان دیکتاتۆری پۆتینەوە هاتووەتە ئاراوە. هەر لەم ئاراستەیەدا “جەو بایدێن”، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەوتارێکدا لەشوێنی ناسراو بە “ژووری رۆژهەڵاتی” کۆشکی سپی ئاماژەی بەکردەوەکانی پۆتین و گۆڕانکارییەکان لەئۆکراینیا داو جەختیکردەوە: “تەنیا سەرۆک کۆماری رووسیا بەرپرسی ئەو هێرشەیەو دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوەڵام بەو هێرشانە بۆ سەر ئۆکرایندا گەمارۆکانی بۆ سەر رووسیا پەرەپێداوە.” بەدڵنیاییەوە پێویستە ویلادیمیر پۆتین وەکوو تاوانبارێکی جەنگی لەدادگایەکی جەماوەرییدا دادگایی بکرێت. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە بایدن و سەرۆکەکانی ووڵاتانی دیکەش بەقەد پوتین لەهەڵکردنی ئاگری شەڕ لەو ووڵاتەدا رۆڵیان بووە. ئەمانە نە تەنیا لەئۆکراینیا، بەڵکوو لەهەڵکردی ئاگری شەڕی غێراق، ئەفغانستان، ژاپۆن، ویەتنام، یوگوسلاویاو هیتر دەوریان بووە. ئەمانە لەراستیدا هەوڵ دەدەن سەرکردەکانی ئەو دەوڵەتانە دەستنیشان بکەن کە نوێنەرایەتی سیستەمی ئەمپریالیستی جێگای سەرنجی خۆیانە. بەم کارە دەیانوێت بەبیانووی وەکوو تیرۆریسم و دامەزراندنی بەناودیموکراسی لەووڵاتانی دیکە سیاسەتی شەڕخوازانەی خۆیان ببەنە پێشەوە.
هەوڵێکی دیکەی راگەیاندنەکان ئەوەیە کە هێرش بکەنە سەر کومۆنیزم بەگشتی و شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ کە رووسیای قەیسەری رووخاند. بۆ نمونە سەردێڕی یەکێک لەراپۆڕتەکانی “بی بی سی” ئەوە بوو: “ئایا پۆتین خەونی بووژاننەوەی سۆڤیەتی پێشووی لەسەرە؟”. ناوەندی درۆ و دەسەلەسەی دەوڵەتی بەریتانیا لەزمانی یەکێک لەرۆژنامەنووسەکانەوە ووتی: “ویلادێمیر پۆتین قەد حاشای لەگەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پێشووی رووسیا نەکردووە، ئەوەی روون نییە بەس ئەوەیە کە تا کوێ دەتوانێت شوێنی بگرێت. “هەوڵەکانیان بۆ لکداندنی رووسیای ئەمڕۆ بەکومۆنیزم و پۆتین بە لێنین لەنێو هەواڵ و راپۆڕتەکانیان هەر لەم ئاراستەیەدایە.
چاپەمەنییە ئەمپریالیست و راستەکان لەوڵاتانی سەرمایەداری ئەرکێکی گەورەی تریان نییە، ئەویش خاڵی کردنی چەمکەکان لەمانای راستەقینەیان و بارهێنانی بیرڕوڕای گشتی بەئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ناونانی زێلێنسکی نیۆفاشیست وەکوو رابەڕی خۆڕاگری و کەسێک کە پشتی لەخەڵکەکەی نەکرد، هەر بەم ئاراستەیەدایە. ئەم راگەیاندنانە لەرێگەی بڵاوکردنەوەی پلان بۆداڕێژڕاوی هەواڵ و وێنەی رووداوەکانی ئۆکراینیا بوار بۆ سەرهەڵدانی رەوتی ناسیۆناڵ شۆڤێنیستی خۆش دەکەن. لەدوای دەسەڵاتی فاشیستی هیتلێرەوە وێنەی نەبووە رەوتە فاشیستییەکان بەو شێوەیە سەرنجیان پێ بدرێت. ئەو کاتەی هەڵوێستی دوورووانەی پارێزەرانی بەناو دیموکراسی لەسنووری پۆڵۆنیا و ئەڵمانیا بەرانبەر بە پەناخوازان بوو بەسەردێڕی چاپەمەنییەکان، لەژێر سایەی هەواڵەکانی شەڕ لەئۆکراینیا کەمڕەنگ کرایەوە. کەناڵەکانی “ئێن بی سی” ئەمریکا، “ئای تی ئێف” و “بی بی سی” بەریتانیا و “بی ئێف ئێم”ی فەڕەنسا رووهەڵماڵاوانە رایانگەیاند ئاوارەکانی ئۆکراینیا لەگەڵ سپی پێستەکان جیاوازن، بەواتایەکی دیکە ئەوان ئەوروپی نین. بەمشێوەیە دەبینین کە ئەم چاپەمەنیانەی بەناو ئازادی لیبێراڵی خەرکین بەنۆرماڵیزەکردنی فاشیزمەوە بەسیاسەتێک خزمەت دەکەن کە هەر لەبنەڕەتەوە بۆ ئەوە ساز کراون.
لەئێستادا بەکردەوە پەرە بەناسیۆناڵیسزم و رەەوتی راستی تووندڕەوی فاشیستی دەکەن بۆ ئەوەی زیان بەناڕەزایەتی ڕەسەنی جەماوەری دژ بە پێوەندیەکانی سەرمایەداری بگەینن. راگەیاندنەکان هەیشە بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە سیستەمی سەرمایەداری پاساو بکەن. پاساوکردنی ئەم سیاسەتانە تەنیا بۆ بیروڕای گشتی لەدەرەوەی سنوورەکان نییە، بەڵکوو لەناوخۆیش بەدەردیان دەخوات. لەراستیدا شەڕی ئۆکراینیاو وەڵامەکانی پۆتین بەگەمارۆکانی ئەمپریالیستەکانی دیکە دەچێتە چاوی چینی کرێکار و خەڵکی مەدەنی دیکە لەئەوروپا. ئەگەر بتوانێن سەرنجی بیروڕای خەڵک لەووڵاتانی خۆیان بەرانبەر بە بەرەی ئەمریکاو ناتۆ رابکێشن، ئاساییە ئەم دژواریانەش تێپەڕ دەکەن. بەوتەی نوێنەرێکی راستی ئەڵمانیا ئەگەر نرخی ئازادی ئەوەیە ئێمە ئامادەین بیدەین. بەمشێوەیە دەبینین کە شەڕی راگەیاندن بەرەیەکی دیکەیە لەشەڕی ئەمپریالیستی.