فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“شەڕی ڕاستەقینە لەسەر شەقامەکانە و ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم شەڕەدان”
پێنجشەممە ۱۳-۰۲-۱۴۰۳   |  02-05-2024

هێرشی تازەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە ژنان کە لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی خاکەلێوەوە لەژێرناوی “گەڵاڵەی نوور” بەوپەڕی توندوتیژییەوە دەستپێکرد، بەهۆی موقاومەتی لێبڕاوانەی ژنان تووشی شکست بووە. سەرەڕای هەڕەشە و پەرەستاندنی سەرکوت، لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران ژنان بەبێ حیجاب لە شەقامەکان هاتوچۆ دەکەن و هێزە سەرکوتگەرەکان کە لە ئاستێکی بەریندا ڕەوانەی شەقامەکان کراون لەگەڵ ژنان دەرگیر دەبن و بە وتەی ژنێکی بوێر و ئازادە: ”شەڕی ڕاستەقینە لە شەقامەکانە و ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم شەڕەدان”. شکستی ئەم گەڵاڵە کۆنەپەرستانەیە دوای دوو هەفتە و نیگەرانی لە ئاکامە مەترسیدارەکانی بۆ ڕژیم بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان ناوەندە باڵاکانی دەسەڵات. ئەوان کە لە سەرەتادا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵە دژەئینسانییە دەستیان خستبووە دەستی یەکەوە، لەئێستادا بەرەوڕووی موقاومەتی ژنان بوونەتەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن پاکانە بۆ خۆیان بکەن و هەر کام ئەوی تر خەتابار دەکات.

لەم پێوەندییەدا ماڵپەڕی هەواڵی “رەجا نیوز”ی سەر بە ڕەوتی “جەبهەی پایەداری”، لە ڕەخنە بەم گەڵاڵەیە، بە گەشتی ئیرشاد ناوی برد کە تێچووی قورسی بەسەر نیزامەکەیاندا سەپاندووە. ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵیش دەیهەوێ بەجۆرێک حاشا لەوە بکات کە لە پەسندکردن و جێبەجێکردنی “گەڵاڵەی نوور”دا بەشدار بووە و بەتەمایە هەزینەی ئەم شکستە سەرشۆڕانەیە بەسەر ئێژەیی و قالیبافدا بسەپێنێ و ئەوان وەک خەتاباری سەرەکی نیشان بدات. موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی تاوانکاری دەزگای قەزایی کە دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ جێبەجێکردنی گەڵاڵەی حیجابی ئیجباری پەلەی بوو، ڕوو بە مۆرەکانی خۆی ڕایگەیاند: “بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لەبواری حیجاب و عیفافەوە وەزعێکی باشی نییە، نابێ چاوەڕوانی پەسندکرانی نیهایی گەڵاڵەی حیجاب و عیفاف بین و پێویستە بە بەکارهێنانی یاساکانی ئێستا بۆ باشترکردنی وەزعی عیفاف و حیجاب هەوڵ بدەین”. بەڵام لەئێستادا ئێژەیی دەڵێ ڕەئیسی کە خۆی پێداگریی لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیە کردووە ئێستا خۆی لێ ناکاتە خاوەن. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی گوڵان وتی: «لە کۆبوونەوەیەکدا کە ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ڕەئیسی بوومان ئەو تەئکیدی کرد کە (نابێ دەستبەرداری بابەتی حیجاب و عیفاف بین و داوامان لە فراجا کردووە کە بێتە مەیدان). دەی باشە ئێمە کە ئەوەمان وتووە چۆن دەتوانین ئەمڕۆ خۆی لێ بێ خاوەن بکەین و بە قەولی عامیانە بڵێین: “کێ بوو من نەبووم”؟. سەرپاسدار “ڕادان” فەرماندەی فراجاش ڕۆژی سێشەممە چواری مانگی گوڵان ڕایگەیاند کە بڕیاری جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور بە ڕەزامەندی و پشتیوانیی دەوڵەت و مەجلیس و دەزگای قەزایی بەڕێوەدەچێت.

بەڵام سەرانی جەنایەتکاری سێ دەزگاکەی حکوومەت واتە ڕەئیسی و قالیباف و ئێژەیی بەدوای وتەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە لە دیدار لەگەڵ ئەوان و فەرماندەکانی سپای پاسداران، وێرایان وەها بڕیارێک دەربکەن. خامنەیی کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە دژایەتی لەگەڵ ژنان هەیە، لەم کۆبوونەوەیەدا ڕاشکاوانە وتی: “حیجابی ژنان لەبواری شەرعییەوە حوکمێکی ڕەوایە و نابێ پشتگوێ بخرێت”. بەمجۆرە ئەو بە ئەوان و هێزە سەرکوتگەرەکان و ئاتەش بە ئیختیارەکان فەرمانی دا کە لەدژی ژنان وەها یاسایەک پەسند بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژبە ئازادیی ژنان بڕۆنە ناو شەڕێکی بەتەواو ماناوە. لەئێستادا کە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی دژەئینسانیی “نوور” تووشی شکست بووە و بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی خەڵک و تەنانەت زۆرێک لە دەست و پێوەندەکانی حکوومەتیش بووەتەوە، هێندێک لە ناوەند و میدیاکانی سەربە دەوڵەت و خزمەتکارانی خامنەیی هەوڵی بێبەری کردنی دەدەن لەئاست ئەم کردەوە دژەئینسانییە بەرامبەر بە ژنان. لەم پەیوەندییەدا فەزائلی ئەندامی دەفتەری خامنەیی وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵسووکەوتی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەرامبەر بە ژنان وتی: «نابێ کاری بێ قاعیدە و بێ بەرنامە ئەنجام بدرێت. ڕێبەری لەگەڵ ئەوانە موافق نییە”.

لە وەها بارودۆخێکدا بەهۆی ئەوەیکە “گەڵاڵەی نوور”ی ڕژیم بەرەوڕووی خۆڕاگریی ژنانی ئازادیخواز و خەباتکار بووەتەوە و هێزی ئینتزامیی ڕژیم توانای بەرەنگاربوونەوەی نییە، حکوومەتی ئیسلامی لە هەڵی ئەوەدایە بە هێنانەمەیدانی سپای پاسداران هێزی سەرکوتی ژنان تەقویەت بکات و کەشوهەوای ئەمنیەتی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. لەلایەکەوە دەیهەوێ سپای پاسداران لەژێرناوی بێناوەرۆکی “سەفیرانی مێهر” بۆ کۆمەکی هێزی ئینتزامی بۆ سەرکوت و داسەپاندنی حیجابی ئیجباریی ژنان بێنێتە سەر شەقام و لایەکی دیکەوە بە گرتنەبەری سیاسەتی قیزەونی پەروەندەسازیی ئەمنیەتی بەرەنگاری ئەو ژنە ئازادیخوازانە بێتەوە کە خوازیاری سەرەتاییترین مافی خۆیان واتە ئازادیی پۆشینن. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٤ی مانگی گوڵان فراجا (فەرماندەیی ئینتزامیی جمهوریی ئیسلامی) لە ڕاگەیاندنی ژمارە ٤ی خۆیدا، درۆزنانە و فریوکارانە باسی لەوە کرد کە ژنانی ئازادیخواز لەگەڵ “باندە تاوانکارە نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکان لە بواری فەساد و فەحشا و تەجاڕەتی جنسی” پەیوەندییان هەیە و گۆیا ئەم مەسەلەیە بووەتە هۆی پەسندکران و جێبەجێکرانی گەڵاڵەی ڕیسوای “نوور”. بێگومان ئەم ئیدیعایەی “فراجا” سەبارەت بە ژنانی ئازادە نەتەنیا پووچ و بێناوەرۆکە، بەڵکوو ڕێک وەسفی حاڵی خۆیان و بەشێک لە مەشغەڵە و کاری ڕۆژانەی سپای پاسدارانە. ئەم ئیدیعا بێشەرمانەیەی “فراجا” لەلایەن عەلی خامنەییەوە دوو هەفتە لەمەوبەر بەشێوەیەکی تر وترایەوە. ئەو ژنانی بێ حیجابی “دەست و پەیوەندی بێگانە و دوژمن” وەسف کرد. تا بەمجۆرە کەس نەتوانێ دژایەتیی بکات و ژنانیش ناچار بەوە بکات لە بەرامبەر بیروبۆچوونی پرتووکاوی ئایینیدا تەسلیم و ملکەچ بن.

دیارە خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری بوارێک نییە کە بەتەنیا بەرینایی خەباتی ڕزگاریبەخشی ژنانی ئێران نیشان بدا، بەڵام موقاومەت بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە خۆڕاگری دژبە یاسای ئیسلامی و نادیدەگرتنی دەستوورای حکوومەتی. کۆنتڕۆڵی دیاردەی بێ حیجابی لەدەستی ڕژیم چووەتە دەرێ و هەر ئەم واقعیەتەشە کە بەمجۆرە خامنەیی و سەرانی دیکەی حکوومەتی نیگەران کردووە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ شەقام و زانکۆکان ناتوانن پاشەکشە بەو ژنانە بکەن کە حیجاب و ڕووسەرییان لەسەر کردووەتەوە و یاسا ئیسلامییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لەبەرامبەریدا داماو و بێتوانا کردووە. هەڕەشەکانی خامنەیی و سەرۆکی دەزگای قەزایی نەک نیشانەی هێز و دەسەڵات، بەڵکوو لەڕاستیدا دان پێدانان بە داماوی و شکستیانە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا هەرچی لە توانایدا بووە دژبە ژنان بەکاری هێناوە. حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران نە لە بواری پەسندکردنی یاسای دژی ژن و نە لە بواری داسەپاندنی زۆر و توندوتیژیی ڕاستەوخۆدا هیچ بۆشاییەکی نەهێشتووەتە کە ئەمڕۆ بیهەوێ بە کردەوەی “بەدەر لە یاسا” پڕی بکاتەوە.

خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوانێک کە حیجابی ئیجیارییان پێ سووکایەتییە بە حورمەتی ئینسانییان، درێژە بە پێشڕەویی خۆی دەدات. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی ئەو حیجابەی کە بە زەبری سەرکوت بەسەریاندا سەپاوە، هەموو یاساکانی ئەم بوارە هەڵوەشێننەوە. ئەو خەباتەی کە بە سووتاندنی ڕووسەری لەسەر شەقام چووە قۆناغێکی نوێوە دەتوانێ لێبڕاوانە بەسەرەنجام بگات.