فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕ درێژەی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر
شەممە ۲۸-۱۲-۱۴۰۰   |  19-03-2022

ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکەین کە ئەو سیاسەتانەی شەڕیان لێ دەکەوێتەوە زۆر بەر لە دەستپێکی شەڕ داڕێژراون تا پێویستیی شەڕ وەک درێژەی سیاسەت زەرووری نیشان بدەن، ئەوکات ساویلەکەییە ئەگەر لامان وابێت شەڕی تەجاری لە ئۆکراین لەگەڵ هێرشی ڕووسیە لە بەرەبەیانیی بیست و چوارەمی فێوریەدا دەستی پێکردووە. فاکتۆرگەلێک لە جەرەیانی شەڕ و لە مەیدانی نەبەرددا دەخاڵەت دەکەن کە زۆریان لەوانەیە بۆ کەسانێک کە فەرمانی دەستپێکی شەڕیان دەرکردووە، قابیلی پێشبینی نەبێت. ئاڵمان لە سەدەی ڕابردوودا دووجار نەتەنیا ئەورووپا بەڵکوو بەشێکی گەورە لە جیهانی کرد بە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی کە تێیدا ملیۆنان ئینسان بوون بە قوربانی. نە دوایین قەیسەری ئاڵمان لە شەڕی جیهانیی یەکەم و نە هیتلێر لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا پێشبینیی شکستیان نەدەکرد و لەپێناو بەدەستهێنانی بازاڕی نوێ و قازانجی سەرمایەی بەناو نەتەوەیی شەڕیان دەستپێکرد. لە هەر دووی ئەم شەڕانەدا تەبلیغاتی بەرینی دیفاع لە “بەرژوەندی نەتەوەیی” لەجاڕ درا و ملیۆنان مرۆڤ لە پشت ئەم بەناو “بەرژەوەندە نەتەوەییـ”یانەدا بەڕیز کران. 

بەڵام دواتر ئەم شەڕانە لەژێرناوی دیفاع لە مافی کەمینە نەتەوەییەکان لە یوگسلاوی، بەناوی شەڕ دژبە “تیرۆریسم” لە ئەفغانستان، لە عێراق بەبیانووی بوونی چەکی شیمیایی کە هیچکات نەدۆزرایەوە، لە سووریە و لیبی بەناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “دیکتاتۆرەکان” لەلایەن جیهانی سەرمایەدارییەوە بەرێوەچوون. لە هەموو ئەم شەڕە خوێناوییانەدا ئەوەیکە وێنا دەکرا دەسەڵاتی نیزامی، دوایین تێکنۆلۆژیی شەڕ و تەبلیغاتی بەرینی بەناو بایەخەکانی جیهانی پێشکەوتووی ڕۆژاوا بوو لەبەرامبەر جیهانی بەناو وەحشیی دەورووبەریاندا. ئەگەر لە کۆتایی هێرشی ئەورووپای “پێشکەوتوو” بۆسەر یوگسلاوی کە خۆی لە ئەورووپا دایە بگوزەرێین، ئێستا زیاتر لە سێ دەیەیە کە بۆمبەکان بەسەر ئەو خەڵکەدا دەبارن کە فەرسەخها لە ئەورووپا دوورن. لەوێ ئیتر هیچ باسێک لەو خەڵکە نییە کە دەبنە قوربانی شەڕی نیابەتی. کەس ناپرسێت کە سەدان هەزار منداڵی عێراقی بەخاتری گەمارۆکانی جیهانی پێشکەوتوو دەبنە قوربانی. کەس ناڵێت کە چلۆن لە جەرەیانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران وعێراقدا ملیۆنان مرۆڤ لە هەر دوو بەر بوونە گۆشتی بەردەم تۆپ تا کۆمپانیا پاوانکارەکانی سازکردنی چەک ڕانەوستن. میدیا زاڵەکانی جیهان دەرفەتی ئەوەیان نەبوو تا داستانی سەدان هەزار لیبیایی کە بەخاتری هێرشی ناتۆ لە خودی لیبی و یان لە ئاوە خرۆشانەکانی مەدیتەرانەدا گیانیان بەختکرد، بگێڕنەوە. بەڵام ئێستا ئەوانەی کە بەدەوری سنوورەکانی خۆیان بۆ ڕێگری لە هاتنی پەنابەرانی مێکزیکی و ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەلدڕوویان کێشاوە، وەجمووجۆڵ کەوتوون. بۆنی گەنیوی ڕاسیسم لە زمانی کاربەدەستانی دەوڵەت و هەواڵنێران و شیکارانیانەوە دێت. وێنەی پەنابەرانی ئۆکراین لە میدیاکانەوە تێکەڵ بەم ڕستانەن “ئەمە وڵاتێکی جیهان سێهەمی نییە، ئێرە ئەورووپایە. ئەمانە خەڵکی دەوڵەمەندی چینی مامناوەندی ئۆکراینن، نە کەسانێک کە هەوڵ دەدەن لە ئەفریقا ڕا بکەن. وەک هەموو ئەو بنەماڵە ئەورووپایییانەن کە دراوسێی ئێمەن”.

نوێنەری ئیرلەند لە پەرلەمانی ئەورووپادا حەقی بوو کە بە نەفرەتێکی قووڵەوە لە پشت تریبوونەوە ڕوو بەوانە کە لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دانیشتوون و بەوانەی کە قسەی نوێنەرانیان دەبیست بڵێ کە “بەڵێ لە ئۆکراین شەڕە. بەڵام نەک هەر لەوێ. لە کۆبوونەوەکانی پێشووەوە هەتا ئێستا پێنج ملیۆن ئەفغانستانی لەگەڵ قاتی و نەبوونیی بێسنوور بەرەوڕوو بوونەتەوە، بەڵام لە پۆششی شەو و ڕۆژیی میدیاکان بێبەرین”. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە شەڕ لە ئۆکراین بە وەحشیانەترین شێوە بەڕێوەدەچێت. “کارل فۆن کلاوزویچ” کە وەک دیارترین تیۆریسییەنی نیزامی باسی لێ دەکرێت وتبووی کە “یەکەمین قوربانی لە شەڕەکاندا حەقیقەتە”. ناوبراو لە جگایەکی تریشدا دەڵێت “بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا گرتنەوەی بیروڕای گشتی گرینگییەکی تایبەتی هەیە”.

لایەنەکانی ئەم شەڕە واتە ڕووسیە لەلایەکەوە و ناتۆ لەلایەکی دیکەوە بە گەمارۆدان و ڕێگری کردن لە میدیاکانی یەکتر هەموو هەوڵی خۆیان بەکار دێنن کە بیروڕای گشتی لە هەر دوو بەری شەڕ لە ماهییەتی واقعیی و ئەو سیاسەتانەی کە بوون بەهۆی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە، بێ خەبەر بمێننەوە. ئەگەر لە تەبلیغاتی ڕۆژاوادا پووتین دێوانەیەکە کە تەماع و زێدەخوازییەکانی حەد و سنووری نییە، لە تەبلیغاتی ڕووسیەشدا تەنانەت بەکارهێنانی وشەی شەڕیش تاوانە. بەقسەی دەزگای تەبلیغاتی ڕووسیە ئەوەیکە ڕووسیە ئەنجامی دەدات “ئۆپراسیۆنێکی تایبەتە” بۆ “ئازادکردنی” خەڵکی ئۆکراین، دیفاع لە کەمینە ڕووسزمانەکان و پاککردنەوەی ئۆکراین لە نێئۆنازییەکانە. ڕووسیە دەبێت بەم تەبلیغاتەی بتوانێت ناسیۆنالیستی پاوانخوازی ڕووس بۆ دیفاع لە نیشتمان بەخەت بکات و بیروڕای گشتی ژەهراوی بکات. زێلنێسکی بە پەرەپێدانی هەستی ناسیۆنالیستی لە کۆمەڵگا و فاشیسمی جێکەوتوو لە ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت دوای “شۆڕشی نەرم”ی ٢٠١٤ لاوانی ئۆکراینی بەرەو قوربانگەی شەڕ دەبات. ئەو بە خواستی پاراستنی ئاسمانی ئۆکراین لەلایەن ناتۆوە هەوڵ دەدات کە شەڕ لە ئۆکراین بەرەو شەڕێک ببات کە دەتوانێ بەشێکی بەرین لە جیهان نابووت بکات. ئەندامانی ناتۆ بە وێنەکردنی وێرانییەکانی شەڕ و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئاسایی، و بە ناردنی کەرەستەی نیزامی و ملیاردها دۆلار هەوڵ دەدەن کە ئاگری شەڕ هەروا گەشاوە بهێڵنەوە.

سەرەڕای هەموو ئەم تەبلیغاتانە و وێنەگەلێک کە هەر خولەک و چرکەیەک بۆ داگیرکردنی زەینییەتی خەڵک بەکار دەبردرێت، پێویستە بوترێت کە ئەم شەڕە شەڕی سەرمایەدارانە. شەڕ بۆ پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و شەڕ بۆ دابەشکاریی دووبارەی جیهانە. ئەگەر ملینۆنان ئینسان هەموو ڕۆژێ بەخاتری دواهاتی ئەم شەڕە دەبنە قوربانی، هاوکات قۆناغێکی نوێ لە کێبەرکێی کەرەستەی شەڕ دەستی پێکردووە  کە حیهان لەگەڵ مەترسیی مەزن بەرەوڕوو دەکات. هەتا ئێرەشی تەنانەت ئەو خەڵکەی کە ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بەشدار نین، لە دواهاتەکانی ڕەنج دەبەن. ئەگەر لە مەیدانی شەڕدا نیزامییان و خەڵکی سیڤیل دەبنە قوربانی، هەر ئەوەندە بەسە تا سەرنج بدەینە چوونەسەرەوەی خێرای نرخی سووتەمەنی و نرخی سەرسووڕهێنەری دانەوێڵە تا دۆڕاوەکانی ئەم شەڕە چ لە مەیدانەکانی شەڕ و چ لە دەرەوە لە هەزاران کیلۆمیتر ئەولاترەوە ببینین. عێراق، سووریە، لۆبنان، یەمەن و مەراکێش تەنیا ژمارەیەک لەو وڵاتانەن کە خەڵک هەزینەکانی شەڕیان بەسەردا سەپاوە. 

لە باروودۆخێکدا کە ئەم شەڕە دژەمرۆیی و جەنایەتکارانەیە هەروا درێژەی هەیە، کۆمۆنیستەکان، هێزە چەپەکان، مرۆڤی پێشکەوتووخواز و دژەشەڕ ئەرکی سەر شانیەتی کە پەردە لەسەر فریوکاریی هەردووک لای ئەم شەڕە دژەمرۆییە لابدات و بە دەنگی ڕەساوە ڕایگەیەنن کە ئەم شەڕە، شەڕی سەرمایەدارانە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی زۆربەی خەڵکی جیهانەوە نییە. هیچ دەلیلێک بوونی نییە کە کۆیلە کرێگرتەکان لە ڕووسیە و ئۆکراین چەکەکانیان بەرەو سینگی یەکتر نیشانە بگرن. پێویستە ڕاشکاوانە بوترێت کە هەرجۆرە هاوئاراستەییەک لەگەڵ دووبەری ئەم شەڕە، هاوبەش بوونە لەگەڵ دواهاتە دژەئینسانییەکانی ئەم جەنگە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش پێویستە چەکەکانیان بەرەو ئەوانە نیشانە بگرن کە پارێزەری نیزامی تاڵانکەر و شەڕ و کێشمەکێشی سەرمایەدارانن. کرێکارانی حەوت تەپە بەدرووستی نووسییان کە: “ئەم شەڕە، شەڕ بۆ بەرژەوەندی کرێکارانی ڕووسیە یان دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکارانی ئۆکراین نییە. لەڕاستیدا ئەم  شەڕە، شەڕ بۆ بەرژەوەندی هیچ کرێکارێک نییە. لە هیچ لایەنێکی ئەم شەڕە نەفامانە و زاڵمانە و کرێکارکوژە نابێ دیفاع بکرێت، بەڵکوو پێویستە لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەردووک لا و یان هەموو لایەنەکان پشتیوانی بکەین و داوایان لێ بکرێت کە دژبەم شەڕە یەکگرتوو بن”.