لە میانەی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی شەوی هەینی ٢٦ی جۆزەردان لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان هاتە ئاراوە، لانیکەم ئەندامێکی سپای پاسداران کوژرا و دوو ئەندامی دیکەی ئەو هێزە بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆفی هەنگاو، ئەم شەڕە و تێکهەڵچوونە چەکدارییە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردان، لە بەرزایییەکانی نێوان گوندەکانی “دەرەتفێ” و “کانیسانان” کە لە ٧ کیلۆمەتریی شاری مەریوانەوە هەڵکەوتوون، دەستی پێکرد و تا کاتژمێر ١٢ و نیوی شەو بە کاتی ئێران شەڕەکە بەردەوام بووە. هەنگاو شەوی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسدارانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ تەرمی ئەو ئەندامە کوژراوەی سپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە مەریوان گواستراوەتەوە. بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی بارەگای شەهرامفەری پارێزگای سنەش ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هەواڵەکەی هەنگاوی لەسەر کوژرانی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران پشتڕاست کردەوە و ناسنامەی کوژراوەکەی بە ناوی “ڕزگار تەبیرە” و خەڵکی شاری مەریوان ڕاگەیاند. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی ڕابردوو سپای پاسداران بەئەنقەست بەرزایییەکانی ناوچەکەی ئاگر داوە و ڕێگری لە هاتنی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژانەوەی ئاگرەکە کردووە. هەروەها، ڕۆژی ڕابردوو لە هەمان کاتدا دارستان و لەوەڕگەکانی چیای کۆساڵان کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی “سلێن” و “ژیوار”، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بەئەنقەست سووتێندراون و لە هەوڵێکی هاوشێوەدا خەڵکی ئەو گوندانە چوونەتە ئەو شوێنە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژانەوەی ئاگرەکە، بەڵام هێزەکانی سوپا ڕێگرییان لە خەڵک کردووە. لە لایەکی دیکەوە سپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ناوچەی “کانی کوزەڵە” لە مەریوانی بە توندی تۆپباران کردووە.