فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕ و هەژاری و نابەرابەری، سیمای جیهانی سەرمایەداری
شەممە ۱۵-۰۷-۱۴۰۲   |  07-10-2023

درێژەی شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین، هەموو بوارەکانی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی لە سەرانسەری جیهان خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. کرێکاران و هەژاران هێستا لە ژێر باری گرفت و دواهاتەکانی پەتای کۆرۆنا پشتیان ڕاست نەکردبووەوە کە ئەمجارەیان دیاردەی ماڵوێرانکەری شەڕ بەشێوەیەکی تر گوشاری خستە سەر ژیان و گوزەرانیان. لە سەردەمی گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنادا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری، بوودجەی تەندروستی و دکتور و دەرمان هاتە خوارێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بووجەی پڕچەککردنی ئەرتەشەکان و بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتووتر بەشێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە. چینی سەرمایەدار و دەوڵەتەکانیشیان لە سەردەمی کۆرۆنادا لەگەڵ دەستپێکی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە بێ بەزەیانە هێرشیان کردە سەر ژیانی کرێکاران. سەرمایەداران و دەوڵەمەندە گەورەکان لەڕێگەی فرۆشتنی دەرمان لە سەردەمی کۆرۆنا و بە فرۆشتنی سووتەمەنی و چەک لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئۆکراین ملیاردها دۆلاریان قازانج کرد. ئەوەیکە لەو نێوەدا بەنەسیبی کرێکاران و توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگە بووە، گرانیی بەرین، هەژاری و چوونەسەری تێچووی دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانە، بێکاری، وێرانیی شەڕ، ئاوارەیی و مەرگی بەکۆمەڵی ئینسانەکان لە ئاوەکانی مەدیتەرانە و پەرەستاندنی قەیرانی ژینگەیی بووە.

لە ئاڵمان وەک گەورەترین ئابووریی ئورووپا لە ئێستادا ملیۆنان کەس لە هەژاریدا دەژین. بەپێی ئاماری یەکیەتیی ئورووپا، ڕێژەی کەسانی لەبەردەم مەترسیی هەژاری و بێبەشیی کۆمەڵایەتی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە ٣.٦%ەوە بۆ ٢٠.٩% زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیک بە ١٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس. لە فنلاند، لەم بەناو “شادترین” وڵاتەی دنیا، بە ئەندازەی دانیشتووانی پایتەختەکەی کە نزیک بە ٦٥٠ هەزار کەسە، خەڵکی هەژار بوونی هەیە. ڕەقەمێک کە بۆ وڵاتێکی پێنج و نیو ملیۆن کەسی جێگەی سەرەنجە. هەموو ئەمانەش لە حاڵێکدایە کە سەروەتی خاوەنانی کۆمپانییە گەورەکانی سەرمایەداری سەری لە ئاسمان داوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتەکان بۆ کڕینی چەک زۆربەیان ڕوو دەکەنە قەرز و بۆ دەربازکردنی کۆمپانییە قەیرانلێدراوەکان لە ماڵیاتی خەڵک دەبەخشتن و بە گشتی بۆ کۆمپانیاکان ماڵیاتی کەمتر لەبەرچاو دەگرن و هەموو ئەم خەرج و هەزینانەش بەسەر حەقدەست و ژیانی جەماوری کرێکار و زەحمەتکێشیدا دەسەپێنن.

لە سەردەمی گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنادا، دەوڵەتەکان بە گرتنەبەری سیاسەتی “قازانج بەرلە ژیان”، ملیۆنان ئینسانیان کردە قوربانی. ئێستا بە درۆی وەک ئەمنیەتی نەتەوەیی و بەرگری لە “ئازادی” و “سەربەخۆیی” یازاڕی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی شەڕیان داغتر لە ڕابردوو کردووە. لەحاڵێکدا کە خاوەنانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک بەتایبەت لە ئەمریکا، قازانجی سەدان ملیاردیان کرد، لە جەریانی هەر ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە لە ئۆکراین هەتا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە هەر دووک لا، گیانیان لەدەستداوە و یان برینداربوون. شەڕێک کە بەپێچەوانەی درۆ و فریوکاریی دەوڵەتانی ئورووپایی و ئەمریکا، کە بە شەڕ لەپێناو “ئازادی”ی ئورووپا و “سەربەخۆیی”ی ئۆکراین ناوی لێدەبەن، وەک هەموو شەڕ و داگیرکارییەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، هەروەک لەشکرکێشی بۆسەر عێراق و ئەفغانستان و بۆمبارانی لیبی و شەڕی نیابەتی لە سووریە و یەمەن و سوودان و شوێنەکانی تر، شەڕی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکانە لەسەر دابەشکردنی دووبارەی جیهان و پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان.

هەر کات حاکمانی ئەم نیزامە لەپێناو ئامانجی ئیمپریالیستی و داگیرکەرانەی خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵی قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگاکانی خۆیان لە گۆشە و کەناری جیهان شەڕ بەرپا دەکەن، لە ناو کۆمەڵگاکانی خۆشیاندا ڕێگا بۆ بەهێزبوونی ڕاستە توندئاژۆ و فاشیسەکان دەکەنەوە تا ئەم هێزانەش بە پەرەپێدانی بیری ڕاسیستی و توندوتیژی، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەرنگاری یەکتر بکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتەکان بە داسەپاندنی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری و هێنانەخواری بوودجەی خزمەتگوزاری و پەروەردە و قوربانیکردنی ژیان و بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هێنانەخواری ئاستی ماڵیاتی دەوڵەمەندەکان، درێژەی سیاسەتی شەڕنانەوە لە دەرەوەی سنوورەکان و سەرکوتی کرێکاران لەناوەوە و قازانجی زیاتری سەرمایەداران زەمانەت دەکەن.

لە بەرامبەر ئەم شەڕنانەوە و پەرەسەندنی نابەرابەرییانەدایە کە لە ئورووپا و ئەمریکا و شوێنەکانی تری جیهان شایەدی سەرهەڵدانی دووبارەی خۆڕاگری و خەباتی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لە شەڕ و قەیران و گرانین. مانگرتنی بێوێنەی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی و ناڕەزایەتی مامۆستایان و پەرستاران و کرێکارانی ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە ئەمریکا، ناڕەزایەتیی ملیۆنی لە فەڕانسە، مانگرتنی کرێکاران لە ئاڵمان، ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆکان لە وڵاتە جۆراوجۆرە ئورووپاییەکان، مانگرتنی پەرستاران لە بریتانیا، ناڕەزایەتی سەدان هەزار کەسیی مانگی سێپتامبر لە وڵاتی چێک دژبە ناتۆ و ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری لە فنلاند بەرامبەربە سیاسەتی دژەکرێکاریی دەوڵەت و دژبە ڕەگەزپەرستی و هێزی ڕاستی توندئاژۆ کە هێستاش بەردەوامە، هەر هەموویان نموونەی موقاومەت و خەباتی کرێکاران دژبە شەڕ، هەژاری، نابەرابەری و لە یەک کەلامدا دژبە نیزامی سەرمایەدارییە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەن کە دەتوانن بە فشار خستنە سەر دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان کۆتایی بە شەڕی ماڵوێرانکەری ئۆکراین بێنن و بە ڕێگری لە جنوونی شەڕی زلێهزەکانی سەرمایەداری، لە سەرهەڵدانی شەڕی جیهانیی سێهەم ڕێگری بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co