
لە کاتێکدا نیشانەکان باس لە پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی دەکەن لە بەرامبەر خواستەکانی دەوڵەتی ئەمریکادا، گوتەبێژی کۆشکی سپی دانوستانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە دانوستانێکی “بنیاتنەر” بۆ ئەمریکا وەسف کرد و سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا گەشبینیی خۆی دەربڕی. ئەم هەڵسەنگاندنە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە درێژەی گەمارۆکانی پێشوودا، ١٧ ناوەند، ٩ کەشتی و ٣ کەسی دیکەی لە مۆرە و دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم گەمارۆیانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی بەناو «گۆپاڵ و گێزەر»ی ئەمریکا دژ بە تێرۆریزم ناو بردووە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی گەرووی هورمز، بەدوای شکستی خولی یەکەمی دانوستانەکانی حەفتەی ڕابردووی ئیسلامئاباد و بە ئامانجی توندکردنەوەی گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە دانوستانەکانی پێشوودا ئەنجام دەدرێن. بەتایبەت کە ترامپ ڕایگەیاندووە هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە کە لە ڕۆژی ٢ی گوڵاندا کۆتایی دێت. ئەو ڕایگەیاندووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو لە پێشینەدایە. بۆیە پێدەچێت خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەم زووانە دەست پێبکاتەوە، کە تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر خواستەکانی وەک: کرانەوەی گەرووی هورمز، دەستبەرداربوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامە ناوکییەکەی، ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەرووی ٦٠٪، کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکانی و پاڵپشتینەکردنی گرووپە تێرۆریستییە ئیسلامییەکان. ئاژانسی «تەسنیم»ی سەر بە سوپای پاسداران بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە ڕایگەیاند کە «زیادەڕەوییەکانی ئەمریکا لە خواستەکانیدا، بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن». سەرباری ئەمەش، کۆماری ئیسلامی هیچ چارەیەکی نییە جگە لە پاشەکشە. ئێستا ئەمریکا بەکردەوە ئێرانی خستووەتە ژێر گەمارۆی دەریاییەوە و بەردەوامە لە چڕکردنەوەی هێزەکانی لە ناوچەی کەنداو. گەمارۆی دەریایی ئەگەرچی خۆی لە خۆیدا ناتوانێت گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان ئارام بکاتەوە، بەڵام دەتوانێت هەناردەکردن بەگشتی و هەناردەی نەوتی ئێران و هاوردەکردن بەتایبەتی ئیفلیج بکات و، کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی قەیران و تەنگژەی ئابووریی قووڵتر بکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی وۆڵستریت جۆرناڵ، لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بە ٦ هەزار هێزی سەربازییەوە پەیوەست دەبێت بە هێزەکانی ئێستای ناو کەنداو. ئەم چڕکردنەوەیە لە هێزی پڕتێچوو، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا بەم زووانە ناوچە ستراتیژییەکەی کەنداو جێناهێڵێت.
بێگومان کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، خواستی جەماوەری ئێران و ناوچەکەیە؛ شەڕێک کە زیاتر لە پێنج هەزار کوژراوی لە ئێران و لوبنان لێ کەوتەوە و بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونی هەزاران ناوەند و دامەزراوەی مەدەنی لە تۆڕەکانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و ئابووری، لەوانە: قوتابخانە، زانکۆ، ناوەندە دەرمانییەکان، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، گواستنەوە، کۆمەڵگە پێترۆکیمیاییەکان، کارگەکانی پۆڵا، بەندەر و پاڵاوگەکان، ناوچە نیشتەجێبوونەکان و هتد. ئەم شەڕە، قەیران و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی چەند هێندە نالەبارتر و قووڵتر کردووەتەوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لە پایەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، باری قورسی ئەم خەسارەت و مایەپووچییەش دهخاتە سەر سفرهی بەتاڵی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش. ڕژێمێک کە پێشتریش تێچووی قورسی دروستکردنی ناوەندە ناوکییەکان، کۆگاکانی چەکی مووشەکی و درۆنی، هێزی دەریایی و دابینکردنی خەرجیی هێزەکانی بەناو «میحوەری موقاوەمەت»ی، بە نرخی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و هەرزانکردنی هێزی کار بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی ئێراندا سەپاندووە.
میدیاکانی حکوومەت دان بەوەدا دەنێن کە لە ڕەوتی ئەم شەڕە چل ڕۆژەیەدا، ٢٠ هەزار مووشەک و بۆمبی ئیسرائیل و ئەمریکا ناوەندە سەربازی و بینا حکوومییەکانیان کردووەتە ئامانج و هەزاران ئامانجی دیکە کە کارگە، هێڵی ئاسن و بەندەرەکان لەخۆ دەگرن، بۆردومان کراون. شارەزایانی ئابووری تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وێرانییانە بە ٢٧٠ ملیارد دۆلار دەخەمڵێنن. ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە هیچ یەک لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان و بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناو ئێراندا بێئامانج نەبوون و، ناوەندە پیشەسازی و ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکانیان پێکاوه. بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی ئابووری، وێرانبوون و لەناوچوونی ناوەندە پیشەسازییەکان بە واتای لەناوچوونی ملیۆنان هەلی کارە کە بێکارییەکی بەربڵاوی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها پچڕانی ٥٠ ڕۆژەی ئینتەرنێت لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە، سەرباری پچڕانی پەیوەندیی خەڵکی سەرتاسەری ئێران بە یەکتر و بە دەرەوەی وڵاتەوە، بووە هۆی لەکارکەوتن و داخرانی دەیان هەزار پیشە و کار، و ژیان و بژێویی هەزاران بنەماڵەی خستە مەترسییەوە. سەرباری ئەمەش، لەبەر ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی تا ئێستا نەڕووخاوە، ئیدیعا دەکات کە لەم شەڕەدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وەک لایەنێکی ئەم شەڕە، خۆی شەریکە لە تاوانەکانی دەوڵەتە فاشیستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەپاندنی ئەم هەموو خەسارەت و زیانە ماڵی و گیانییانە، کە ئاسەوارە وێرانکەرەکانی تا دەیان ساڵی دیکە بەسەر ژیان و بژێویی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی ئێرانەوە دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە نەگبەتبارە، بەرهەمی سیاسەتی گەمژانەی کۆماری ئیسلامییە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا. ئەو سیاسەتانەی کە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران و ناوچەکە.
کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە بەرامبەر خواستەکانی ئەمریکادا پاشەکشە بکات و بە هەراوهوریای تەبلیغاتی، ئەم سازشە وەک سەرکەوتنێکی قارەمانانە بە گوێی خەڵکدا بدات؛ بەڵام لە شەپۆلی پەرەسەندووی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە پارێزراو نابێت. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەیە بووە هۆی پاشەکشەی کاتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران. بە کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەم شەڕە، ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانە قۆناغی ماندوویەتی و شەکەتیی دەرهاویشتەی شەڕ تێدەپەڕێنن و دووبارە دەگەرێنەوە مەیدان. ئەم شەڕە جارێکی تر سەلماندی کە ئازادی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئێران لە ڕێگەی دەستتێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و لە ڕێگەی بۆردومان و لە ئاسمانەوە نایەتە دی. ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی کرێکاران و خەڵکی ئێران تەنیا بە دەستی خۆیان و بە هێزی خۆیان مسۆگەر دەبێت.
ڕاپەڕینە جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردووش نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی کە هەیەتی، بە ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکانی سەر شەقام و ڕاپەڕینە بێڕێکخراوەکان ناڕووخێت؛ بۆیە دەبێت هۆشیارانە و بەرنامەدار، پێداویستییەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دابین بکرێن. خۆڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری و هەبوونی وێنایەکی ڕوون لەوەی کە چیمان دەوێت، ڕمزی پێشڕەوی و سەرکەوتنی خەباتە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. ئامادەیی ڕێکخراوەیی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەشێکە لەم پێداویستییانە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە