فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

عاتکە ڕەجەبی مامۆستای ناڕازی لە مەشهەد دەستگیر کرا
چوارشەممە ۲۰-۰۲-۱۴۰۲   |  10-05-2023

هاوکات لەگەڵ بانگەوازی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە بەشێک لە شارەکانی ئێران، “عاتکە ڕەجەبی”، مامۆستا و هاوڵاتی خەڵکی مەشهەد  ڕۆژی سێشەممە  ۱۹ی گوڵان، لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی ئەم شارە دەستگیر کراوە.

عاتکە ڕەجەبی له ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین جار هەڕەشەی لێکرابوو. لە دوای سەرکوتکردنی کۆبوونەوەی مامۆستایان، شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێک‌دا وێڕای مەحکووم کردنی هەر جۆرە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی توندوتیژیانە لەگەڵ مامۆستایان، دوای ئازاد کردنی سەرجەم مامۆستایانی بەندکراویان کرد. 

“عاتکە ڕەجەبی”، مامۆستا و  خەڵکی  خوراسانە کە ڕۆژی ۲ی ڕەزبەری ۱٤۰۱، بە بڵاو کردنەوەی گرتە ویدیۆیەک پەیوەست بوو بە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێرانەوە و لە پۆلەکان ئامادە نەبوو و دوای ئەمە حوکمی دەرکردن لەسەرکاری پێدرا. 

ئەم مامۆستایەی قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری مەشهەد لە کاردانەوە بەرامبەر دەرکردنەکەی بە نووسینی یاداشتێک، پەروەردەی ئێرانی بە دژە خەڵکی‌ترین ڕێکخراوە ناوبرد کە تا ئێستا بینیویەتی، ئەو  لەم یاداشتەدا نووسیویەتی “ئێوە منتان دەرنەکرد، بەڵکوو من ڕازی نەبووم هاوکاریتان بکەم”، و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: “ئێوە مادەی ۳۰ی دەستوورتان پشتگوێ خستووە و ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو ئەو خوێندکارانەی کە لە ژێر دەستی ئێوەدا خوێندوویانە، لە مافی یاسایی خۆیان بێبەش کراون. نەک تەنیان مافی مامۆستا بەو شێوەی کە شیاوە جێبەجێی ناکەن، بەڵکوو تەنانەت ئەو جۆرەی کە شایستەیە هەڵسووکەوت لەگەڵ مامۆستا ناکەن، بۆ ئەو مامۆستایانەی بیری ئازادیان هەیە و ڕێگای لێپرسینەوە و داواکردنیان گرتۆتە بەر، حوکمی قورستان پێداون و تۆمەتی پووچ و بێ‌ماناتان خستووەتە پاڵ  ئەم بەڕێزانە.”