فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

عێراق خوازیاری کشانەوەی خێرای هێزەکانی ئامریکایە
پێنجشەممە ۲۱-۱۰-۱۴۰۲   |  11-01-2024

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە بوونی هێزە نیزامیەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق بهێنێت.
سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق کاتی بۆ بوونی هێزە ئەمریکاییەکان لەو وڵاتە دیاری نەکردووە، بەڵام بوونی ئەو هێزانە لە گەرمەی گرژییەکانی ناوچەکە لە دوای شەڕی غەززە بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری.
گرووپە شیعەکان لە عێراق کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەمێژە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بکشێنەوە و لە سەرەتای شەڕی غەززەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا چڕتر کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر بنکەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ئەمە ئەو نیگەرانییەی دروست کردووە کە عێراق جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی ململانێکانی ناوچەکە.
محەممەد شیاع سوودانی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، پێویستە پێوەندییەکانمان ڕێک بخرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک نەبێت کە هیچ لایەنێک لە نێوخۆ یان دەرەوە یاری بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە بەرنامەی زەمانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێک تێگەیشتن دیاری بکرێت.
ئەمریکا ٩٠٠ سەربازی لە سووریە و ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جێگیر کردووە، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە.