عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” کە لە قافڵەی ڕەزا پەهلەوی و سێلێبریتییەکانی لایەنگری بۆ تویتی هاوبەش دواکەوتبوو، بەپەلە خۆی گەیاندە ئەم قافڵەیە و لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ١٠ی فێوریەی ٢٠٢٣ لە زانکۆی “جۆرج تاون”ی واشینگتۆن بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی کرد و لەگەڵ هاوپەیمانانی سەبارەت بە داهاتووی دیموکراسی لە ئێران و “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی” گفتوگۆی کرد”. میدیاکانی دەستی ڕاستیش بە شێوە و مێتۆدی هەتا ئێستایان هەوڵیان دا ئەم پڕۆژەیەی ڕاستترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێرانی بۆ پێکهێنانی بەدیل لە سەر سەری جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران وەک کۆبوونەوەی کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بە بیروڕای گشتی بناسێنن. ڕەزا پەهلەوی کە ڕێبەریی ئەم پڕۆژەیەی لەدەست دایە لە جەرەیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا سەرەتا هەوڵی دا دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” پشتگوێ بخات و بە هێنانەگۆڕی دروشمی پیاوسالارانە و ناسیۆنالیستیی “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی” ناوەرۆکی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە بگۆڕێت و بەلاڕێیدا بەرێت. لە درێژەدا بە سازماندانی باندە فاڵانژیستە سەڵتەنەتخوازەکان و هێرش کردنە سەر کۆبوونەوەی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە دەرەوە، ویستی ئاڵای شێر و خورشید ئەم هێمایەی کۆنەپەرستیی سەڵتەنەتی پەهلەوی بەسەر ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وڵاتدا بسەپێنێت. شازادە دواتر بە سازماندانی کەمپەینی “من وەکالەت دەدەم” و لە ڕاستیدا کەمپەینی “خۆبەچکۆلە دانان” و بەیعەت گرتن لەژێرناوی وەکالەتی سیاسی، هەوڵیدا پڕۆژەی سەپاندنی ئۆتۆریتەی تاکەکەسیی خۆی بەڕێوەبەرێت. ڕەزا پەهلەوی ئێستا و لە درێژەی ئەم هەوڵەدا بە یارمەتیی مەحافل و میدیا ئەمپریالیستییەکان و لەڕێگەی بەرپاکردنی کۆبوونەوەی سێلێبریتییەکانی لایەنگری لە زانکۆی جۆرج تاونی واشینگتۆن و بە وەڕێخستنی ئۆتوبووسی بەخۆڕایی بۆ پەیوستبوونی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، پڕۆژی ئاڵتێرناتڤسازیی خۆی بەرەوپێش دەبات. عەبدوڵڵا مۆهتەدی و ڕێکخراوە دڵخوازەکەی پاش جیابوونەوە لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی بەخێرایی لە بنەمای فکری و سوننەتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵە فاسلەی گرت و کەوتە پەراوێزی حیزبە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان. ئەو لەئێستادا لە مەسیری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ئێرانی و سەڵتەنەتخوازەکان لەپێناو بەلاڕێدابردنی ئامانجی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران و بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، وەپێش حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکانی دیکە لە کوردستان کەوتووە. عەبدوڵڵا مۆهتەدی و ئەو سێلێبریتییانەی کە بە بێ کڕینی بلیت سواری ئۆتۆبووسی خۆڕایی شازادە بوون بۆ بەرێوەبردنی پڕۆژەی پێکهێنانی بەدیل لەسەر سەری خەڵکەوە، ئاگادار بن کە وەک پاساوکارانی جەنایاتی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی لە بەرامبەر خەڵکی ئێراندا دەبێ وڵامدەرەوە بن و تاوانەکەی بدەن.
“ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” بە ڕێبەریی عەبدوڵڵا مۆهتەدی پێشتر و دوای یەک دەورە هەوڵی ئاشکرا و پشتی پەردە لەگەڵ هێندێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕۆژئاوا سەرەنجام لە کۆتاییەکانی سێپتامبری ٢٠١٩ لە کۆبوونەویەک لە بینای “ئەمپریاڵ کاڵێج”ی لەندەن “شۆرای مودیریەتی گوزار”یان دامەزراند. ئەگەرچی لە بەڵگەکانی ئەم شۆرایەدا هاتووە کە “لە نیزامی دیموکراسیی دڵخوازیاندا، مافی دەسەڵاتداری نە مەورووسییە و نە ئیلاهی و نە سەرچاوەگرتوو لە هیچ مەکتەب و مەسلەک و ئیجبار و دەسەڵاتێک لە دەرەوەی ئێرادەی هاووڵاتییان”، بەڵام هەر ئەوکات حەسەن شەریعەت مەداری بەڕێوەبەری گشتیی ئەم شۆرایە ڕایگەیاند کە دژایەتیی ئەم بەڵگەیە لەگەڵ مافی دسەڵاتی “مەورووسی” لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی ئێراندا “بەهیچ شێوەیەک” بەمانای وەلانانی سەڵتەنەتخوازان لە “شۆرای مودیریەتی گوزار” نییە و ئەوان لەم شۆرایەدا بەشدارن. لەو قۆناغەدا حزووری سەڵتەنەتخوازان و کەسانێکی وەک سازگارا و … لەناو “شۆرای مودیریەتی گوزار” و ڕاگەیاندنی دەستبەکارکردنی لە سەردەمێکدا کە دەوەڵەتی ترامپ باسی لە سەپاندنی زۆرترین گوشار بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکرد تا حدوودێک ماهییەت و کارکردی ئەم بەدیلە تازە دامەزراوەی نیشان دا. هەربۆیە دیدار و هەستان و دانشتنی عەبدوڵڵا مۆهتەدی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان لەگەڵ سەڵتەنەتخوازان لە چوارچێوەی “شۆرای مودیریەتی گوزار” و تەنانەت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە دیاردەیەکی تازە نییە. ئەوەیکە تازەیە، شیفتە بوونی لەڕادەبەدەری ئەوە بۆ پێناسەکرانی لەگەڵ بەرەی ڕەزا پەهلەوی و پەیوەستبوونی بە پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازیی شازادە کە تەنانەت هێڵە سوورەکانی “شۆرای مودیریەتی گوزار”یشی تێپەڕاندووە.
ئەگەرچی ڕەزا پەهلەوی، ئەم میراتگرەی ناوبانگی بنەماڵەی پاشایەتی، گەلێک جار پێبەندبوون بە “پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران”ی وەک مەرجی هەرجۆرە هاوکارییەک پێناسە کردووە، بەڵام ئەم مەرجە پاوانخوازانەیەی ناسیۆنالیسمی ئێرانی و ئۆتۆریتەخوازیی ئەم میراتگرەی بنەماڵەی پەهلەوی، هیچ لە شیفتە و شەیدابوونی عەبدوڵڵا مۆهتەدیی بۆ هاوڕێ بوونی لەگەڵ شازادە و پڕۆژەکەی کەم نەکردووەتەوە. هەر کەس لە ئێران بڕێک لە سیاسەت تێ بگات دەزانێ کە تەئکیدکردن لەسەر پەکپارچەیی خاکی ئێران ناوی ڕەمزی دژایەتی لەگەڵ دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە کوردستان و ناوی ڕەمزی دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە خەباتێکە بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی لەژێرناوی موخالفەت لەگەڵ جیاییخوازی. بەڵام بۆچی عەبدوڵڵای مۆهتەدی لە بەرامبەر پاوانخوازیی ناسیۆنالیسمی ئێرانیدا بەمجۆرە بێ دەسەڵات و داماوە؟ ئەم داماوییە نەک لە ڕووی خەسڵەت و مەزنخوازیی تاکەکەسی، بەڵکوو بەر لە هەموو شتێک لەڕووی پێگەیەک کە ناسیۆنالیسمی کورد تێدابووە، دەکرێ ڕوون بکرێتەوە.
ناسیۆنالیسم ئایدیۆلۆژی و ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەروەک باقیی کۆمەڵگاکانی دیکە هاوزادی سەرهەڵدان و گەشەی نیزامی سەرمایەداری بووە. حیزبی سیاسی و کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسیی جۆراوجۆر بە پێی ئەم ئایدیۆلۆژییە و لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە دامەزراون و ئامادە کراون. ئەم ئایدیۆلۆژییە خاوەنی جیهان بینی، ستراتێژی سیاسی، کلتوور و سوننەتی تایبەت بە خۆیەتی. مێژووی گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری نیشانی داوە کە ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی ناسیۆنالیسم بە پێی پێویستیی سەرمایەداری بە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و پاوان کردنی ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سنوورە دیاریکراوەکان و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانە بەزەبری هێزی جەماوەری خۆجێیی، شکڵی گرتووە. ناسیۆنالیسم، کلتوور و ئەدەبیات و هونەر و سەمبۆلی تایبەت بەخۆی بۆ ئاسان کردنەوەی بابەتی هێنانە مەیدانی جەماوەر لە خزمەت وەدیهێنانی ئەم ئامانجە چینایەتییە خوڵقاندووە. بەڵام ئەمڕۆ کە لەگەڵ گەشەی بەرچاوی سەرمایەداری و جیهانی بوونەوەی ئەم سیستمە، هەموو سنوورێک بەرەوڕووی حەرەکەتی کاڵا و سەرمایە کراوەیە، پایە ئابوورییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە لە گشت جیهان خەریکە لەناودەچێت و ئەساسەن وەک ئایدیۆلۆژییەک لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژ و لە سەرخانی کۆمەڵگا و لە مەیدانی کلتوور و ئەدەبیات و هونەردا، درێژە بە حەیاتی خۆی دەدات. مانەوەی ستەمی نەتەوایەتی لە گۆشە و کەناری جیهان، هێستا پۆتانسییەلی حزووری ناسیۆنالیسمی لە بواری سیاسیدا پاراستووە.
لەژێر کاریگەریی ڕۆەوتی جیهانی بوونەوەی سەرمایەداری، سەرمایەدارانی کوردیش تەنانەت بەویژدانترینیان بەدوای هێزی کاری هەرزان و لەپێناو قازانجی زیاتر سنوورەکان پشت سەر دەنێن. بەخاتری هەر ئەم گۆڕانکارییانە بورژوازیی کوردیش ئەنگیزەی چینایەتیی خۆی بۆ پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی لەچوارچێوەی سنووری جوگرافیای دیاریکراو و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانەی لەدەست داوە و بەم هۆکارە ئەنگیزەیەکی بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی نییە. ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستانیش بە حوکمی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، خۆیان لەگەڵ ئەم ئاراستە و ئاواتانەی پێگەی چینایەتیی خۆیان ڕێکخستووە و لەجیاتی ئەوەیکە لەناوبردنی ستەمی نەتەوەیی بکەنە ئامانجیان، تەنیا بە بەدەستهێنانی بەشێک لە دسەڵاتی مەحەلی، ئەویش لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت، ڕەزایەت دەدەن. ڕیشەی هەوڵی ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان و لەوانە ڕێکخراوی عەبدوڵڵای مۆهتەدی بۆ نزیکبوونەوە لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و دووی خوردادییەکان لە سەردەمێکدا کە دەسەڵاتیان بوو و پاشان ئۆپۆزیسیۆنی بوروازی لایەنگری ڕۆژاوا و لەم دوایانەشدا سەڵتەنەت خوازان و ڕەزا پەهلەوی و ئامادە بوونیان بۆ سازان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی بێ ئەرزش، پێویستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ستراتێژییەی ئەوان شیبکرێتەوە.
ئێستا دەمێکە نەمانی ستەمی نەتەوەیی بۆ “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” و سکرتێرەکەی و باقیی ئەحزاب و هێزە ناسیۆنالیستەکان ئامانج نییە، ئەوەیکە بە شوێنێوەن، هەبوونی سەهمە لە حاکمیەتی مەحەلی لەپەنا دەوڵەتی مەرکەزییەوە. ئەگەر سەردەمانێک لایان وابوو کە لەڕێگەی نزیکبوونەوە لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و لەڕێگەی سازان لەسەرەوە لەگەڵ حکوومەت بەم ئامانجە دەگەن، ئێستا لەو باوەڕە دان کە لەڕێگەی هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕۆژاوا و سەڵتەنەتخوازان و بە بەرتەسک کردنەوەی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و یان بە دەخاڵەتدانی دەسەڵاتە گەورەکان ئەم ئامانجەیان دێتە دی. ڕەوت و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی ئێران بەپێی هەڵوێستێک کە هەتا ئێستا گرتوویانە بەر، دانی هەر جۆرە ئیمتیازێک لەبواری کەمکردنەوەی ستەمی نەتەوەیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە مەترسیدار دەزانن. ئەوان مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووس بەڕەسمی ناناسن. ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردستان بەبێ ئەوەیکە لەلایەنی بەرامبەریان هیچ قەول و تەزمینێکیان وەرگرتبێ، داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان هەڕاج کردووە. عەبدوڵڵا مۆهتەدی لە ئێستادا بۆ بەشداربوونی لە دەسەڵات لەسەر دەورونەخشی ئیحتمالیی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی لایەنگری ڕۆژاوا و ستەڵتەنەتخوازان لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی دوای کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیکردنی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا لێیان حیسابی کردووەتەوە. بەڵام ئەوەیکە هەر لەئێستاوە ڕوونە ئەم حەقیقەتەیە کە نزیکی و هاوپەیمانیی عەبدوڵڵا مۆهتەدی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لایەنگری ڕۆژاوا و ڕەزا پەهلەوی هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندی خەباتی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە ئێران نییە.
لە بەرامبەر ئەمجۆرە پڕۆژانەدا، پێویستە هەوڵی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەئاستی سەرانسەری و لە کوردستان بۆ پەرەپێدانی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی و پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی بەهێزتر بکرێت.