
لە نۆزدەیەمین ڕۆژی شەڕی کۆنەپەرستانەدا، ئیسرائیل دامەزراوەکانی وزەی لە عەسەلوویە و کێڵگەی گازی “پارسی جنووبی” بۆردومان کرد؛ ئەو هێرشانەی کە نەک هەر ژێرخانە هەستیارە ئابوورییەکانیان کردە ئامانج، بەڵکوو جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماند کە لە لۆژیکی شەڕەکاندا، هیچ سنوورێک لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و ژینگەی ژیانی مرۆڤەکاندا بوونی نییە. عەسەلوویە تەنیا خاڵێکی پیشەسازی نییە، بەڵکوو یەکێک لە گرنگترین ناوچە کرێکارییەکانی ئێران دێتە ئەژمار؛ شوێنێک کە تێیدا دەیان هەزار کرێکار لە پاڵاوگەکان، پترۆشیمییەکان و پڕۆژەکانی وزەدا خەریکی کارن. بۆردومانی ناوچەیەکی وا، ڕاستەوخۆ ژیان و بژێویی ئەم هێزەی کار دەکاتە ئامانج و لە هەمان کاتدا، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی ئەم دامەزراوانە، لێکەوتەی کارەساتباری ژینگەیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و ئیکۆسیستەمی دەوروبەری لێ دەکەوێتەوە.
هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە لە عەسەلوویە و پارسی باشوور، تەنیا ڕووداوێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو دەبێت ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی لۆژیکی گشتیی شەڕە ئیمپریالیستییەکان، ململانێ ژیۆپۆلەتیکییەکان و ئەو پەیوەندییە چینایەتییانەدا هەڵبسەنگێندرێت کە بەسەر بواری بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداریدا لە ناوچەکەدا زاڵن. ئەوەی لەم هێرشانەدا بەرجەستە دەبێتەوە، تەنیا وێرانکردنی ژێرخانە هەستیارەکان نییە، بەڵکوو ئاشکراتربوونی پێگەی هێزی کارە لە هاوکێشەکانی شەڕ و سەرمایەدا؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا کرێکاران، وەک بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی سامان، لە هەمان کاتدا بێدەرەتانترین قوربانییانی ئەم پەیوەندییانە دەمێننەوە. ئەم بێبایەخییە بە گیانی مرۆڤەکان نە “هەڵەیە” و نە “حاڵەتێکی تایبەت”، بەڵکوو بەشێکە لە سروشتی شەڕ؛ ئەو شەڕانەی کە تێیاندا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا نییە. هەر بۆیە، ئەو بانگەشانەی باس لە “هۆشدارییە مرۆییەکان” یان “کەمکردنەوەی قوربانییە مەدەنییەکان” دەکەن، دەبێت لە چوارچێوەی دەزگای ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتدا شیکارییان بۆ بکرێت. ئەم هۆشدارییانە، زیاتر لەوەی هەوڵێکی ڕاستەقینە بن بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان، ئەرکێکی پڕوپاگەندەییان هەیە و ئامرازێکن بۆ بەرهەمهێنانەوەی ڕەوایەتیی شەڕ لە بیروڕای گشتیی جیهانیدا.
پارسی جنووبی وەک گەورەترین کێڵگەی گازی جیهان، نەک هەر تەنیا سەرچاوەیەکی وزەیە، بەڵکوو ناوەندێکی ستراتیژییە لە ئابووریی سیاسیی ئێران و ناوچەکەدا. چڕبوونەوەی دامەزراوە زەبەلاحەکانی گاز، پاڵاوگەکان و پیشەسازییە پترۆشیمییەکان لە عەسەلوویە، ئەم ناوچەیەی کردووەتە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی بەها . لە وەها هەلومەرجێکدا، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەم ژێرخانانە، ڕاستەوخۆ بە مانای بەئامانجگرتنی ڕەوتی کەڵەکەی سەرمایە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئابوورییە. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی لە شیکارییەکان و ڕاگەیاندنەکانی ڕەوتی زاڵدا پەراوێز دەخرێت، ئەو ڕاستییەیە کە ئەم “ژێرخانانە” بێ بوونی هێزی کاری زیندوو، و بێ ئامادەیی هەزاران کرێکار، هیچ مانایەکیان نییە.
لەم نێوەندەدا، کۆماری ئیسلامی و پێکهاتە ئابوورییەکەی، بە پشتبەستن بە کاری هەرزان، گرێبەستی کاتی، و هەلومەرجی کاری نامرۆڤانە، عەسەلوویەی کردووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی دڕندانەترین چەوساندنەوە لە ئێراندا. ئەو کرێکارانەی لە بێبەشترین ناوچەکانی وڵاتەوە ڕاپێچی ئەم ناوچەیە کراون، لە بارودۆخێکدا کار دەکەن کە تەنانەت لە دۆخی ئاساییشدا ڕووبەڕووی مەترسیی جددیی گیانی و سەلامەتی دەبنەوە. ئێستا، بە بۆردومانی دامەزراوەکان و ئەگەری دزەکردنی گازی ژەهراوی، پیسبوونی بەربڵاوی هەوا و ئاو، و وێرانبوونی ژینگەی ناوچەکە، ئەم مەترسییانە نەک تەنیا کرێکاران، بەڵکوو سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکەش دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و هەمیشەییەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وێناکردنی کرێکارانی عەسەلوویە تەنیا وەک قوربانی، وێنایەکی ناتەواو و یەکلایەنەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا، هەر ئەم کرێکارانە چەندین جار لە شێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراودا، دژی هەلومەرجی کار، حەقدەستی نادادپەروەرانە و سیستەمی پەیمانکاری هاتوونەتە مەیدانەوە. مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کرێکارانی پڕۆژەییی نەوت و گاز، کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا تەشەنەیان سەند، نیشانی دا کە ئەم بەشەی چینی کرێکار نەک هەر خاوەنی توانایەکی بەرزی خۆڕێکخستنە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکاندا. سەرەڕای ئەوەش، لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا، لەوانەش ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بەشێک لەم کرێکارانە بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕێگەی هاوپشتی و پشتیوانییەوە، گرێدراویی نێوان خەباتی ئابووری و سیاسییان بە شێوەیەکی بابەتیانە نیشان دا. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە لە جەرگەی بارودۆخی سەرکوت و چەوساندنەوەشدا، هۆشیاریی چینایەتی و بەرخۆدان لە حاڵی گەشەدایە.
ڕەهەندێکی دیکەی ئەم ڕووداوە، مەسەلەی سانسۆر و کۆنترۆڵی زانیارییەکانە. لە هەلومەرجێکدا کە ئینتەرنێت سنووردار دەکرێت یان دەپچڕێندرێت و میدیا سەربەخۆکان دەرفەتی چالاکییان نییە، ڕاستییەکان بە ئاسانی دەشاردرێنەوە. ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوان، برینداران و بێسەروشوێنان، بەتایبەتی لە نێو کرێکاراندا، ڕەنگە هەرگیز بەتەواوی ڕوون نەبێتەوە. ئەم پەردەپۆشکردنە، بۆ خۆی بەشێکە لە میکانیزمی سوڵتە؛ چونکە بێناو و نیشان مانەوەی قوربانییان، دەرفەتی شکڵگرتنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدان لاواز دەکات. شەڕ ناکرێت تەنیا لە بڕیارە سیاسی یان سەربازییەکاندا کورت بکرێتەوە. لە کۆتاییدا شەڕ درێژەی سیاسەتە بە ئامرازی دیکە؛ سیاسەتێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ململانێ مادییەکان و بەرژەوەندییە چینایەتییەکاندا هەیە. لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە سەرچاوەکانی وزە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە ئابووریی جیهانیدا هەیە، ئەم ململانێیانە بە شێوەیەکی سەختتر و توندوتیژتر سەرهەڵدەدەن. هێرشکردنە سەر عەسەلوویە دەبێت لە چوارچێوەی کێبڕکێی کۆنترۆڵکردنی ئەم سەرچاوانە و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەیاندا لێک بدرێتەوە.
لەم نێوەندەدا، چینی کرێکار لە دۆخێکی دژبەیەک و ناکۆکدایە. لە لایەکەوە، بەرهەمهێنان و مانەوەی ئەم سیستەمە وابەستەی هێزی کاری ئەوە؛ لە لایەکی دیکەوە، ئەو هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر چارەنووسی خۆی و بەرهەمی کارەکەیدا نییە. لە کاتی شەڕدا، ئەم ناکۆکییە دەگاتە لوتکە: ئەو کرێکارانەی لە بارودۆخێکی تاقەتپڕووکێندا بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی وزە، خۆیان دەبنە یەکەمین قوربانیی هێرشەکان. ئەم بارودۆخە، بە ڕوونی دەریدەخات کە ڕزگاریی ڕاستەقینە گرێ دراوە بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا.
هێرشکردنە سەر عەسەلوویە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ڕووداوێکی دیاریکراو و سنووردارە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاوێنەیەکە کە تەواوی نەزمی بەرقەرار لەخۆیدا نشان دەدات؛ نەزمێک کە تێیدا مرۆڤەکان دەبنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و سەرمایە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەروەک چۆن ئەزموونی مانگرتنەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانەوە نیشانی داوە، هەر ئەم چینی کرێکارە دەتوانێت ببێتە ئەو هێزەی کە نەک هەر لە دژی شەڕ و وێرانکاری دەوەستێتەوە، بەڵکوو ئاسۆی نەزمێکی نوێش دەخاتە ڕوو؛ نەزمێک کە تێیدا ژیانی مرۆڤ و کەرامەتی ئەو، لە سەرووی هەر جۆرە تێڕوانینێکی قازانجپەرستانە و دەسەڵاتخوازانەوە بێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە