شەوی سێشەممە ١٨ی مانگی گوڵان ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە وتووژێکی تەلەڤیزیۆنیی پڕ لە هەڵیت و پڵیت، بە بێ سەرەنجدان بە ناوەرۆکی پرسیارەکان هەوڵی دا شکست و ناکارامەیی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی پاساو بکات. ئەو بە وشەی بێ ناوەرۆکی وەک “عەقڵانییەتی ئینقلابی” و “وەعدەی سادق” کە مەبەستیان هاویشتنی مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیلە، ویستی کێشە و قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامی داپۆشێ. هەروەها ڕەئیسی لەم وتووێژەدا هەوڵی دا بڵێ کە هەموو ئەو سیاسەتە ناوخۆیی و ناوچەییانەی کە تووشی شکست بوون لەلایەن هەموو باڵەکانی حکوومەتەوە لەپێناوی بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی داڕێژراون و خامنەیی و شەخسی ئەو خەتابار نین. مەبەستی ڕەئیسی لە “عەقڵانییەتی ئینقلابی” یان هەمان “سەبری ڕاهبۆردی” پاساوکردنی شازش و پاشەکشەیە لە سیاسەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە بەرامبەر ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری. بەڵام ڕەئیسی هەوڵی دا ئەم بابەتە بۆ داپۆشینی داماوی و بێتوانایی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر هەموو کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەکار بهێنێت. ئەو قەیرانانەی کە ڕژیم هەتا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاکامەکانی بێجگەلە کوشتار و سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە هیچ وڵامێکی نەبووە.
هەروەها لەم چاوپێکەوتنەدا ڕەئیسی لەم قسانە بۆ هێرشکردنە سەر باڵی ڕەقیب لەناو حکوومەت کەڵکی وەرگرت. ئەو بە چاولێکەری لە خامنەیی، سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی باڵی بناژۆخوازی لەژێرناوی “عەقڵانییەتی ئینقلابی و بەڵێنی ڕاستگۆیانە” بەرامبەر بە “دیپلۆماسیی پاڕانەوە”ی دەوڵەتی ڕووحانی بەکارهێنا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە پەیوەند لەگەڵ دانوستانی ئەتۆمی ڕژیم لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان، دیاریکردن و بەڕێوەبردنی ئەم بوارە هەمیشە لەلایەن ڕێبەری سپای پاسداران و شەخسی خامنەییەوە ئەنجام دراوە. لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا هەر کات حکوومەتی ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە کەوتووەتە ژێر فشارەوە و ناچار بە تەسلیم و پاشەکشە بووە، بۆ پاساوکردنی ناوی دووڕوویانە و فریوکارانەیان بۆ دۆزیوەتەوە. لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا کە حکوومەتی ئیسلامی لەژێر گوشاردا ناچار بە تەسلیم و پاشەکشە بوو، ناویان نا “نەرمشی قارەمانانە” و لەئێستاشدا ناوی “عەقڵانییەتی ئینقلابی”یان بۆ سازان و پاشەکشەکردن لە سیاسەتی فراوانخوازی و داگیرکەرانە لە ناوچەکە دۆزیوەتەوە. ئاشکرایە کە لە پێکهاتەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا، دەوڵەتەکانی خاتەمی و ڕووحانی و ئەحمەدی نەژاد یان ڕەئیسی ڕۆڵێکی وایان لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا نەبووە. محەممەد خاتەمی خۆی بە تەداڕوکچی پێناسە دەکرد و جەوادی زەریف وەزیری دەرەوە لە ساڵی ١٣٩٩ لە وتووێژێکدا وێڕای دانپێدانان بەم ڕاستییە وتی: ”کاتێک دەکەومە بەرامبەر جیهان نوێنەری دەسەڵاتم و ناچارم لە کردەوەکانی دیفاع بکەم. چ لەگەڵیان موافق بم یان نەبم. هەتا ئێستاش لە هێندێک کردەوە دیفاعم کردووە کە بە باوەڕی من بە قازانجی وڵات نەبوون”.
ئیدیعایەکی گاڵتەجاڕانەی دیکەی ڕەئیسیی قاتڵ لەم وتووێژەدا ئەوە بوو کە ئەوان بە “عەقڵانییەتی ئینقلابی” لە بەرامبەر دیپلۆماسیی پاڕانەوە، بە هاوکاریی “مەیدان و دیپلۆماسی” و بە عەمەلیاتی “وەعدەی سادق” کە بریتی بوو لە هاوپشتیی چەند مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیل، توانیویانە سێبەری شەڕ لەسەر وڵات لابەرن. یەکەم، لەم بەناو کاردانەوەیەی ڕژیمدا، تەقریبەن هەموو مووشەک و درۆنەکان بە هاوکاریی ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی خرانە خوارەوە. دووهەم، ئەم هێرشەی ڕژیمی ئیسلامی پاش ڕەزامەندیی ئەمریکا و بە ئاگاداریی ئیسرائیل ئەنجام درا و لەسەر سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە ڕژیم هیچ کاریگەرییەکی نەبوو. سێهەم، سێبەری شەڕ ئەگەر بەسەر سەری خەڵکی ئێرانیشەوە بێت، هۆکارەکەی سیاسەتی زێدەخوازانە و شەڕخوازانەی خودی حکوومەتی ئیسلامییە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئیجازەی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئەم عەمەلییاتە بەشێک لە ئیمتیازێک بوو کە دەوڵەتی ئەمریکا کە لەئێستادا خەریکی سات و سەودا ڵەگەڵ ڕژیمە، بە کۆماری ئیسلامیی دا تا لە سەرشۆڕیی زیاتری کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە ناوەوە ڕێگری بکات و ڕژیم بتوانێ بۆ پڕۆپاگەندای ناوخۆیی کەڵکی لێوەربگرێت.
ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە درێژەدا بە ئامانجی سەرپۆش دانان لەسەر شکست و بێتوانایی خۆی لە پێگەی سەرۆک کۆماردا بەوپەڕی بێشەرمییەوە دەستی کرد بە درۆودەلەسە سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە و بۆ خەڵکی ئێران بەتەواوی ڕوونە و واقعییەت شتێکی ترە. بۆ نموونە ئیدیعای ئەوەی کرد کە دەوڵەت توانیویەتی کێشەی ڤاکسینی کۆرۆنا چارەسەر بکات. بەڵام کەسانی تر دەیانهەویست لەڕێگەی “دیپلۆماسیی پاڕانەوە” بە چەند پەیوەندیی تەلەفونی کێشەکە چارەسەر بکەن کە مەرگی ٧٠٠ کەسی لێکەوتەوە. ئەوەش لەحاڵێکدابوو کە ئەوکات خامنەیی ڕایگەیاند: ”هێنانی ڤاکسینی ئەمریکا و ئینگلیس بۆ وڵات قەدەعەیە. وە بەمجۆرە نەک ٧٠٠ کەس بەڵکوو زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
لەوەش گاڵتەجاڕتر درۆودەلەسەی ڕەئیسی لەبواری دەستکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بوو. لە حاڵێکدا کە قەیرانی ئابووریی ڕژیم ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگای بەرەوڕووی مەترسیی جیددی کردووەتەوە، لە حاڵێکدا کە تەوەرۆمی خۆراک گەیشتووەتە سەرووی ٦٠%، لە حاڵێکدا کە دابەزینی بەهای ڕیاڵ توانای کڕینی یەکجار هێناوەتەوە خوارێ و سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری گەیاندووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن و شۆرای باڵای کاری ڕژیم لانیکەمی حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری دیاریکردووە، ڕەئیسی قاتڵ بە خۆگێلکردنی ئاخوندی ئیدیعا دەکات کە ئاکامێکی تری “عەقڵانییەتی ئینقلابی” ئەوەیە کە وڵامی قەیرانی ئابووریی داوەتەو و حکوومەتی ئیسلامی بە ڕەونەقی ئابوورییەوە لە حاڵی پێشڕەویدایە و هەر ئەم بابەتەش “دوژمنی” تووڕە کردووە. لە کاتێکدا کە قەیرانی مەسکن زۆرێک لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی بێ خانە و لانە کردووە و خەڵک لە کارتۆن و قەبر و لەژێر پرددا دەخەون، ڕەئیسی بێشەرمانە دەڵێ: ”لەڕێگەی عەقڵانییەتی ئینقلابییەوە دەوڵەت سەرکەوتووانە هەنگاوی هەڵگرتووە و شایەدی ئەوەین کە لە ئێراندا ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار مەسکەن دروستکراوە. لە سەرەتای کاری ئەم دەوڵەتەدا وتم کە دەبێ هەموو ساڵێ یەک ملیۆن پیشە پێکبێنین. ئەم کارەمان کردووە و لەئێستادا بێکاری لە هێندێک لە ئوستانەکان گەیشتووەتە ٥ لەسەد. هەوڵمان دا فشار نەکەوێتە سەر توێژە کەمداهات و لاوازەکان. هەربۆیە حەقدەست و مووچەی خانەنشینانمان دوو سێ بەرابەر کردووە. هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاند کە پێکهاتەی گەندەڵ ئیسلاح دەکەین و بۆ یەکەم جار دوای ٤٥ ساڵ ئەمە ڕوویداوە و هیتر. ڕەئیسی لە کۆتایی هەڵیت و پڵیتەکانیدا وتی: ”بێگومان خەڵک کێشەیان هەیە بەڵام حزووری ٩ ملیۆن کەس زیارەتکار لە کەنار بارەگای ئیمام ڕەزا و بەشداریی ٢٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ڕابردوو لە ڕووداوە فەرهەنگییەکان لەوانە نەمایشگاکانی قورئان نیشانەی شادبوونی خەڵکە. دەوڵەت بۆ پێکهێنانی شادیی کۆمەڵایەتی بەتایبەت بۆ نەسلی کچان و کوڕانی لاو هەنگاوی زیاتر هەڵدەگرێت. بەڵام ڕەئیسی هاوکات فەرامۆشی نەکرد کە هەڕەشە بکات و بڵێ حیجاب ئەرکێکی ئایینی و یاساییە و ژنان دەبێت ڕەچاوی بکەن.
بێگومان ڕزگاریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە چنگ وەها دەسەڵاتێکی ساختەکار، تاوانکار و دژەئینسان تەنها بە درێژە و گەشەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بەتایبەت بە پەرەپێدانی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێران، ڕێکخستنی ئەم خەباتە و بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە دێتە دی.