ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕاپێچی زیندانی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنیەتی میللی”، “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “تێكدانی کەرەستەی گشتی” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درابوو.
لقی ٢٦ی دیوانی باڵای ڕژیم بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی فەرزاد مەحموودپوور بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بە دۆسییەکەی، حوکمی دادگای سەرەتاییان پشتڕاست کردەوە و ئەم سزایە لە ١٨ی ڕێبەنداندا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانان، فەرزاد مەحمودپوور پاش ١١ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد بوو.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە.
شایانی باسە کە ئەم لاوە ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا.