فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

فەرمانی “ئاتەش بە ئیختیار” بەرانبەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان
چوارشەممە ۱۶-۰۱-۱۴۰۲   |  05-04-2023

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنانی تێکۆشەر دژبە هێرشی دەسەڵاتی کۆنەپەرست بۆ پاشەکشەپێکردن بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بۆ جارێکی تر شەقام و ناوەندەکانی کاری ڕژیمیان کرد بە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و دیفاع لە ماف و ئازادی و کەرامەتی ئینسانییان. حەوت مانگ دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانە ڕژیمی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی هەروا لە هەوڵی ئەوەدایە تا بە گرتنەبەری سەرکوت و جەنایەت و پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت درێژە بە دەسەڵاتی گەندەڵی بدات. بەدوای ڕسوایی و شکستی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی مەسموومکردنی کچان لە مەدرەسە و زانکۆکان کە لەماوەی سێ مانگدا هەزاران منداڵ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە مەسمووم کران، ڕژیم لەئێستادا بەشوێن شێوازی جەنایەتکارانەی دیکەوەیە بۆ خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی ژنانی خەباتکار بەئامانجی داسەپاندنی حیجابی ئیجباری، ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژنان. حاکمانی داماوی ڕژیمی ئیسلامی دەیانهەوێ بۆ جارێکی تر بە گرتنەبەری وەحشیگەری و تاوان، خۆڕاگری و خەباتی پێشڕەو و ئازادیخوازانەی ژنان تێکبشکێنن و ئەوان ناچار بە بێدەنگی و قەبووڵکردنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی ئیسلامی بکەن. بەرپرسانی دەزگاکانی تەحمیق و سەرکوت بۆ پاراستن و مانەوەی دسەەڵاتی ئیسلامی بە پەیڕەوی لە فەرمانی خامنەیی بەنیازن بۆ جارێکی تر ئاتەش بە ئیختیارانی بەکرێگیراوی بەسیج و دەزگاکانی سەرکوت بۆ جەنایاتی وەک ئەسیدپاشی و هیتر، لە گیان ژنانی ئازادیخواز بەردەن.

ئیراهیم ڕەئیسیی قاتڵ ڕۆژی شەممە دوازدەی خاکەلێوە لە وتارێکدا لە “نومایشگای قورئان” بۆ جارێکی تر لەسەر سیاسەتی سەرکوتی ڕژیم بۆ داسەپاندنی حیجاب بەسەر ژنان تەئکیدی کرد و بە ئیلزامی، قانونی و شەرعی و زەروورەتی دینی و ئیلاهی وەسفی کرد و وتی: “هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بە هەر ڕوانگە و ئاراستەیەکەوە پێویستە حیجاب ڕەعایەت بکەن. ئەو کەسانەی باوەڕیشیان پێی نییە پێویستە یاسای حیجاب ڕەچاو بکەن چونکە حیجاب تاک و کۆمەڵ لە هەموو جۆرە گوناح و هەڵەیەک دەپارێزێ”. ڕەئیسی خۆشی دەزانێ کە لە کۆمەڵگای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا کەس بایەخ بەم مەوعیزانە نادات و نیگەرانیی ئەمڕۆی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای ئێران دابینکردنی کار و بژێوی ڕۆژانەیانە و یاسای خورافیی ئیسلامی ئامرازێکە بۆ فریو و گومڕاکردنیان. بەم حاڵەوە ڕەئیسی لەوپەڕی بێشەرمیدا ویستی وەرشکستەیی ئابووری و داماوی ڕژیم لە چارەسەرکردنی کێشەی مەعیشەتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدە بخاتە پەنا حیجابەوە و وای نیشان بدات کە ئەوە حکوومەتی گەندەڵی ئیسلامی نییە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە مەترسیەوە. ڕەئیسی وتی: “مەفاسیدی ئابووریش لەگەڵ بابەتی بەدحیجابی یەکێکی تر لە مونکراتە و ئەرکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پاک ڕاگرتنی کۆمەڵگایە لە وجوودی ئەم مۆفسیدانە”. بەڵام ڕەئیسیی تاوانکار و درۆزن ناتوانێ بەم هەڵیت و پڵیتانە، زەعف و زەبوونیی ڕژیمەکەی داپۆشێت. چونکە سەرچاوە و هۆکاری ئەم کێشە و نەهامەتییانەی کۆمەڵگای ئێران خودی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.

وتەکانی ڕەئیسیی جەلاد بەشێکە لە فەزاسازی بۆ سازماندانی هێرشێکی تر بۆسەر ژنان. ڕۆژی پێنجشەممە، دوو ڕۆژ پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ڕژیم بە دەرکردنی بەیانییەیەک هەڕەشەی لە ژنان کرد کە بە توندی بەرەنگاری بەدحیجابی دەبێتەوە. بەدوایدا زۆرێک لە ئۆستاندارییەکانیش بەیانییەی لەم شێوەیان بڵاو کردووەتەوە و لابردنی حیجابیان بە تاوان ناو لێبردووە و هەڕەشەیان لە ژنان کردووە. دەستووریان بە فرۆشگا و ناوەند و ئیدارات و بانکەکان داوە کە لە چوونە ژووری ژنانی بەدحیجاب ڕێگری بکەن و خزمەتگوزارییان پێ نەدەن. هەتا ئێستا زۆرێک لە ڕێستووران، فرۆشگا و ساڵۆن و ناوەندە تووریستی و تەنانەت تیجارییەکانیان لە زۆرێک لە شارەکان لەژێرناوی “لەبەرچاونەگرتنی شئوناتی ئیسلامی” پلۆمب کردووە.

حکوومەتی ئیسلامی کە دەزانێ بەم کارانە ناتوانێ بەربە ناڕەزایەتیی ژنان بگرێ و دەسەڵاتەکەی یەکجار لاواز بووە، لە هەوڵی ئەوەدایە بە هێنانە مەیدانی لات و چەقۆکێشی بەسیج و حیزبوڵڵاهی، قومارێکی جەنایەتکارانەی تر دەستپێبکات و بۆ جارێکی تر حیماقەتی سێناریۆی ڕسوا و شکستخواردووی وەک ئەسیدپاشی دووپات بکاتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی مانگی خاکەلێوە مێهدی ڕەحیمی سادق مودیری حەوزەی عیلمیەی ئۆستانی تاران وێڕای ڕەخنە لە ئینفعال و بێدەنگیی مەقاماتی سێ دەزگای حکوومەت سەبارەت بە حەرەکەتی کۆمەڵگا بەرەو پەیڕەوی نەکردن لە حیجابی ئیسلامی وتی: “ئەگەر ئێمە بەرانبەر بە ئەحکامی ئیسلامی بێدەنگ بین و کارێک نەکەین، هیچ لە نیزامی ئیسلامی نامێنێتەوە. خەڵک سەبارەت بە حیجاب سەبریان تەواو بووە و کەسانی دیندار خۆیان دەستبەکار دەبن و ئەوکات کۆمەڵگا تووشی هەرج و مەرج و بشێوی دەبێت”. هەروەها وتیشی کە لە پەنا دەزگای قەزاییەوە، هێزی ئینتزامی و مەجلیسیش پێویستە لەم بابەتەدا دەخاڵەتیان بێت. حسێن شەریعەتمەداری نوێنەری مێشک وشکی خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهاندا دوو حەفتە لەمەوبەر نووسیی: “خەڵکی مسوڵمان و پاک گەلێک جار نیشانیان داوە کە ئەگەر کاربەدەستان بەرانبەر بە بەدحیجابیی ژنان توانای پێویستیان نەبێ و یان کەمکاری بکەن، خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستبەکار دەبن. وتەی ئەم مۆرانەی ڕژیم بەمانای هێنانە مەیدانی هێزی ئاتەش بە ئیختیارە بۆ ئەنجامدانی جەنایاتێکی وەک ئەسیدپاشی. هەڵبەت بەر لەوانیش، ئیمامانی جومعە لەوانە مەهدەوی ئیمامی جومعەی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری ئیسفەهان و ئەندامی مەجلیسی خوبرگان و عەلەمولهۆدا ئیمامی جومعەی جەنایەتکاری مەشهەد، تەقی ڕووحانی ئیمامی جومعەی ڕوودسەر، کە بەرژەوەندی ژیانی مفتەخۆرییان لە مەترسیدا دەبینن، بۆ مانەوەی حەیاتی ڕژیم هەڕەشەیان کردووە کە ئەوباش و ئەرازێلی ئەسیدپاش دێننە مەیدان تا بەرەنگاری ژنانی خەباتکار ببنەوە. هەڵبەت زەرفیەتی ئەنجامدانی ئەم جەنایەتەشیان هەیە.

بەڵام لەلایەکی دیکەوە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە هەموو شارەکانی ئێران بەتایبەت بەبۆنەی سێزدەبەدەر بە بێ ترس و بە بێ بایەخدان بەم هەڕەشانە و سەرەڕای ئامادەبوون و هاتنە مەیدانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، بێ حیجاب دەستیان کرد بە شادی و خۆشی دەربڕین و نیشانیان دا کە بەرانبەر بە یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی لە دەستکەوتی خەباتکارانەیان دیفاع دەکەن و لە بەرامبەر بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕژیمدا ڕادەوەستن. هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ زاڵکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و سەرکوت بەئامانجی پاشەکشەپێکردن بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە دژبە گشت نیزامی کۆماری ئیسلامییە، بێهودەیە. بێگومان جەماوەری وەگیان هاتوو لە جەنایاتی ڕژیمی ئیسلامی و بزووتنەوەی سەرانسەری کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت بەرانبەر بە کردەوەی جەنایەتکارانەی ئەسیدپاشی و باقیی ئیقداماتی دژەئینسانیی دەوەستێتەوە و بەدوور نییە کە لەم بارودۆخەدا بیساتی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە دژبە ژنە بە یەکجاری تێکەوەپێچن. کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی جەنایەتکارانە دژبە ژنانی خەباتکار بەدەستی لات و چەقۆکێشانی بەسیجی و لیباس شەخسی و هێزی ئەمنیەتی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co