
لە درێژەی خواردنەوەی جامی ژەهری دانوستان و سازان لەگەڵ ئەمریکا لەلایەن عەلی خامنەییەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی گوڵان وتەبێژی “مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام”، باڵاترین ناوەندی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامی، ڕایگەیاند کە ئەم ناوەندە قبووڵی کردووە کۆماری ئیسلامی بە کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەند لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تاوانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی یان “پالێرمۆ” پەیوەست بێت. ئەم ناوەندە لە کاتێکدا وەها بڕیارێکی داوە کە ڕژیم لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە بە هۆی دژایەتی کردن و پەیوەست نەبوونی بەم کۆنوانسیۆنە کەوتووەتە ناو لیستی ڕەشی گرووپی تایبەتی چالاکیی دارایی و خراوەتە ژێر سزای نەوتی و بانکییەوە. حکوومەتی ئیسلامی بەهای ئەم سیاسەتەی واتە کەوتنە ناو لیستی ڕەشی تاوانی ڕێکخراو و گەمارۆ و سزاکانی، بەسەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا سەپاندووە. کۆماری ئیسلامی بە قبووڵکردنی ئەم کۆنوانسیۆنە بەڵێندار دەکرێت کە تاوانی وەک قاچاخی ئینسان، قاچاخی کۆچبەران، سپی کردنەوەی پارە و گەندەڵی ئەنجام نەدات و لە گەڕاندنەوەی تاوانباران، گۆڕینەوەی زانیاری و ڕاهێنانی تایبەت و بوارەکانی دیکە، لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری هاوکاری بکات.
بە پەیوەست بوونی حکوومەتی ئیسلامی بە کۆنوانسیۆنی “پالێرمۆ” ڕژیم ناچار دەکرێت کە بۆ ڕێگری لەم تاوانانە، یاسای ناوخۆیی پەسند بکات و لەسەر بنەمای ئەم یاسایانە وەها کردەوەگەلێک تاوان پێناسە بکرێت. هەڵبەت بەر لە مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەت، ناوەندە کۆنەپەرستەکانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی لەوانە شۆرای نیگەهبانی قانوونی ئەساسی، ناوەندی ئیتلاعاتی ماڵی و بەناو “شۆرای باڵای پێشگیری و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سپی کردنەوەی پارە و یارمەتیی دارایی تیرۆریزم” ڕازی بوون کە ئەم کۆنوانسیۆنە قبووڵ بکەن.
وتەبێژی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام ئیدیعای کرد کە کۆماری ئیسلامی ئەم کۆنوانسیۆنەی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا ناوخۆییەکاندا قبووڵ کردووە. ئەم کارگێڕەی ڕژیم ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە ئەگەر قبووڵ کردنی ئەم کۆنوانسیۆنە بەپێی دەستوور و یاساکانی خۆیانە، بۆ چی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، خۆی لە واژۆکردنی وەها کۆنوانسیۆنێک نەداوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران تاوانی کردەوەی کۆماری ئیسلامی بدەن کە کەوتووەتە ناو لیستی ڕەشی پشتیوانی لە تیرۆریزم و تاوانە ڕێکخراوەکانەوە.
لەگەڵ درێژەی سزاکان و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی، بەتایبەت کاتێک مەعلووم بوو کە ترامپ دێتە سەر کار، عەلی خامنەیی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناچار ڕەزایەتی دا کە کۆماری ئیسلامی بە دوو کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بێت. یەکیان “پالێرمۆ” یان کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تاوانی ڕێکخراو و ئەوی تریان “سی ئێف تی” یان کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سپی کردنەوەی پارە و پشتیوانیی دارایی لە تیرۆریزم بوو. پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بەم دوو کۆنوانسیۆنە لە پێداویستییەکانی پەیوەست بوون بە گرووپی تایبەتی چالاکیی دارایی “ئێف ئێی تی ئێف”ە کە گۆیا بۆ پەرەپێدانی شەفافییەتی دارایی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و سپی کردنەوەی پارە چالاکی دەکات. پەیوەست بوون بە گرووپی تایبەتی چالاکی دارایی یەکێک لە مەرجەکانی هاتنەدەری کۆماری ئیسلامی لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە هەتا ئێستا بووەتە بەربەستێک لەسەر ڕێگای لابردنی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان.
عەلی خامنەیی و سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربەوان لەوانە شۆرای نیگەهبان، شۆرای تەشخیسی مەسلەحەت، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و باقی ناوەندەکانی دەسەڵات و باندە مافیاییەکانی کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە پاساوی ئەوەیکە ئەم بابەتە دژی بنەما و ستراتێژی ناوچەیی حکوومەتی ئیسلامییە، لەگەڵ پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بەم کۆنوانسیۆنانە دژایەتییان کردووە. بەڵام ئەم باندە مافیا و گەندەڵانەی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتێک کە گەمارۆکان بۆی ڕەخساندوون، سەروەتێکی یەکجار زۆریان وەسەر یەک ناوە و خەڵکیان لەگەڵ گرانی و هەژاری و نەهامەتی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بەم کۆنوانسیۆنانە، لە ناردنی پارە و پشتیوانیی دارایی لە گرووپە ئیرۆریستە ئیسلامییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ڕێگری دەکات. لەئێستادا لەگەڵ شکستی یەک لە دوای یەکی ستراتێژی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و لێکهەڵوەشانی ئەو گرووپانەی کە ناوی نابوون میحوەری موقاومەت و بەسەرەنجدان بە بارودۆخی نالەباری ئابووریی کۆماری ئیسلامی، دابینکردنی بواری دارایی ئەم تاقمە تیرۆریستانە بۆ ڕژیم لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوو دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پەیوەست بوون بەم کۆنوانسیۆنانەی خستووەتە دەستووری کارەوە.
لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان داوە، کۆماری ئیسلامی لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتەکەی بە قبووڵکردنی پاشەکشە لە هەموو بوارەکاندا بۆ لابردنی گەمارۆکان لە هەوڵ دایە. لەلایەکەوە جامی ژەهری دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ئەم دەوڵەتە خواردووەتەوە و لەلایەکی دیکەوە ناچار بووە پەیوەست بوون بە کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەئاماجی لابردنی گەمارۆکانی ئەم ڕێکخراوە و کەوتنەدەر لە لیستی ڕەش قبووڵ بکات و لەلایەکی دیکەشەوە دەیهەوێ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی سەرمایەداری کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجامدا ماون واتە ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا گفتوگۆ و دانوستان بکات بۆ ئەوەی “مێکانیسمی ماشە” چالاک نەکەن. لەم پەیوەندییەدا عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیم وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ئورووپا ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدات ڕۆژی هەینی ٢٦ی مانگی گوڵان، لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاشتیی ئۆکراین لە ئیستانبۆڵ لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا گفتۆگۆ بکات. هەروەها وتووشیەتی “بەداخەوە ئەم دەوڵەتانە بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئامادە نین” و بە وتەی ئەو کەوتوونە پەراوێزەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەم دەوڵەتانە فشارەکانیان بۆسەر کۆماری ئسیلامی زیاتر کردووە. تا ئاستێک کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پارلەمانی ئینگلیسیش هەوڵ درا سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستەکانەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە لە ڕێگەی تیرۆریسم و دروست کردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و بە گرتن و ئێعدام و سەرکوت کردنی ئیعترازاتی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی، دەسەڵاتەکەی درێژە داوە. لەئێستادا کە بەهۆی گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاران و بزووتنەوە ئیعترازییەکان لەئاستی کۆمەڵگادا پایەکانی دەسەڵاتەکەی کەوتووەتە لەرزە، بۆ نەجات دانی خۆی پەنای بردووە بۆ سازان لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و ناوەندە نێونەتەوەییەکان. بەڵام بێگومان ئەمە دەوای دوای مەرگی سۆهرابە. ئەم ڕژیمە گەندەڵ و داماوە تەمەنی کۆتایی هاتووە. دوژمنی سەرەکی و مەترسیدار بۆ کۆماری ئیسلامی نەک ئەمریکا و دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی دەرەوە، بەڵکوو هەروەک خامنەیی جنایەتکار دانی پێدانا، کرێکاران و ژنانی تێکۆشەر، خوێندکاران، مامۆستایان و پەرستارانی زەحمەتکێش، خانەنشینان و خەڵکی ستەملێکراو و زەحمەتکێشی ئێرانن کە بڕیاریان داوە بە خەباتی لێبڕاوانە و یەکگرتوو و سەرتاسەرییان کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە دژەئینسانە بێنن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە