فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قسەکانی خامنەیی نیشانەی ئەوپەڕی شپرزەیی حکوومەتی ئیسلامی
دوشەممە ۱۷-۰۶-۱۴۰۴   |  08-09-2025

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی مانگی خەرمانان عەلی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ هەیئەتی دەوڵەتی پزشکیان، وێڕای پێهەڵکوتن و تاریف کردن لە سەرۆک کۆمار و “دەستکەوتەکانی سەفەری ئەم دواییەی بۆ چین”، باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی کرد. سەبارەت بە دەست پێوەگرتنی بەرپرسان بە خەرجی سەفەر و مانەوەیان لە هۆتێلی گران قیمەت، سەبارەت بە هۆکاری قەیرانی ئابووری یان بە قەولی ئەو “کەمبوونی دەخڵ”، سەبارەت بە پەراوێزکەوتنی دەوڵەتی ئیسرائیل و پێشنیار بە دەوڵەتانی ئیسلامی بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی “خەبیسی” ئیسرائیل، سەبارەت بە نیگەرانی لە ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە هەژاری و گرانی و دژبە نەبوونی ئاو و بەرق و مەسکەن و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە قسەی کرد. خامنەیی وتی: “لە بواری گوزەرانی خەڵکدا بە جۆرێک کار بکەن کە خەڵک بتوانن نزیک بە ١٠ کاڵای ئەساسی بە بێ نیگەرانی لە چوونەسەری نرخ دابین بکەن. نەک ئەوەیکە نرخی ئەوڕۆ، سبنەینێ دوو بەرابەر بێت”.

خامنەیی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بە نیگەرانیی خەڵک سەبارەت بە داگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە لەلایەن سێ دەوڵەتی ئورووپایی و گەڕانەوەی گەمارۆ هەڵگیراوەکان، کە بووەتە شۆکێکی گەورە لە بازاڕەکانی ئیراندا، وتی: “نابێ خەڵک نیگەرانی چوونەسەری نرخی کاڵاکان بن. دەبێ فەزای کار و هەوڵدان و هیوا بەسەر فەزای نە شەڕ، نە ئاشتیدا زاڵ بێت. دوژمن هەوڵ دەدات فەزای نە شەڕ، نە ئاشتی بەسەر ئێراندا زاڵ بکات. بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ وڵات، فەزایەکی باش نییە و زەرەر و مەترسیی هەیە”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خۆی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەژێرناوی “نە شەڕ دەبێت و نا گفتوگۆ دەکەین”، لە درێژەدانی ئەم فەزایە دیفاعی دەکرد. خامنەیی هەروەها باسی لە بوونی یەکدەنگی لە سیاسەتەکانی حکوومەتدا کرد. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵوێستی سەرکردە و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەم ماوەیەدا سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان، بە تایبەت سەبارەت بە سازان و تەسلیمبوون لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا و زلهێزەکانی ئورووپا، نە جێگیر بووە و نە یەکدەنگ. هەرکامیان هەڵوێست و بۆچوونی ئەمڕۆیان لەگەڵ دۆینێ جیاوازە. بەڵام، خامنەیی لە پەیوەند لەگەڵ چەکدانانی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی لە لۆبنان و عێراق وەک پرسێکی گرینگ، کە لەم ڕۆژانەدا لەئارادایە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، بێدەنگی گرتەبەر.

خامنەیی سەبارەت بە قەیرانی قووڵی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی هیچی نەکوت. ئەوەش لە کاتێکیدایە کە ئەو و کاربەدەستانی باڵای ڕژیم بە سیاسەت و کردەوەیان ڕۆڵێکی سەرەکییان بووە لە پێکهێنانی فەزای شەڕ و پەرەپێدانی قەیرانی ئابووری. دەوڵەتی بێ ئیختیار و وەرشکستەی پزشکیان زۆر جار وتوویەتی کە ” تەنانەت پارەی بۆ حقووقی کارمەندان لە ئیختیاردا نییە”. لە وەها دۆخێکدا چۆن دەتوانێ زەمینە فەراهەم بکات، تا بەقسەی خۆی “فەزای کار و هەوڵ و هیوا” بەسەر فەزای شەڕدا زاڵ بێت؟ خامنەیی خۆی دەزانێ کە چەقبەستوویی ئابووری، چوونەسەری ڕێژەی بێکاری، چوونەسەری ڕێژەی هەڵاوسان، هاتنە خواری بەهای پارەی ئێران، لاوازبوونی هێزی کڕینی خەڵک، هەر هەموویان نیشانەکانی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامییە  و بە فەرمان و پێشنیار و ئیرادەی “ڕێبەر” ناتوانن بیگۆڕن.

بەڵام نیگەرانیی سەرەکیی خامنەیی مەترسیی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندنی مانگرتن و ئیعترازاتی کرێکاری و جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لەدژی کۆماری ئیسلامییە کە لەم ڕۆژانەدا تەنانەت لە ناو حکوومەتیشدا باسی لێدەکرێت. نیگەرانی لە مەترسیی ڕووخانی حکوومەتی ئیفلاسی ئیسلامییە کە لە بەرامبەر قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی و لە بەرامبەر داخوازیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، دەرماندە و بێتوانایە. هەر بۆیە، خامنەیی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا داوای لە بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەت کرد کە: “لە ڕەوایەتی لاوازی و بێتوانایی کۆماری ئیسلامی خۆبەدوور بگرن و باس لە دەسەڵات و هێز و ئیمکاناتی زۆری وڵات بکەن”.

هەڵبەت بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەشە لە فەرمان و پێشنیاری خامنەیی و لەپێناوی ڕاگرتنی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، هەموو دامودەزگای سەرکوت و ئەمنیەتی و نیزامی و ناوەندەکانی درۆ و خورافەی ڕژیم ئیسلامی دەست بە کار بوون. تا بە فریوکاری، پەروەندەسازی و بە دەرکردنی ئەحکامی قورسی ئێعدام و زیندان بۆ چالاکانی سیاسی، فەزای ترس و وەحشەت بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکەن و ڕێگە نەدەن واقعییەتە کۆمەڵایەتییەکان باس بکەن. تا هەژاری و فەلاکەتی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئەگەری داگیرسانی شەڕ و هێرشی نیزامیی ئیسرائیل، کە ڕژیم یەکجار لێی نیگەرانە، باس نەکەن.

واتە ئەو پرسانەی کە حاشاهەڵنەگرن و خودی مەقاماتی ڕژیمیش مەجبوورن دانیان پێدابنێن. سەبارەت بە ئەگەری شەڕ، عەلی لاریجانی دەبیری شۆرای ئەمنیەتی میللی و ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەت هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی کۆتایی نەهاتووە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێ ئامادە بن. وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمیش لە ڕێگەی نامەیەکی ڕەسمییەوە بۆ ناوەندە سەرەکییەکان و ژمارەیەک لە وەزارەتخانەکان هۆشداری داوە کە چالاک بوونی مێکانیسمی ماشە و پەرەسەندنی گەمارۆکان لێکەوتەی جیددی بۆ نیزام بەدواوەیە و دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی گشتی و هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکان.

وەها بارودۆخێکی فەلاکەتبار بۆ حکوومەتی ئیسلامی نیشانەی ڕەوتی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامییە کە خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی ڕژیمیش لێی ئاگادارن.  ئەم ڕەوتە تەنیا بە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بە سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە لە ئاستی جەماوەری و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانەوە لەڕێگەی پەیوەنددانی چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێ خێراتر بێتەوە و بە ئاکام بگات. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لەم مەسیرەوە تێدەپەڕێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv