قوربانی بوونی ١١کەس بەهۆی ڕووخانی پردێک لە چین
شەممە ۳۰-۰۴-۱۴۰۳   |  20-07-2024
ئاژانسی فەرمی هەواڵی چین (شینخوا) بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی لێزمە باران و لافاوەوە لە ناوچەی شانگلۆی هەرێمی شێنشی، بەرزە پردی ڕێگەیەکی خێرا هەرەسی هێناوە و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان ١١ کەس مردوون.
هەر لەمبارەوە، کەناڵی سی سی تی ڤی سەر بە حکوومەتی چین بڵاوی کردووەتەوە، لەم ڕووداوەدا زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش ون بوون. تیمەکانی فریاکەوتن هەڵمەتی بەدواداگەڕانیان دەست پێ کردووە و توانیویانە پێنج ئۆتۆمبێل لە ڕووبارەکە دەربهێننەوە کە ١١ تەرمیان تێدا بووە. جێگای ئاماژەیە، لە سێشەممەی ڕابردووەوە شەپۆلە بارانێکی بە لێزمە چینی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروست بووە و زیانێکی زۆری بەر ناوچەکان گەیاندووە.