بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، لە پارێزگای ورمێ لانیکەم شەش ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە، ١٥ کەس برینداروون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە رووداوەکان لە رێگەی “ورمێ – سێرۆ”ی روویدا و تێیدا سێ کەس بریندار بوون. هاوکات شەوی رابردوو، لە رێگەی “پیرانشار – نەغەدە” لە نزیک ناوچەی هەوارەبی، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند لە هاونیشتمانییەکی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە لە رێگەی “مهاباد – میاندواو” بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل دوو کەس بریندار بوون. هەر لە رێگەی مهاباد – میاندواو، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، پێنج کەس بریندار بوون. لە رێگەی “پیرانشار – سەردەشت”یش، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. هەروەها لە نزیک شاری خۆی-یش، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ 405 و L90، چوار کەس بریندار بوون.