لە ئەنجامی ڕەچاو نەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار لە لایەن خاوەنکار، لانیکەم ٢١ کرێکار لە شارەکانی مەشهەد، دزفوول و تاران، رۆژی شەممە ٣٠ی مانگی گوڵان، تووشی ڕووداو بوون و بوونە قوربانی ڕووداوی شوێنی کار.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی ئەم ڕووداوانە چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە و ١٧ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکارێکی ٣٨ ساڵ تەمەن لە یەکێک لە گوندەکانی کەلات سەر بە شاری مەشهەد، بەهۆی بەربوونەوەی چوارچێوەیەکی فلێزی بەسەریدا بەسەختی بریندار بوو و پاش ڕاگوێزرانی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا. هەروەها دوو کرێکاری چاڵ هەڵکەن لە کاتی کار لە گوندی “بنوارشامی” لە شاری دزفوول، بەهۆی گیرخواردنیان لەناو چاڵەکە، گیانیان لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە ١٧ کرێکار بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ئەنبارێکی کەرەستەی مۆتۆر سیکلێک لە مەیدانی گۆمورکی تاران، بەسەختی بریندار بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانە. شایانی باسە، سێ کەس لە قوربانیانی ئەم ڕووداوە کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە بوون.