فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قووڵبوونەوەی قەیرانی برسییەتی لە سایەی نیزامی سەرمایەداریدا
چوارشەممە ۲۲-۰۴-۱۴۰۱   |  13-07-2022

ڕۆژی پێنجشەممە حەوتی ژووئیه بەرابەر لەگەڵ ١٦ی مانگی پووشپەڕ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بیست وڵاتی سەنعەتیی جیهان واتە جی بیست لە شاری بالیی ئەندۆنێزی بەڕێوەچوو. لە ڕۆژانی بەر لە کۆنفڕانسەکەوە ژمارەیەک لە “ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان” ڕوو بە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە خوازیاری گرتنەبەری سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ برسییەتی بوون، کە بەردەوام پەرەدەستێنێت. بەڕێوەبەری گشتیی “ڕێکخراوی فریاگوزاریی بڕسییەتی” ڕایگەیاند کە “لەئێستادا زۆر حەیاتییەکە لە هەرچی خێراتر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانی چوونەسەرەوەی تەوەروم و گرانی کاردانەوە نیشان بدرێت”. هەروەها وتیشی: “لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٧٦٨ ملیۆن کەس بەرەوڕووی برسییەتی بوون و ئەوەش یانی نزیک بە یەک دەهومی جەمعییەتی جیهان. ئەم ڕێژەیە نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو چل و شەش ملیۆن کەس زیادی کردووە”. ئەم بەرپرسە لە ئیدامەدا وتی: “هەر لە ئێستادا بەهۆی شەڕ و تەحریمە ئابوورییەکان، هەناردەی دانەوێڵە و کوود لە ڕووسیەوە بۆ ئۆکراین ڕاگیراوە”. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری “بەرنامەی جیهانیی خۆراک”یش وێڕای ئاماژە بە “چوونەسەرەوەی خێرای نرخی خۆراک، سووتەمەنی، دانەوێڵە و کوودی شیمیایی بەهۆی شەری ئۆکراین کە وڵاتەکانی بەرەو قاتی و نەبوونی دەبات” هۆشداری دا کە “ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم باروودۆخە، پەرەسەندنی نائارامی، برسییەتی و کۆچی بەکۆمەڵ و بێوێنە دەبێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە بۆ پێشگیری لە هەموو ئەم کارەساتانە هەر لەمڕۆوە دەبێ دەستبەکار بین”.
لە حاڵێکدا کە هێشتا ملیۆنان کەس لە جیهاندا لە دواهاتەکانی کۆرۆنا ڕەنج دەبەن، شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین، ئەمنییەتی خۆراکی ملیاردها ئینسانی خستووەتە مەترسییەوە و کارەساتی برسییەتی شکڵێکی خۆفناکی بەخۆی گرتووە. یەک حەفتە بەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی بیست، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی “ئەمنییەتی خۆراک” لە شاری بێرلینی ئاڵمان هۆشداری دا بوو کە لەگەڵ قەیرانێکی بێوێنەی برسییەتی لەئاستی جیهاندا بەرەوڕووین. بەباوەڕی ئەو شەڕ لە ئۆکراین “کێشەکانی وەک کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەمەگیریی کۆرۆنا و نابەرابەریی تەندرووستی، پێکەوە پەیوەند داوە”. ئەو برسییەتی و بەدخۆراکیی بەرینی لە سەدەی بیست و یەکدا قەبووڵ نەکراو وەسف کرد و لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە “تا کاتێک کە ئۆکراین و ڕووسیە کە نزیکەی بیست و نۆ لەسەدی هەناردەی گەنمی جیهان بەرهەم دێنن، ڕێگایەک بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندی بازرگانی نەدۆزنەوە، ڕێگاچارەیەکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بوونی نابێت”.
بەڕواڵەت یەکێک لە گرینگترین دەستووری کارەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی بیست، مەترسیی ڕوو لە زیادبوونی برسییەتی بوو کە لە ڕۆژی دووهەمدا کەوتە دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە شەڕی ئۆکراین سێبەری خۆی بەسەر ئەم کۆبوونەوەیەشدا دەکێشێت. دوو بەرەی دەوڵەتانی سەرمایەداری لە بەرامبەر یەکدا ڕیز ببوون. لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەسەدا پەنجای بەشداربووانیان پێکهێنابوو و ڕووسیەیان کردە ئامانجی هێرشەکانیان و ڕایانگەیاند کە ڕووسیە بە تەنیا بووەتە هۆکاری قووڵتربوونەوەی قەیرانی برسییەتی. لە بەرامبەر ئەوانیشدا، دەوڵەتانی تر هاوئاراستە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ئەوە بوون کە دانەویڵە و کوود هەم لە ئۆکراین و هەم لە ڕووسیەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە بەشێک لە گەمارۆکانی بواری ماڵی و گواستنەوە لەسەر ڕووسیە لابچێت. بەڵام هێستا ئەم بابەتە لەلایەن دەوڵەتانی دوو بەری ئاتلانتیک کە بەناو خاوەنی “بایەخی هاوبەش”ن، پەسند نەکراوە. لە ژێر کاریگەریی ئەم فەزایەدا وەزیری دەرەوەی ئەندۆنێزی لە وتاری دەستپێکی خۆیدا، ڕۆژی پێنجشەممە خوازیاری ئەوە بوو کە دەنگی باقیی ئەندامان و وڵاتانی لە حاڵی گەشە ببیسترێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لەوانە وەزیرانی دەرەوەی چین، هێند و ئەفریقای باشوور خوازیاری پەیوەستبوونی ئەم وڵاتانە بە سیاسەتی تەحریم دژبە ڕووسیە بوو بەڵام لەگەڵ وڵامی نەرێنیی ئەوان بەرەوڕوو بۆوە. هاوکات وتەبێژی پووتین وێڕای ئاماژە بە داڕمانی بووریس جانسۆن وەزیری بریتانا، هیوای ئەوەی خواست کە “لە بریتانیا کەسانێک بێنە جێگەی ئەو کە بڕیارەکانیان بەپێی وتووێژی دوو لایەنە بێت”. هەڵبەت مەعلووم نییە چ کەسێک لەگەڵ چ کەسێکی تر دەبێ وتووێژی دوو لایەنە ئەنجام بدات. پووتین بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو کە وتووێژ لە نێوان ڕووسیە و ئۆکراین لە باروودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئۆکراین خواستەکانی ڕووسیە لەوانە پەیوەست کردنی ناوچەی دونباس، بەندەری ئۆدێسا و دوورگەی کەریمە قەبووڵ بکات و لە بەرامبەریشدا زێلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراین مەرجی هەرجۆرە ڕێکەوتنێکی، پاشەکشەی ڕووسیە لەم ناوچانە و دانی غەرامەت بابەتی وێرانییەکانی شەڕ ڕاگەیاند و پەیمانی ناتۆش کە لەڕاستیدا یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم شەڕەیە، ئامانجی ڕاگەیەنەندراوی لاوازکردنی بەتەواومانای توانای نیزامی و لەناوبردنی بنەمای ئابووریی ڕووسیەیە.
واقعییەت ئەوەیە کە لەم شەڕە ئیمپریالیستییەدا، ئۆکراین تەنیا مۆرەیەکە و هیچی تر. دەسەڵاتە سەرەکییەکان واتە ڕووسیە لەلایەکەوە و ئەندامانی پەیمانی جەنگیی ناتۆ لەلایەکی ترەوە، تا کاتێک بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی خۆیان نەگەن، ملیاردها مرۆڤ لەئاستی جیهاندا بەرەوڕووی برسییەتی و بەدخۆراکی دەکەنەوە. شەڕ بۆ سەرمایەداران بەردەوام دەرفەتێک بووە تا بەسەر قەیرانی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا زاڵ بن و قۆناغێک لە گەشەی ئابووری دەستەبەر بکەن تا ئەوەیکە دووبارە قەیران بەشێوەیەکی تر بێتە ئاراوە. هەر ئەوەندە بەسە تا لەلایەکەوە بڕوانینە پەیمانی نوێی ئابووری و نیزامیی ڕووسیە لەگەڵ وڵاتانێک کە لە پەیمانی ناتۆدا نین و لەلایەکی تریشەوە سەرەنج بدەینە ئەو بوودجە سەرسووڕهێنەرە ملیاردییانەی ڕۆژاوا لە بواری نیزامییەوە، تا بۆمان ڕوون بێتەوە کە بۆ ئەم دەوڵەتە ئیمپریالیستییانە ڕەقابەت لەسەر پەرەپێدانی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵ و هێژمۆنیی خۆیان، یەکجار لە گیانی ملیاردها ئینسان بایەخی زیاترە. هەروەها ڕۆژاوا هەر لەئێستاوە خۆی بۆ نوێژنکردنەوەی ئۆکراین ئامادە دەکات. لە کۆنفڕانسی نوێژنکردنەوەی ئۆکرایندا، ڕۆژی پێنجی ژووئیه لە شاری “لوگانو”ی سوئیس، چل وڵات کۆبوونەوە تا خۆیان بۆ نوێژنکردنەوەی دوای شەڕ ئامادە بکەن. سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین خوازیاری تەرخانکردنی بوودجەی حەوسەد و پەنجا ملیارد دۆلار بۆ نوێژنکردنەوەی ئۆکراین بوو. سەرۆک کۆماری سوئیس وەک خانەخوێی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە واژۆی “بەیاننامەی لوگانو” هەنگاوی یەکەم بۆ نوێژنکردنەوەی ئۆکراینە و نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربوو و نوێنەری ئۆکراین بە ڕێکەوتنێکی حەوت ماددەیی گەیشتن. یەکێک لەو ماددانە ئەرکداربوونی لایەنی بەرامبەر بە “پرۆسەی دیموکراتیک، بەشدارکردنی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی سات و سەودای بەرپرسانی دەوڵەت، ڕەچاوکردنی مافە نێونەتەوەییەکان و سەرەنجام بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵیی ماڵی” بوو. هەڵبەت هەموو ئەو حەوت ماددەیە قەرارە دەوڵەتێک زەمانەتی بکات کە بەشێک لە پێکهاتەکەی لەدەستی فاشیست – ناسیۆنالیستەکان دایە و بەرلە شەڕ پلەی یەکەمی لە بواری گەندەڵی لەناو وڵاتانی ئەورووپادا هەبووە.
واقعییەت ئەوەیە کە نابەرابەری و هەژاری و برسییەتیی بەشێکی بەرین لە خەڵکی جیهان دەستکەوتی نیزامی دژەئینسانیی سەرمایەدارییە کە تێیدا ژمارەیەک لەڕێگەی بەکۆیلەکێشانی ملیۆنان کەس و بەتاڵان بردنی سەرچاوەی سرووشتی و ئینسانیی ئەو ناوچانە کە خەڵکەکەی لە هەژاری و برسییەتیدا بەسەر دەبەن، سەروەتیان وەسەر یەکناوە. کەوابوو پێویستە بڵێین کە کۆتایی هێنان بە برسییەتی و هەموو قەیرانەکانی جیهانی سەردەم بە نەمانی ئەم نیزامە دژەمرۆڤەوە گرێ دراوە.