
ڕاگەیاندنی زیادکردنی ٤٣٪ی لانیکەمی حەقدەست و دیاریکردنی سەقفی ١٨.٥ ملیۆن تمەن، لە هەلومەرجێکدا کە تێچووی سەبەتەی بژێویی کرێکاران سنووری ٦٠ ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە، ڕەنگدانەوەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەو لۆژیکەیە کە بەسەر سیاسەتداڕێژیی ئابووریی چینی دەسەڵاتداردا زاڵە. ئەم بڕیارە لە بەستێنێکدا دراوە کە لابردنی دراوی تەرجیحیی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەنی، شەپۆلێکی تازەی هەڵاوسانی بەسەر کاڵا سەرەکییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەتایبەت دەرماندا سەپاندووە. کەلێن و بۆشایی بەرینی نێوان داهاتی هێزی کار و تێچووەکانی بەرهەمهێنانەوەی ژیان، دەری دەخات کە کۆمەڵگا پێی ناوەتە قۆناغێک لە قەیران کە چیتر بە چاکسازیی ڕووکەش و دەرمانی کاتی (موسەکین)، کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
حەقدەست پاداشتی کار نییە، بەڵکو تێچووی “بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار”ـە. کاتێک لانی کەمی حەقدەست بە شێوەیەکی سیستماتیک نزمتر لە تێچووە پێویستەکانی ژیان دیاری دەکرێت، ئەنجامەکەی شتێک نییە جگە لە داڕمان و سوانەوەی جەستەیی و دەروونیی چینی کرێکار. لەم دۆخەدا، هێزی کار ناچار دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە پەنا بۆ کاری زیادەی تاقەتپڕووکێن، کارە نافەرمییەکان یان دەستبەرداربوون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و پەروەردە ببات. گۆڕینی مووچەی مانگانە بۆ بڕە پارەیەک کە تەنیا بەشی دە ڕۆژی مانگێک دەکات، دەربڕینی واقعییەتێکی تاڵە: واتە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاریان بەرەو ئاراستەیەک بردووە کە قەرزداری، بێدەرەتانی و زەوتکردنی کەرامەتی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە.
لابردنی دراوی تەرجیحی و بەڵێنی گەڕاندنەوەی سەرچاوەکانی بۆ خەڵک، لە کردەوەدا بووەتە هۆی گواستنەوەی تێچووە قورسەکانی قەیران و کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت بۆ سەر سفرەی بنەماڵە کرێکارییەکان. بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمهێنان و دابەشکردن، دەستبەجێ لە نرخی کۆتایی کاڵاکاندا ڕەنگی داوەتەوە و یارانە نەختی و کاڵاییەکانیش -تەنانەت ئەگەر بشدرێن- لە بەرانبەر بازدانی نرخەکاندا کارایی خۆیان لە دەست داوە. ئەم سازوکارە، نموونەی “کۆمەڵایەتیکردنەوەی زیان و تایبەتیکردنەوەی قازانجە”؛ شوێنێک کە لۆژیکی کەڵەکەبوونی سەرمایە دەپارێزرێت و تێچووەکانی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت.
قەیرانی دەرمان، خاڵی بەیەکگەیشتنی ڕاستەوخۆی لۆژیکی بازاڕ و ژیانی مرۆڤە. لابردنی دراوی تەرجیحی لەم کەرتەدا، بەرزبوونەوەی نجومیی نرخەکان، کەمبوونی پێداویستییە ژیانییەکان و پەرەسەندنی بازاڕی ڕەشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێش، چارەسەری پزیشکی بووەتە هەڵبژاردنێکی بەئازار لە نێوان دانی تێچووە کەمەرشکێنەکان یان قبووڵکردنی نەخۆشی و ڕەنجکێشان. ئەم دۆخە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە لە نەزمی ئێستادا، تەندروستی مافێکی گشتی نییە، بەڵکو ئیمتیازێکی چینایەتییە کە بە توانای پارەدان دەپێورێت.
هەڵاوسانی ئێستا ناکرێت تەنیا بە شۆکی کاتییەوە گرێ بدرێت. سیاسەتە دارایی و بانکییە ناجێگیرەکان، کورتهێنانە بەردەوامەکانی بودجە و وابەستەیی بە داهاتە نا بەرهەمهێنەرەکان، هەڵاوسانیان کردووەتە تایبەتمەندییەکی پێکهاتەیی (ستراکچەری) ئابووریی ئێران. لابردنی دراوی تەرجیحی، لە جیاتی چاکسازیی ڕیشەیی، بەنزینی کردووە بەم ئاگرەدا. لەم بەستێنەدا، بەرزبوونەوەی ژمارەیی (یان ئێسمیی) حەقدەستەکان بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی واقعی، بە خێرایی بێ کاریگەر دەبێت و چەرخەیەکی معیوب شکل دەگرێت واتە: بەرزبوونەوەی نرخەکان، چاککردنەوەی ڕووکەشیی حەقدەست و دابەزینەوەی دەسەڵاتی کڕین. دەرەنجامی ئەم چەرخەیە، قووڵبوونەوەی نایەکسانی و توندترکردنی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتییە.
سێبەری شەڕ و گەمارۆکانیش نائەمنیی ئابوورییان توندتر کردووەتەوە. هەڕەشە دەرەکییەکان و گەمارۆکان تێچووەکانیان بەرز کردووەتەوە و ئەنجامەکەی فشارێکی دووقاتە بۆ سەر نرخەکان و کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەر. لەم نێوەندەدا، چینە ژێردەستەکان یەکەمین قوربانین، چونکە توانای بەرگەگرتنی ئەو شۆکانەیان نییە. شەڕ هەمیشە بیانوویەک بووە بۆ ڕاگرتنی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و پاساو هێنانەوە بۆ سیاسەتە ڕیازەتییەکان. ڕاپەڕینی مانگی بەفرانبار کە بە خوێن و ئاگر سەرکوت کرا، دەبێ وەک دەربڕینی کۆمەڵایەتیی ناتەباییە کەڵەکەبووەکان ببینرێت. کاتێک کەناڵە فەرمییەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دادەخرێن، شەقام دەبێتە گۆڕەپانی خستنەڕووی داخوازییەکان. ئەم ناڕەزایەتییانە قووڵایی کەلێنی نێوان بەڵێنەکانی دەوڵەت و واقعی ژیانی خەڵک نیشان دەدەن.
دەسەڵاتی حاکم لە چوارچێوەی نەزمی سەرمایەداریدا، لە نێوان پاراستنی لۆژیکی کەڵەکەبوونی سەرمایە و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵی هاوسەنگی دەدات. دیاریکردنی حەقدەستێک نزمتر لە تێچووی بژێو، هەڵبژاردنێکی ئاگایانەیە لەپێناو کۆنتڕۆڵی تێچووەکانی سەرمایە و گواستنەوەی بارگرانیی قەیرانەکە بۆ سەرشانی هێزی کار. تەنانەت ئەگەر ئەم سیاسەتانە بە ئەدەبیاتی “یارمەتیدانی توێژە لاوازەکان”ـیش بڕازێندرێنەوە، لە کردەوەدا دەبنە هۆی قووڵکردنەوەی چەوساندنەوە و بەرهەمهێنانەوەی هەژاری. دەرچوون لەم چەرخەیە بەبێ فشاری ڕێکخراوی بزووتنەوەی کرێکاری مومکین نابێت.
لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا، تەنیا داواکردنی چاکسازیی لانیکەمەکان بەس نییە. بەرگریکردن لە بژێو دەبێت نەک تەنیا بە ئاسۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو دەبێ بە ئاسۆی لەگۆڕنانی و تێکشکاندنی پەیوەندی و مناسباتی سەرمایەدارییەوە گرێ بدرێت. دیاریکردنی حەقدەست لەسەر بنەمای واقعیی تێچووەکانی ژیان، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر نرخەکاندا، زەمانەتی دەستڕاگەیشتنی گشتی و بێبەرانبەر بە دەرمان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەربەستدانان بۆ سەوداگەری؛ هەموو ئەمانە داخوازیی بەپەلەن. بەڵام بەدەر لەم داخوازییە دەستبەجێیانە، پرسی خاوەندارێتی، دەسەڵاتی بڕیاردان و ئاراستەی بەرهەمهێنان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناوەندی باسەکان.
سەقفی ١٨.٥ ملیۆن تمەنیی حەقدەست لە بەرانبەر سەبەتەی بژێویی ٦٠ ملیۆن تمەنیدا، هێمای شکستێکی قووڵترە؛ ئەویش بێتوانایی و داماویی نەزمی دەسەڵاتدارە لە دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیانێکی شایستە. لابردنی دراوی تەرجیحی، هەڵاوسانی پێکهاتەیی، قەیرانی دەرمان و نیشتەجێبوون و سێبەری نگریسی شەڕ، بەشە جیاوازەکانی وێنەیەکی واحدن؛ وێنەیەک کە تێیدا تێچووەکانی قەیران بەسەر خوارترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت. وەڵامدانەوە بەم دۆخە، لە ڕێکخستنی ئاگایانە و خستنەڕووی بەدیلێکی ڕیشەییدا خۆی دەبینێتەوە؛ بەدیلێک کە کەرامەتی مرۆڤ بخاتە پێش قازانج، و ژیان لە سەرووی لۆژیکی بازاڕەوە دابنێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە