فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“قەتڵی نامووسی” قیزەونترین شێوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان
چوارشەممە ۲۱-۰۳-۱۴۰۴   |  11-06-2025

بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک لە میدیاکان لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە هەتا ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندان، زیاتر لە ١٣٠ ژن بەدەستی ئەندامانی بنەماڵە کوژراون. واتە لە کەمتر لە سێ ڕۆژدا یەک ژن کوژراوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان لە مانگی گوڵانی ١٣٩٣دا زیاتر لە ٢٠%ی قەتڵەکان لە ئێران قەتڵی نامووسی بوون. بەڵام ئامارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان بەندکراو کە ساڵانە ئێعدام دەکرێن واتە کوشتنە بەئانقەستەکانی دەوڵەت، وە لاوانێک کە بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر شەقام سینگیان دراوەتە بەر گولـلە، بە قەتڵ حیساب ناکات. زیاتر لە ٦٥%ی قەتڵە نامووسییەکان لەلایەن هاوسەر، ١٠% لەلایەن برا و ٨% لەلایەن باوکی بنەماڵەوە ئەنجام دەدرێت. زۆربەی ئەم جنایاتە لە چوارچێوەی بنەماڵەدا ڕوو دەدەن. ئەو شوێنەی کە دەبێ ئەمنترین فەزا بۆ ژن بێت. هەڵبەت شەقامیشن بەتایبەت بۆ ژنانی ئازادیخواز و چالاک و مافخواز، نائەمن و پڕمەترسییە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە فەرهەنگی کۆن و پڕتووکاوی پیاوسالاری و باوک سالاری یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتەکەیەتی، بە یاسا دژی ژنەکانی، بەکردەوە ڕێگەی بە کوشتنی ژنان داوە. ماددەی ٦٣٠ی یاسای سزای ئیسلامی بە پیاو ڕێگە دەدات کە هاوسەرەکەی لە ئەگەری بینینی “زنا”دا بکووژێت. ماددەی ٣٠١ باوک لە ئەگەری کوشتنی مەنداڵەکەیدا، لە قەساس موعاف دەکات. ماددەی ١١٠٥ی یاسای مەدەنی، پیاوی بە سەرۆکی بنەماڵە داناوە و ژێردەستەیی ژنی نهادینە کردووە. ئەم ڕژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە دینی ئیسلام وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیک و بە یارمەتیی کلتووری دواکەوتووی پیاوسالاری وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتەکەی، هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسیەتی و توندوتیژیی بەرانبەربە ژنان کردووەتە یاسا و جێگیری کردووە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مافە سەرەتاییەکانی ژنان لەوانە، مافی هاوڕێیەتی و هەڵسووکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوان، مافی تەڵاق، مافی سەرپەرستی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەر کردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی لقی خوێندن و گەلێک مافی تر زەوت کراوە. ڕژیم بە دانی مافی چەندهاوسەری بە پیاوان و بە پەرەپێدانی سیغە، ڕواڵەتی یاسایی بە لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنی ژنان وەک کاڵا داوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگا، تەنانەت لە ناوەندەکانی پەروەردە بووەتە ئەسڵێکی نەگۆڕ.

لەم نیزامە ئاپارتایدە ڕەگەزییەدا و لە سایەی ئەو جنایاتە قیزەونەی کە لەژێرناوی قەتڵی نامووسیدا ئەنجام دەدرێن، خوکوژیی ژیانیش ڕوو لە زیادبوونە. لە پارێزگاکانی وەک ئیلام، کرماشان، خوزستان، سیستان و بەلووچستان، ڕێژەی خۆکوشتنی ژنان، بە تایبەت کچانی تازەلاو جێگەی نیگەرانییە. زۆرێک لەو خۆکوشتنانە بەڕواڵەت هۆکارەکەیان ناکۆکیی خێزانین، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی فشاری کۆمەڵایەتی و سەرکوتی جنسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و بێدەسەڵاتکردنی ژنانە. لە پێکهاتەیەکدا کە ژنان بێدەنگ و بێماف و بێ پەنا دەکات، خۆکوشتن دەبێتە دوایین شێوازی موقاومەت. جۆرە شۆڕشێکی بێدەنگ لەدژی زیندانیکردن لە ماڵەوە و لەدژی یاسای جیاکاری و کۆمەڵگایەک کە ژن بە موڵکی پیاو دەزانێت. خۆ لەناوبردنی ژن کارەساتێکی تاکەکەسی نییە، هاوارێکی کۆمەڵایەتییە. لە نیزامی ئیسلامیدا خۆکوشتنی ژنان دوا هاواری خەفەکراوە لە دژی سیستەمێک کە ڕێگە بە هەناسەکێشان نادات. ژنکوژی، خۆکوژی و قەتڵە نامووسییەکان، ئاڵقەکانی زنجیری سوڵتەی دینی، چینایەتی و ڕگەزین. لەم کارەساتە دڵتەزێنانەدا تەنیا ئەو پیاوە تاوانکارانەی کە بە زەربەی چەقۆ یان چەکوش خوشک یان هاوسەری لاویان خەڵتانی خوێن دەکەن تاوانبار نین. بەڵکوو کلتووری دواکەوتووی دینی و نەریتی پرتووکاوی پیاوسالاری، کە ئەمجۆرە جنایەتانە دەخوڵقێنن، ئەو پێکهاتە چینایەتی، سیاسی و ئیدئولۆژیک و یاسایانەی کە دەزگای قەزایی مەئموور دەکات ئەم تاوان و کوشتنانە لەژێرناوی دیفاع لە نامووس پاساو بکات یان سزاکەی کەم بکاتەوە، هەر هەموویان هۆکار و پەرەپێدەرن.

پەرەسەندنی دیاردەی قەتڵی نامووسی وەک یەکێک لە قیزەونترین شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێران کە تێیدا دین و سەرمایە و یاسای شەرعی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداری تێکەڵ بووە و ژنان لەڕووی یاساوە بە ڕەگەزی دووهەم و نیوەی پیاو بەحیساب دێن، بابەتێکی بەهەڵکەوت نییە. لەڕاستیدا هەڵاواردنی ڕگەزی، بێ مافی و هەموو توندوتیژییە دەوڵەتییەکان دژبە ژنان بەستێنی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەییەکان بەتایبەت قەتڵە نامووسییەکان فەراهەم کردووە.  لەم ڕووەوە توندوتیژی بەرانبەربە ژنان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر پێویستە بەستێن و سەرچاوەکەی بناسرێت و بۆ خەبات لەدژی، هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بێتە مەیدان. لەڕاستیدا لەناوبردنی زەمینەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژیی دژبە ژنان و قەتڵی نامووسی لە مەسیری تەعەڕوزی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبی لە ئێران و لە مەسیری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامییەوە تێدەپەڕێ.