
مانگی سەرماوەز وەبیرهێنەرەوەی زنجیرەیەکی دیکە لە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە ئینسانە خەباتکار و ئازادیخوازەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕژیمە. ئەم زنجیرە تاوانە بە ناوی “قەتڵە زنجیرەییەکان” لە دۆسیەی نگریسی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدا تۆمار کراوە. ئەم کوشتنانە کە لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا ئەنجام دران، بە سەلاخیکردنی داریوش و پەروانە فرووھەر لە یەکەمی سەرماوەزی ١٣٧٧ـدا دەستی پێکرد. پێنجی سەرماوەز هەواڵ گەیشت کە تەرمی بێگیانی مەجید شەریف، وەرگێڕ و چالاکی سیاسی کە دوای ساڵانێک گەڕابووەوە ئێران، لە پزیشکی دادوەریدا ناسراوەتەوە. هێشتا کۆمەڵگا لە شۆکی هەواڵی تێرۆری فرووھەرەکان نەهاتبووە دەر کە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی محەممەد موختاری و محەممەد جەعفەر پوویەندە، دوو ئەندامی ناسراوی هەیئەتی دەبیرانی “کانوونی نووسەرانی ئێران”، خەڵکی لە جاران زیاتر نیگەران کرد. تەرمی بێگیانی موختاری لە بیابانەکانی شاری ڕەی دۆزرایەوە؛ جەلادەکان خنکاندبوویان. محەممەد جەعفەر پوویەندە، وەرگێڕ و نووسەر، لە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزەوە بێسەروشوێن کرا و چەند ڕۆژ دواتر تەرمەکەی لە بیابانەکانی شەهریار، لە کاتێکدا ئاسەواری خنکاندن بە پەت بە ملیەوە دیار بوو، دۆزرایەوە. ئەم زنجیرە جەنایەتە بە ڕفاندن، ئەشکەنجە و کوشتنی ژمارەیەکی نادیار لە سیمای چەپ و هەروەها کەسایەتیی سەر بە ڕەوتی ڕاستی مەزهەبی و ناسیۆنالیستی بەڕێوەچوو. تا بە ئێستا ناوی نزیکەی ٨٠ کەس لە قوربانیانی ئەم دەورەیەی ڕژیمی جەهل و سەرمایە تۆمار کراوە.
پێویستە بوترێ کە قەتڵە زنجیرەییەکانی دەیەی ٧٠یش درێژەی هەمان سیاسەتی کوشتاری بەکۆمەڵی چەند هەزار زیندانیی سیاسی بوو لە ساڵی ٦٧دا کە بە فەرمانی خومەینی جێبەجێ کرا. سەرانی ڕژیم، وەک ڕەفسەنجانی، لەڕێگەی ئەم کوشتنانەوە هەوڵیان دا پێش بە مەترسیی هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە شەڕ، ئاوارەیی، هەژاری و نەهامەتیی ئابووری بگرن و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتە ئابوورییە وێرانکەرەکانی “سندووقی نێودەوڵەتیی دراو”، ئابووریی ئیفلاسهێناوی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکەن. ڕەفسەنجانی وەک نوێنەری گشتیی ڕژیم و سەرمایەدارانی بەشەکانی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، بە دەرکردنی دەیان هەزار کرێکار، ئازادکردنی نرخی دراو و بەتایبەتیکردن (خسووسیسازی)، هەوڵیان دا ئابووریی کۆماری ئیسلامی بخەنە سەر ڕێچکەی ئابووریی بازاڕی ئازاد و هەرچی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانیی سەرمایەدا تێکەڵ بن. بەڵام ناتەباییە ئابووری و سیاسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداری لە ئێران و سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ناو کۆمەڵگادا، ئەم هەوڵانەی تووشی شکست کرد. قەتڵە زنجیرەییەکان کە لە سەرماوەزی ١٣٧٧ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، بەو ئومێدە داڕێژرابوو کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان چاوترسێن بکات و دەرفەتێک بە دەوڵەتی خاتەمی بدات بەڵکوو سەرمایەداریی ئێران لە هەڵدێری وەرشکستبوون ڕزگار بکات. بەڵام نەفرەت و بێزاریی گشتی لەم جەنایەتانە لە ناوخۆی ئێران و ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی وڵات، دەوڵەتی خاتەمیی ناچار کرد دان بەوەدا بنێت کە کوشتنە زنجیرەییەکان کاری “وەزارەتی ئیتلاعات” بووە. بۆ پاکانەکردنی گشتیی ڕژیم، باقی سەرانی دەسەڵات بەرپرسیارێتیی کوشتنەکانیان خستە ئەستۆی چەند بڕیاردەرێکی ئەشکەنجە و کوشتار و چەند ئەشکەنجەگەرێکی وەزارەتی ئیتلاعات. بەرپرسانی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات دەستگیریان کردن و خستیاننە ژێر ئەشکەنجەگەلێکەوە کە پێشتر خۆیان لە دژی خەباتکاران و نەیارانی ڕژیم بەکاریان دەهێنا. لەم پەیوەندییەدا، فەرماندەرانی ئەشکەنجە و جەلادەکانی پێشوویان ئەوەندە ئازار دا کە ملکەچی سیناریۆ و دانپێدانانە خوازراوەکانی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیم بوون و بە ناچار و بە درۆ وتیان کە دەستی بیگانە، وەک دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاردا بووە و بە فەرمانی ئەوان کردوویانە. پاشان بەرپرسی سەرەکیی دۆسیەکەیان بە دەرمانی کوشندە لەناو برد و ئەوانی تریشیان بە زیندان مەحکووم کرد.
ئێستا و لە بیست و حەوتەمین ساڵوەگەڕی قەتڵە زنجیرەییەکاندا، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین قۆناغی تەمەنی خۆیدایە. قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران، وێرانبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، ڕانتخۆری، گەندەڵیی دامەزراوەیی و گەشەکردنی باندە مافیاییەکان لە نێو جەستەی دەسەڵاتدا، دەرئەنجامی توندبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەڵاوسان، گرانیی بێوێنە و پەرەسەندنی بێکاری، قەیرانی ژینگەیی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو ، دەوڵەتی بەناو “وفاقی میللی” پزشکیانی لە دابینکردنی نان و ئاو، کارەبا و هەوای پاکدا داماو و تووشی پەرێشانگۆیی کردووە. هاوکات شکستی سیاسەتی ستراتیژیی ناوچەیی و داڕمانی هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت”، بنبەستی پڕۆژەی ئەتۆمی، تێکشکانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی و ناکارامەیی دەزگای ئەمنیەتی و هەواڵگریی ڕژیم لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا، یەکێکی دیکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوەی ڕژیمی وێران کردووە و سەرانی ئەم ڕژیمەی تەنانەت لە ناو بەشێک لە ڕیزەکانی خۆیان و لایەنگرانیشیاندا لە “ئیعتیبار” خستووە و باڵە حکوومەتییەکانی لە گیانی یەکتر بەرداوە. لە دڵی ئەم ململانێ و کێشمەکێشانەدا، باڵەکانی ڕژیم لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا و هێزە ئورووپاییەکان و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ڕێکاری جیاوازیان گرتووەتە بەر. بەڵام جەناحە حکوومەتییەکان سەرەڕای هەڵوێستی جیاواز بەرامبەر بە دوژمنی دەرەکی، ڕوو لە خەڵک و “دوژمنی ناوخۆ” شمشێریان لە ڕوو بەستووە و لە دەوری ستراتیژیی سەرکوت وەک ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی، یەکگرتوو عەمەل دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای ئەوەی ڕژیم هێشتا توانای سەرکوتی ماوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی توانای وەڵامدانەوەی بە خواستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی نییە و کۆمەڵگاش مەرعوبی سەرکوتگەری و شەپۆلی لەسێدارەدانەکان نەبووە، پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بووەتە ئەمرێکی حەتمی. ئاسۆی گەشەکردنی ئەم بزووتنەوانە کە دەتوانێت هاوکێشەکانی سەرەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت، سەرانی ڕژیمی خستووەتە نێو ترسێکی بەردەوام و کابووسی ڕووخانەوە.
سەرەنجام ئەو ڕۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای خەڵکی ئازارچێشتوی ئێراندا دادگایی بکرێن، نهێنییە پەردەپۆشکراوەکانی ئەو جەنایەتە بێشوومارانەی ئەنجامیان داوە ئاشکرا بێت و سزای شایستەی خۆیان وەربگرن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە