فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەراری پەسندکراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە لایەنی جیابۆوە لە حیزب و کۆمەڵە
شەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۱   |  23-04-2022
قەراری پەسندکراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە لایەنی ئینشعابی لە حیزب و کۆمەڵە

لەو جێگەوە کە کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەهۆی تێپەڕینی چەند مانگ لە ئینشعابی باڵی ڕاست، هەڵسەنگاندنی قەیران و کێشمەکێشە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی نەخستە دەستووری کاری خۆیەوە، بەم پێیە:

١ – کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە ئینشعابی بەرەی ڕاست لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و تێبینییەکانی لەسەر ماهییەتی ناکۆکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکان لەگەڵ باڵی ئینشعابی، کە لەڕێکەوتی ٢٦ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢ بڵاو بۆوە، پەسند دەکات.

٢ – لەو جێگەوە کە ڕێبەریی لایەنی ڕاست لە کردەوەیەکی ئینحیلال تەڵەبانەدا بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی جەناحی و بە ڕێگری لە بەشداریی گشت ئەندامانی لایەنی چەپی تەشکیلات لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەم کۆنگرەیە بە بیانووی بێ­بنەمای پێکهێنانی ڕێکخراوەی موازی، بەکردەوە ئینشعاب و جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە ڕاگەیاند و بەکردەوەی دەرهێنا. هەروەها لەو جێگەوە کە لە کاتی ئەم ئینشعابەدا زۆرینەی حەفتا و پێنج لەسەدیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە حاڵی ئەنجامدانی ئەرکە ڕووتینەکانی خۆیدا بوو، بەم پێیە کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەکارهێنانی ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەلایەن باڵی ئینشعابییەوە بە کردەوەیەکی تاکتیکی و هەلپەرستانە و لەبواری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە بە ناڕەوا و نامەشرووعی دەزانێت.

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١

١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٢

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە ئینشعابی بەرەی ڕاست لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

ناکۆکیی سیاسی و تەشکیلاتی و قەیرانێک کە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی بەکردەوە بە دوو بەرە و باڵی جیاواز لە یەک دابەش کردبوو، لەئێستادا و لەسەر بڕیار و کردەوەی ڕێبەریی بەرەی ڕاست بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی جەناحی کۆمەڵە، گەیشتە دوایین قۆناغی خۆی. کۆمیتەی ناوەندیی ئێستای کۆمەڵە بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی جەناحی و بە ڕێگری لە بەشداریکردنی هەموو ئەندامانی باڵی چەپ

لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەم کۆنگرەیە بە بیانووی بێبنەمای پێکهێنانی ڕێکخراوەی موازی، و بە وەلانانی زۆربەی ئەندامانی ڕێکخراوی ناوەوەی وڵات، بەکردەوە ئینشعاب و جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە و لە سوننەتی پێشڕەو و شۆشگێڕانەی هەتا ئێستای، ڕاگەیاندووە و بەڕێوەی بردووە.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەو باوەڕەوە کە رەوتی ئێمە ئامرازی خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوە و مافی خۆیانە لە چارەنووسیدا بەشدار بن و لە پرس و کێشەکانی ئاگادار بن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا و سەرەڕای کارشکێنی باڵی ڕاست هەوڵی داوە لە ڕێگەی میدیا حیزبیەکانەوە بیروڕای گشتی، بەتایبەت هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە لە جەرەیانی ماهییەتی واقعیی کێشە و ناکۆکیەکان و سیمای سیاسیی قەیرانی ناوخۆیی حیزب ئاگادار کات.

بوونی بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە کە بە ڕشتەی جۆراوجۆرەوە بە کۆمەڵگاوە پەیوەند دراون و بەتایبەت لە کوردستان خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتین، بەردەوام بەشێک لە ماهییەتی ئەم جەریانە بووە. بوونی بۆچوونی جیاوازی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی لەم حەقیقەتە ساکارە سەرچاوە دەگرێت کە کۆمەڵگا بە چینی ناتەبا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی فیکری و سیاسی و سوننەتی جیاواز دابەش بووە. چینەکان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا لە حاڵەتی ناکۆکی و دژایەتیی بەردەوامدا، هێندێک جار بەنهێنی و هێندێک جار بەئاشکرا، لە حەرەکەت و جموجۆڵ دان. لەسەر بەستێنی ناکۆکی و کێشمەکێشی چنیایەتی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە ئامانجی جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدەن. پارتە سیاسییەکان کە لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە سیاسی وکۆمەڵایەتییانە پێک دێن، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ناکۆکیی دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگا و پێگەیاندنی ئەم خەباتەدا هەیە و خۆیان بە ناچار ئەم کێشمەکێشانە بە شێوازی جۆراوجۆری تێئۆریک، سیاسی و شێوەکار لە ناو خۆیاندا نیشان دەدەن. پێکهاتە و پێگەی کۆمەڵایەتییەک کە پارتە سیاسییەکان بەدەستی دێنن، دەرخەری قۆناغەکانی پێگەیشتنی هەر ئەم چینە کۆمەڵایەتییانەن. کەوابوو هەموو مەسەلەکە لەسەر ئەوەیە کە ڕەوتێکی کۆمۆنیستی چۆن لەناو ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو کێشمەکێشەی کە تا ئاستێکی زۆر ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشەکانی ناو کۆمەڵگایە، بەرژەوەندی حەرەکەتی مێژوویی چینی کرێکار دەپارێزێت و سالم، یەکگرتوو و چالاک بێتە دەرێ.

بەم تێگەیشتنە لە ڕیشە و پێگەی بۆچوونی جیاوازی سیاسی لەناو حیزب و هەڵوێست گیرییەکان بوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هاوڕێیانی ڕێبەریی حیزب، ڕوو بە لایەنی بەرامبەر، کە لەگەڵ هێندێک لە بنەما فیکرییەکان و خەتی ڕەسمی حیزب تووشی کێشە و ناکۆکی هاتبوون و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە ئەم ناکۆکیانەیان لە ناو تەشکیلاتدا دەهێنا گۆڕێ و بەکردەوەیان دەردێنا، هانمان دەدان تا بۆچوونەکانی خۆیان لە ئاستی عەلەنیدا بخەنە بەر قەزاوەت. بەداخەوە ئەم هاوڕێیانە لەجیاتی ڕوون کردنەوەی بواری سیاسی، فیکری و بەرنامەیی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حیزب، و خستنە بەر قەزاوەتیان لەئاستی عەلەنی و وڵامدانەوە بە ناڕوونی و پرسیارەکان لەم بارەوە، شێوازی دیکەیان گرتەبەر. ئەوان لە بەرامبەردا، بەو کەمپەینانەی کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتدا وڕێیان خست، داکۆکیکارانی پەیگیری بەرنامە و ستراتێژ و بنەما فیکریەکانی حیزب و کۆمەڵەیان بە ڕەوتی سیاسیی دەرەوەی حیزب نیسبەت دا، ئێمەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەمانەوێ کۆمەڵە لاواز بکەین و ئۆردووگاکەی لە کوردستانی عێراق کۆبکەینەوە، تۆمەتی کۆدتا دژ بە دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵەیان هێنایە گۆڕێ و بەم جۆرە کەمپەینانە و بە تەپ و تۆزێک کە وەڕێیان خست، فەزای سیاسیی ناو تەشکیلاتیان مەسمووم کرد تا ئامانجی تەشکیلاتیی خۆیان بەرەوپێش بەرن. ئەم هات و هاوارە تەبلیغاتییە لە حاڵێکدا بوو کە خۆیان بەکردەوە لە بنەماکانی بەرنامە و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە دوور کەوتبوونەوە و سیاسەت و هەڵوێستێکیان گرتبووە بەر کە لەگەڵ بنەماکانی سیاسەت و تاکتیکەکانی حیزب و کۆمەڵە یەکی نەدەگرتەوە. بەدەر لەوەیکە ئەم هاوڕێیانە شێوازی خەباتی سیاسیی خۆیان چۆن پاساو دەکەن، ڕوون و ئاشکرا بوو کە هێندێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەم باڵە لەگەڵ بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چالاکیی سەرتاسەری دژایەتییان بوو و خوازیاری لەناوچوونی بوون و هەروەها لەگەڵ زۆرێک لە تەوەرەکانی بەرنامە و ستراتێژی لەوانە سەرهەڵدانی شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی سۆسیالیسم لە وڵاتێک، دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان، شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵ حیزبە بورژوایی و ناسیۆانالیستەکان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە ئاستی سەرتاسەری و لە کوردستان، شێوکاری کۆمۆنیستی و دیمۆکراسی ناوخۆی تەشکیلاتی کێشەی جیددیان هەیە.

لە کادری ڕێبەری و بەدەنەی باڵی ڕاستدا، بوونی ئاراستەیەک کە هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و تێکەڵ کردنەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی کردووەتە میحوەری چالاکییەکانی خۆی، حاشاهەڵنەگرە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەو باروودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە ٣٨ ساڵ لەمەوبەر پێویستیی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی هێنایە گۆڕێ، نەتەنیا هەروا لەسەر جێگای خۆیەتی، بەڵکوو بەهێزتریش بووەتەوە. لەو ماوەیەدا جەمعییەتی ئێران دوو بەرابەر بووە، جەمعییەتی بنەماڵە کرێکارییەکان پتر لە ٤٥ ملیۆن کەس چووەتە سەرێ. ژمارەی کرێکارانی سەنعەتی پێنج بەرابەر بووە، تەوەری کۆمەڵایەتی نوێ هاتووەتە ئاراوە، گۆڕانکاریی مەزن لە وشیاریی کرێکاران و جەماوەردا پێکهاتووە، شارنشینی پەرەی سەندووە و ئەو کۆمەڵە گۆڕانکارییە لەچاو ساڵەکانی سەرەتای چالاکیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئێمەی خستووەتە باروودۆخێکی تەواوەن جیاوازەوە. ئەم هاوڕێیانە کە خوازیاری تێکەڵ بوونی تەشکیلاتی حیزب لەناو کۆمەڵە و لە ڕاستیدا خوازیاری نەمانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن، ناتوانن لەو ئەرکە گەورانەی کە لەم قۆناغەدا کەوتووەتە سەر شانمان، تێ بگەن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەگەر کەسێک ئاسۆیەکی ڕوونی لە پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی هەبێت، ئەوکات پێویستی بە ڕێکخراوێکی وەک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ بەشداربوون لە وەدیهێنانی ئەم ئاسۆیە دەبێت. هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەئاشکرا لە خزمەت لاوازکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێران دایە.

لە بواری کوردستان و لە ڕوانگەی خەبات و ژیانی خەڵکی کوردستانیش بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چالاکی لەم قالبەدا پێویستە. لە سەردەمێکدا کە ناسیۆنالیسم بە یارمەتیی هەموو پاشەکەوتە کلتووری و سیاسی و بەرنامەییەکانی خۆی، دووبەرەکایەتی و ناکۆکی لەناو ڕیزی کرێکارانی نەتەوە جۆراوجۆرەکاندا پەرەپێدەدات و هەموو ڕۆژێ شایەدی ئەو کارەساتانەین کە لەژێرناوی بەرنامە و ڕێوشوێنی سیاسیی ناسیۆنالیستی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان ڕوو دەدات، لێرە لە کوردستانیش پشت ئەستووربوون بە حیزب و ڕێکخراوێکی سەرتاسەری و کۆمۆنیستی بەشێوەیەکی کاریگەرتر یارمەتیدەری بەهێزکردنی هاوپشتی چینایەتی کرێکارانی کورد و غەیرە کورد دەبێت و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینایەتی ئەمڕۆ و داهاتووی کرێکارانی کورد و غەیرە کوردیش درێژەی چالاکی لەژێرناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا زەروورییە. ئێمە لەم سەنگەرەدا باشتر دەتوانین هاوپشتی چینایەتی مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتیە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەهێز بکەین. چالاکی ئێمە لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و حزوور لە بەرەی خەباتی کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان دژبە کۆماری ئیسلامی، ئێمە لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی پرۆژەکانی بوڕژوازی ئێران کە دژبە ڕەواندنی ستەمی نەتەوەیی لە ئارادایە، دەخاتە پێگەیەکی یەکجار باشترەوە. ئەگەر جمووجۆڵی حیزب و هێزە بورژواکانی کوردستان لە هاوڕێیەتی لەگەڵ باقی بزووتنەوە ئۆپۆزیسیۆنە بورژوازیەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی ئالتێرناتیڤی حکوومەتی و هاوکات کوتانی تەپڵی دانوستان لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی خەڵکی کوردستان کە لەم ڕۆژانەدا لەئارا دایە، لەبەرچاوبگرین، ئەوکات لە گرینگی کارکردن لەم بوارەدا باشتر تێدەگەین. و سەرەنجام لە بواری زەروورەتی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی کورد بەشێوەی بنەڕەتی و بەقازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ژێر ستەمی کوردستان، کۆمەڵە لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا باشتر دەتوانێ ستراتێژی و بەرنامەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی پەیگیری بکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەدەر لە هەڵسەنگاندنی ڕابردووی و بەدەر لە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەمڕۆی، بەخاتری ئەو واقعییەتانەی کە باسیان لێکرا، بوونی زەروورییە. بەڵام ڕێبەریی باڵی ڕاست کە گشت هەوڵەکانی لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە مەسیری هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بووە، لە ئێستادا تەنیا لە ڕووی هەڵوێستێکی تاکیتیکی و ئۆپۆرتۆنیستی و بۆ پاراستنی هێز لە جەرگەی کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی حیزب و کۆمەڵە، خۆی وەک لایەنگری مانەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نیشان دەدات.

میحوەرێکی دیکەی جێگای کێشە و ناکۆکی لەگەڵ هاوڕێیانی لایەنی بەرامبەر، مەسەلەی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان و شێوازی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ حیزبە بورژوایی و ناسیۆنالیستەکان لە کوردستانە. لە حاڵێکدا کە بەپێی بەڵگەی ستراتێژی کۆمەڵە لە کوردستان یەکێک لە پێش مەرجەکانی وەدیهاتنی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، پووچەڵ کردنەوەی هەوڵەکانی حیزبە بورژواییەکانی کوردستانە بۆ جێنشین کردنی ئۆرگانە بورژوازییەکانی باڵاسەری خەڵکی ناوچەیی لەجێی ناوەندەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە، ڕێبەریی لایەنی بەرامبەر لەسەر گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان تەنانەت لە وردەکاریەکانیشی دا، لەسەر پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک پێداگری دەکەن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەزموونی مێژوو زۆر جار نیشانی داوە کە دەسەڵاتداریەتی خەڵک و بە بۆچوونی ئێمە دەسەڵاتداریەتی شۆرایی لە کوردستان تەنیا و تەنیا دەتوانێ بەرهەمی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە خوارەوە بێت. واتە هەمان بزووتنەوە و ئاخێزی جەماوەری کە دیمەنێکیمان لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بینی، دەتوانێ پێداویستییەکانی ڕووخان و لێکبڵاوبوونی هێز و پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان مەیسەر بکات و کۆتایی بە داگیرکاری لە کوردستان بێنێت. تەنیا وەها بزووتنەوەیەکی هەڵقوڵاو لە قووڵایی کۆمڵگاوەیە کە دەتوانێ لە ناو دڵی خۆیدا ناوەند و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتداریەتیی جەماوەری لە شار و گوندەکانی کوردستان بەرپا بکات و بە ڕێکخستنی پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات. لە سەردەمی قەیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا کاتێک کە جەماوەر وەحەرکەت دەکەون و ناوەند و ئۆرگانەکانی سیستەمی دەسەڵاتدار دەڕووخێنن، دەست بۆ ئامرازە بەردەستەکانی داسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی دەبەن و هەر بۆشاییەک لە سیستەمی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا بە بەرپاکردنی ناوەند و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری پڕ دەکەنەوە و ئیدارەی گەڕەک و شارەکان بەدەستەوە دەگرن. بێگومان پارتە ناسیۆنالیستەکان لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا ڕادەوەستن و هەر لە ئێستاشەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاخێزی جەماوەری خەڵک و لەباربردنی نەخشە دادەڕێژن. سەرمایەداران و پارتە بورژوازییەکان لە هیچ شوێنێکی جیهان، دەسەڵاتیان دوو دەستی تەحویلی خەڵک نەداوە تا لە کوردستانی ئێران پارتە ناسیۆنالیستەکان لە ڕێکەوتن لەگەڵ “کۆمەڵە”، دەسەڵات تەحویلی جەماوەر بدەن. لە جەرەیانی قەیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا هەمیشە مەسەلەی دەسەڵات یەکێک لە مەسەلە جێگای کێشمەکێشە توندەکانی چینی باڵا و پارتە سیاسییەکانی سەر بەوان لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری بێبەش و ستەملێکراو بووە. ئەم باوەڕانە کە لە ئەزموونی مێژوودا زۆر جار سەلمێندراون، یەکێک لە پایەکانی ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە. مەسەلە ئەوەیە کە هەروەک حیزبە ناسیۆنالیستەکان لیبڕاوانە بەشوێن ستراتێژی خۆیانەوەن و کۆنتڕۆڵی ڕاپەڕینی خەڵک، گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حیزبەکان، پێکهێنانی سوپای نیشتمانی و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و ڕفاندنی دەسەڵات لە دەستی خەڵکیان خستووەتە دەستووری کاری خۆیانەوە، کۆمەڵەش پێویستە بە ڕۆشن بینی و بەشێوەی لێبڕاوانە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی بەهێزکردنی وتاری دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کۆمەڵگای کوردستان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی لە شار و گوندەکانی کوردستان لەسەر بەستێنی گەشەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و چەکدارکردنی جەماوەر لە دواڕۆژی ڕاپەڕینی سەرکەوتووانەی خەڵکدا بێت. هەروەک حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە ستراتێژی گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی پشت بەستوور بە سیستەمی پەرلەمانی و پێکهێنانی سوپای نیشتمانی و دووپات کردنەوەی ئەزموونی کوردستان عێراق لە ئێران کۆتا نایەن، کۆمەڵەش نابێ بە پەرەپێدانی خۆشباوەڕ لە بواری ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەسەر پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک، ستراتێژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی و چەکدارکردنی جەماوەری ڕێکخراو لەناو شۆراکان بخاتە پەراوێزەوە و بەکردەوە ببێتە شوێن کەوتووی پڕۆژەی حیزبە بوژواییەکان لە کوردستان.

میحوەرێکی دیکەی جێگای کێشە و ناکۆکی لەناو تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کێشە لەسەر ئیمکانی دامەزراندنی سۆسیالیسم لە وڵاتێکە. بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی لایەنی ڕاست زۆر جار باسی تێزی “وەدی نەهاتنی سۆسیالیسم لە وڵاتێک”یان کردووە. لە حاڵێکدا بۆ حیزبی ئێمە کە لەسەر ستراتێژی شۆڕشی کرێکاری و حکوومەتی شۆرایی کرێکاران پێداگرێ دەکات دەبێ ڕوون بێت، کاتێک چینی کرێکار شۆڕشی کرد و دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە گرت، ڕێگایەکی بێجگە لە ئەوە لەبەر دەم نییە کە بۆ گۆڕینی ئابووریی کۆمەڵگا لە پێناو ئامانجەکانی خۆی بەرنامەڕێژی بکات. ئاشکرایە کە دەسەڵاتی کرێکاران بە دەرکردنی چەند فەرمان ناتوانێ سۆسیالیسم لەجیات سەرمایەداری دامەزرێنێ. بەڵام حکوومەتی شۆرایی کرێکاران دەتوانێ کەرەستەی دەوڵەتی بەکار بێنێت تا لە ڕێگەی بەرنامەڕێژی وردبینانەی ئابووری بۆ نیزامی هاوبەش و سۆسیالیستی، ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی کورت و خێرا بکاتەوە. بۆ حکوومەتی کرێکاران ڕوون و ئاشکرایە کە سۆسیالیستی کردنی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگایەکی سەنعەتیی وەک ئێران دەتوانێ لەو بەشە سەنعەتیە سەرەکیەکانەوە دەست پێبکات کە کەمترین کێشە و کۆسپیان لەسەر ڕێیە. هەرچی سۆسیالیستی کردنی بەرهەمهێنان لە لقە جۆراوجۆرەکاندا دەستکەوت و خاڵە ئەرێنییەکانی خۆی لەپێناو وڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی مرۆڤ ئاشکراتر بکات و ئازادیی ڕاستەقینەی مرۆڤ ڕیشەدارتر بێت، دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەریی بەرهەمهێنەرانیش بوێرانەتر بەرەو پێشکەوتنی سۆسیالیسم هەنگاو هەڵدەگرێت.

لە لایەکی دیکەوە، لە حاڵێکدا کە هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی لە ئێران و لە کوردستان بەشێک لە ستراتێژی و سیاسەتی ڕەسمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەڵوێستگیری پلێنۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و کۆمەڵە بووە، بەڵام ڕێبەریی باڵی ڕاست بە شێوازی جۆراوجۆر لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا کارشکێنیان کردووە. دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی هەوڵدان بۆ پێک هێنانی بلۆکێکی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان بەو مانای نەبینینی واقعییەتەکانی ککۆمەڵگای کوردستانە. کۆمەڵگای کوردستانیش کۆمەڵگایەکی چینایەتیە، لەم کۆمەڵگایەشدا لە جەرگەی کێشمەکێش و ڕووبەڕوو بوونەوەی چینەکان، بزووتنەوەکان و ئاراستەکان و سوننەتە جیاوازە سیاسیەکان وەک حەقیقەتێکی بابەتی و حاشاهەڵنەگر، بوونیان هەیە و هەر کام لەم سوننەت و ئاراستە سیاسی و کۆمەڵایەتیە جێکەوتووانە، خۆیان بەستێنی شکڵ گرتنی حیزب و لایەنە جۆراوجۆرە سیاسیەکانیان پێکهێاوە. ئاراستەی ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوە و سوننەتی ناسیۆنالیستی و بزووتنەوەی سۆسیالیستی هەر کامیان بەشێک لە حەقیقەتی بابەتیی کۆمەڵگای کوردستان پێک دێنن. لە کوردستان لەسەر بەستێنی ئاراستەی ناسیۆنالیستی وەک بەشێک لە ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتی، حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر پێکهاتوون و چالاکی دەکەن و خاوەن کادر، پێشینەی مێژوویی و سوننەتی جێکەوتووی خۆیانن. لەو نێوەدا بزووتنەوە و ئاراستەی سۆسیالیستی لە کوردستانیش لەم یاسایە بەدەر نییە. لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە بابەتی و واقعییە، کۆمەڵە و حیزبە جۆراوجۆرە سیاسییەکان چالاکی دەکەن. ئەم بزووتنەوەیەش کادر و سوننەتی خەباتکارانەی ناسراوی خۆی هەیە. سوننەتی مانگرتنی گشتی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی، بەرپاکردنی ئاکسیۆنەکانی ڕۆژی جیهانیی ژن، دیفاع لە مافی منداڵان و بەربەرەکانی لە دژی تێکدانی ژینگە، بەشێک لە سوننەتەکانی ئەم بزووتنەوە و ئاراستە کۆمەڵگایەتییە دێنە ئەژمار. ئەوە ڕاستە کە کۆمەڵە لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا خاوەن نفووزی کۆمەڵایەتی و ئیعتبارێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام حیزبە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی دیکەش لەسەر بەستێنی هەر ئەم سوننەتە خەباتکارانەیە لە کوردستان چالاکی دەکەن. ئەم حیزبانە بەدەر لە هەڵسەنگاندنێک کە سەبارەت بە بەرینایی چالاکی و نفووزی خۆیان هەیانە، بە بەرنامە و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیان لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا بوونیان هەیە. هەربۆیە ئەگەر بزووتنەوە و ئاراستەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان ئاراستەیەکی حیزبییە، ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستیش لەم کۆمەڵگایەدا ئاراستەیەکی حیزبییە. لە جەرگەی ئەم باروودۆخەدا، هەوڵی چەند ساڵ لەمەوبەری حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بۆ چوونە ناو ناوەندی هاوکاری و ڕێکەوتنیان لەسەر بنەمای هاوبەشی هاوکاری لە باری مێژووییەوە لە کۆمەڵگایەکی حیزبیی وەکوو کوردستان هەنگاوێکی بەرەوپێشە و هەڵبژاردنی سیاسی لە نێوان ڕاست و چەپی کۆمەڵگا بۆ جەماوەری خەڵک ئاسانتر دەکاتەوە. کاری ئێمە دژایەتی لەگەڵ پێکهاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبە ناسیۆنالیستەکان نییە، بەڵکوو کۆمەڵەش پێویستە لە هەڵوێستی وڵامدانەوە بە نیازی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان دەست پێشخەری پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان بێت. بێگومان هەوڵ بۆ ڕاکێشانی هاوکاریی پایەداری باقیی حیزب و هێز و گرووپە کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و پێکهێنانی ئەم جەمسەرە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستییە و ڕێکەوتن لەسەر وردەکاریی پڕۆژەکانی وەڕێخستنی کەمپەینی سیاسی و تەبلیغیی سەرکەوتوو، دەتوانێ بەهێز بوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستانی لێ بکەوێتەوە. هەروەک زۆر جار پێداگری مان لەسەر کردووە، بە وەڕێخستنی بزووتنەوەی بێکاران دژبە بێکاری و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان، کەمپەین لە دەوری دیفاع لە بەیانییەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، هەوڵی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی وتاری دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لەناو کۆمەڵگا، دەتوانین حەرەکەتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە کوردستان بەهێز بکەین. بەم هەوڵە هاوبەشانە لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان کە پڕە لە ئەزموونی خەباتکارانە، دەکرێ دەرفەتی تازە بخوڵقێت، و لەسەر بەستێنی بەرەوپێش بردنی ئەم چالاکییانەیە کە بزووتنەوە و وتاری سۆسیالیستی لە کوردستان دەتوانێ ڕۆڵی ڕێبەری بەدەست بێنێت. بە وەڕێخستنی ئەم کەمپەینە کاریگەرانە لە کوردستانە کە هەزاران “تاک”ی کۆمۆنیست و چەپ و ڕادیکاڵ بە ئاراستەی سیاسی و بۆچوونی جیاوازەوە پەیوەستی دەبن و جێگا و پێگەی خۆیان لەناو ئەم کەمپەینانەدا دەبیننەوە.

*****

بەڵام لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەو کێشە  و ناکۆکییە سیاسیانە کە بە کورتی باسمان لێکرد، ئەم ناکۆکییانە بەتەنیا باروودۆخی قەیراناویی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرەنجام جیابوونەوەی باڵی ڕاست دەرناخەن. ئەم بۆچوون و نەزەرانە ئەگەرچی بەپێچەوانەی سیاسەت و هەڵوێستیی ڕەسمیی حیزبن، بەڵام بوونیان لەناو حیزبێکی سیاسیی کۆمۆنیستیدا دیاردەیەکی نائاسایی نییە. ئەم بۆچوونە جیاوازانە دەکرا لە فەزایەکی سالمدا بدرێنە بەر باس و پەیگیری کرابان. ئەگەر ئەم هاوڕێیانە لە جیات نکۆولی کردن لە بوونی بۆچوونی جیاوازی سیاسی و ئیدیعای ئەوەیکە ناکۆکیی و جیاوازییەکان گەورە کراونەتەوە، باسەکانیان بەشێوەی عەلەنی و ڕوو بە کۆمەڵگا باس کردبایە، بەجۆرێک کە لە دەرەوەی ئێمەش بزانن ناکۆکییەکان لەسەر چین، بەم کارە دەیانتوانی لانیکەم یارمەتیدەری شەفافتر بوونی تەوەرە کێشە لەسەرەکان و گرووپبەندییە سیاسییەکانی ناو حیزب بن. تەنیا بەم شێوەیە و بە پابەندبوون بە سوننەتی شۆڕشگێڕانە بوو کە دەیانتوانی سەرەڕای بوونی جەناح بەندیی سیاسی بە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی تەشکیلاتدا هەنگاو هەڵگرن. بەڵام ئەم هاوڕێیانە لە لایەکەوە بە حاشالێکردن لە بوونی کێشە و ناکۆکیی سیاسی و لە لایەکی دیکەوە بە گرتنەبەری ئەو ڕەوشت و شێوەکارە یەکجار نادیموکراتیکانەی کە لە خەباتی سیاسی و تەشکیلاتیدا گرتیانە بەر، قەیرانی ناو تەشکیلاتیان ئاڵۆزتر کردەوە و بوون بەهۆی پێکهاتنی بەستێنی جەمسەربەندیی توند و پڕ لە گرژی و سەرەنجام جیابوونەوە.

ئەوان بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی ئینشعابی سازمانی زەحمەتکێشان و جیایی فراکسیۆنی چالاکی لەژێرناوی کۆمەڵە، دەیانزانی کە لە تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەدا لە دەوری سیاسەتی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، دژایەتی لەگەڵ شۆڕشی کرێکاری و وەدی نەهاتنی سۆسیالیسم لە یەک وڵات، دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان و دژایەتی لەگەڵ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی ناتوانن زۆربەی ئەندامانی حیزب بەلای خۆیان دا راکێشن. هەربۆیە بە پەرەپێدانی ئەو جۆرە ئاژیتاسیۆنانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا و ئاڵۆز کردنی فەزای سیاسیی تەشکیلات بەتایبەت لە قۆناغی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بەشێوەی بەرچاو لە قۆناغی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حەڤدە و کۆنفڕانسی دوازدەهەمی تەشکیلاتی دەرەوە هەوڵیان دا تا بیروڕای ئەندامانی کەم ئەزموون لەپێناو بەرەوپێش بردنی پڕۆژەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی یەکدەست بۆ ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی ڕێبەری موهەندیسی بکەن. ستراتێژیی تەشکیلاتیی ئەوان داگیرکردنی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلات و ڕێبەریی حیزب و کۆمەڵە لە ڕێگەی درۆنانەوەی سازماندراو بوو. ئەوان دەیانویست لەم ڕێگەوە دەست بەسەر ئۆرگانەکانی ڕێبەری دابگرن و ئەمجارەیان بەڕێوەبردنی هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆیان کە لە بەرامبەر بنەما بەرنامەیەی و ستراتێژیەکانی حیزب و کۆمەڵە دا بوون، وەک درێژە و ئیدامەی سیاسەت و هەڵوێستی هەتا ئێستای حیزب و کۆمەڵە بخەنە بەر چاو. ئەم هاوڕێیانە دەیانویست هەڵوێستی ڕاستڕەوانەی خۆیان لەژێر پۆششی چەپدا بەڕێوەبەرن. هەر بۆیە بەنیسبەت کوتنی ئەم راستییە ساکارە کە هەڵوێست و بۆچوونەکانی ئەوان بەشێوەی بابەتی دەکەوێتە بەرەی ڕاستی بنەمای بەرنامە و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، یەکجار تووڕە دەبن و هەڵدەچن. ڕێبەریی بەرەی ڕاست لە حاڵێکدا بەئانقەست تێبینیی ڕاست و چەپ لە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزب و کۆمەڵە بە هۆکاری پێکهاتنی دووبەرەکایەتی و لێک ترازانی ڕیزەکانی تەشکیلات پێناسە دەکات کە خۆیان لەوە ئاگادارن، و ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی ناو حیزبیش بەڕوونی نیشانی دەدات، ئەوکاتەی کە ئەم لێکدانەوە لە ماهییەتی کێشە و ناکۆکیی سیاسی بەپێی بەڵگە و هەڵوێستی ڕەسمیی حیزب لە کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتیدا باسی لێکرا، یەک ساڵ و نیو لە داڕشتن و موهەندیسی کردنی کۆنگرەی حەڤدەی کۆمەڵە تێپەڕ ببوو و پتر لە یەک ساڵ بوو کە ئەم تەشکیلاتە بە دوو باڵی جیاواز دابەش ببوو و شێوەکاری پاوانخوازانەی ئەوان بەردەوام ئەم بۆشاییەی قووڵتر کردبۆوە.

ڕێبەریی باڵی ڕاست بە هاتوهاواری یەکگرتووخوازانە و جەنجاڵ نانەوە لە دەوری ئەوەیکە بۆچی ئەم تەشکیلاتەتان بە ڕاست و چەپ دابەش کردووە، بەکردەوە، پتر لە دوو ساڵە لە مەسیری هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا هەنگاو هەڵدەگرن. ڕێبەریی ئەم باڵە لە کۆمیتەی ناوەندیی ئێستای کۆمەڵە و کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر، پتر لە دوو ساڵە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب سەبارەت بە ڕاگرتنی ئەندام وەرگرتنیان پێشێل کردووە و بەردەوام بۆ بەرەی خۆیان ئەندامیان گرتوە. بەدرێژایی ئەم ماوە حوکمی تەنبێ کردن و دەرکردن لەریزەکانی حیزب و کۆمەڵە و لێستاندنەوەی بەرپرسایەتی تەشکیلاتی، بەسەر سەری نیوەی ئەندامانی ئەم تەشکیلاتەوە بووە کە لە باڵی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتدا نەبوون. لەژێر ئەمجۆرە گوشارانەدا لە دەرەوی وڵات پتر لە دە کەس لە کادرە لەمێژینەکانی ئەم حیزبە تەنیا لەبەر ئەوەیکە نەیاندەویست حوکمی دەکردن لە پەروەندەی خەباتکارانەی چل ساڵەیاندا بێت ئیستعفایان دا و ڕۆیشتن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە هێستاش خۆیان بە کەسی ئەم تەشکیلاتە دەزانن. لە تەشکیلاتیی عەەلەنیی کوردستاندا ئەو ئەندام و پێشمەرگانەی کە لە بەرەی کۆمیتەی ڕێبەریدا نەبوون بەردەوام لەژێر گوشاردا بوون. بەهۆی لایک کردنی بابەتی کەسێکی ڕەخنەگر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەندام و پێشمەرگەکان بانگ کراونەتە دەبیرخانە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی تەنبێ کردنیان لێکراوە و بەو ڕەوشتە نامرۆڤانە و دژەدیمۆکراتیکانە، بەردەوام هاوڕێیانی ئێمەیان بۆ جێهێشتنی تشکیلات بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی ئۆردووگا دەخستە ژێر گوشارەوە.

ڕێبەریی لایەنی ڕاست لە حاڵێکدا کە گشت ئیمکاناتی ماڵیی لەدەست دابوو و بە وەها کردەوەگەلێکی تێکدەرانە بەشێک لە تەشکیلاتی بە بارمتە گرتبوو، بەردەوام لەسەر گرتنی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک ڕێگای چوونەدەرەوە لەم قەیرانە پێداگریی دەکرد. ئەم پێداگرییە لە حاڵێکدا بوو کە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە ئامادەکردنی ئایین نامەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی سێزدەهەم و بڵاوکردنەوەی لەناو ئەندامانی حیزب مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ بەرابەر لەگەڵ نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، بریاری لێبڕاوانەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٣ی حیزب ڕاگەیاندبوو. بەپێی ئەم ئایین نامەیە کە لە ئاستی عەلەنیشدا بڵاوکراوەتەوە، هەر دوو باڵی ناو حیزب و کۆمەڵە دەتوانن بە نیسبەت وەزنێک کە هەیانە لە کۆنگرەدا بەشداری بکەن و نوێنەرایەتی بکرێن، بەپێی ئەم ئایین نامەیە ئەندامانێک کە بەشێوەی جەناحی وەرگیراون لە بەشداری لەم پڕۆسەیە مەنع دەکران. ئەم ئایین نامەیە بەشێوەی تەواوەن دیمۆکراتیک ئیرادەی هەموو ئەندامانی هەر دوو باڵەکەی لە دیاریکردنی چارەنووسی حیزب دابین دەکرد. بەڵام لە بەرامبەر هەوڵی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٣، کۆمیتەی ناوەندیی ئێستای کۆمەڵە بە نووسینی تۆمارێک دژبە ناوەرۆکی ئەم ئایین نامەیە کە خودی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە لە سەرووی لیستی واژۆکارانییەوە بوو، بەئاشکرا پابەند نەبوونی خۆیان بەم ئایین نامەیە ڕاگەیاند و بە کارشکێنیی خۆیان بەکردەوە ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ی حیزب کرد. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بەپێی ئەساسنامە، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک باڵاترین ئۆرگانی حیزب لە ماوەی دوو کۆنگرەدا بەرپرسی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەیە و بە جەنجاڵ نانەوە ناکرێ ئیختیاری ئامادەکردنی ئایین نامەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی لێ زەوت بکرێت.

بەڵام کارشکێنی و کردەوەی دژەدیموکراتیکی ڕێبەریی باڵی ڕاست بەوانە سنووردار نەبۆوە. کۆمیتەی ڕێبەریی ئێستای کۆمەڵە بە ڕێگری لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب، کە لە تەشکیلاتی عەلەنیی کوردستاندا حزووریان هەبوو، لە بەشداری کردن لە کۆبوونەوەکانی ئەم کۆمیتەیە و سازمان نەدانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە چالاکییەکانی رێکخراوی کوردستانێ حیزب و پاوانکردنی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کومسیونی ماڵی، پانتاییەکی تازەیان بە شێوەکاری دژەدیمۆکراتیک و ڕەفتاری پێچەوانەی پێوەرەکانی دیمۆکراسیی ناو تەشکیلات بەخشی. کۆمیتەی ناوەندیی ئێستای کۆمەڵە بە یەکدەست کردنی کۆمیتەی تەلەڤیزیۆن کە بەپێی پێناس دەبوایە هەم تەبلیغاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەم کۆمەڵە بەرەوپێش بەرێت، سیاسەتی وەلانانی سیاسی گشت کادر و پێرسۆنێلەکانی باڵی چەپی تەشکیلاتیان لە ڕێکخراوی تەلەڤیزیۆن بەکردەوە دەرهێنا و سانسۆڕی بیروبۆچوونی نەیاریان بەتەواوی جێ خست. لە هەموو ئەم ماوەیەدا ڕێگر بوون کە کادر و ئەندامانی باڵی چەپ و زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە شاشەی میدیای حیزب و کۆمەڵە دەرکەون. لە حاڵێکدا کە بۆچوونەکانی هاوڕێ ئیراهیم عەلیزادە لە پێوەند لەگەڵ ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو تەشکیلات چەندین جار لەم تەلەڤیزیۆنەوە بڵاوکرایەوە، وڵامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بەم بۆچوونانە سانسۆڕ کرا و رێگەی بڵاوکردنەوەی پێ نەدرا. هاوڕێ محەممەد کەماڵی دەنگ و ڕوخساری ئاشنا و لە ئامادەکاران و بەڕێوەبەرانی هەمیشەیی “تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە” بەهۆی ئامادەکردنی بەرنامەیەک سەبارەت بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوردستانی عێراق، سەرەڕای دژایەتیی کۆمیتەی ئیجیرایی حیزب، لە درێژەدانی چالاکییەکانی لە تەلەڤیزیۆن ڕێگریان کرد.

لە درێژەی هەر ئەم شێوەکارە ناسالمانەدا، کۆمیتەی تەلەڤیزیۆنی ژێر چاوەدێریی کۆمیتەی ناوەندیی ئێستای کۆمەڵە و شەخسی ئیبراهیم عەلیزادە، لە کردەوەیەکی غەیرە ئەساسنامەییدا لە ڕێکەوتی ٢٧ی مارسی ساڵی ٢٠٢١ بە ناردنی نامە بۆ ئامادەکارانی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەموو ئەم هاوڕێیانەیان بەهۆی هەبوونی بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە کار و چالاکی لەم میدیا حیزبییە مەنع کرد. کۆمیتەی تەلەڤیزیۆنی لایەنی ڕاست لە درێژەی ئەم کردەوانە و لەژێر چاوەدێریی ئیراهیم عەلیزادەدا بە بێ ئاگادارکردنەوەی کۆمیتەی ناوەندی و کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیختیاراتی خۆی لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی فەداییانی ئەقەلییەت و سازمانی ڕاهی کاریگەر بۆ راگرتنی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆنی ئەم هاوڕێیانە لە کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی هاوبەش مۆڵەتی نیهاییان دیاری کرد و تا کۆتایی مانگی سێپتامبری ٢٠٢١یان دەرفەت پێدان تا لە فکری ئیجارەکردنی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی دیکە دا بن. ڕێبەریی لایەنی ڕاست بەم کردەوی لەڕاستیدا بەتەما بوو بە تیرێک دوو نیشانە بپێکێت، لە لایەکەوە یەکێک لە بوارە گرینگەکانی چالاکیی هاوبەشی حیزب لەگەڵ ئەم هێزانە تێک بدات و لە لایەکی دیکەشەوە لە حاڵێکدا کە دەستی بەسەر تەلەڤیزیۆنی حیزب و کۆمەڵەدا گرتبوو، ئیمکانی دانانی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لە لایەنی چەپی تەشکیلات زەوت بکات. جێگای سەرەنج ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئەم کردەوە یەکجار دژە دیموکراتیکانە و جێ خستنی سانسۆڕ، ئیبراهیم عەلیزادە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا دەرکەوت  و ڕوو بە خەڵکی کوردستان بە ئیدیعای ئەوەی کە لە تەشکیلاتدا سانسۆڕ بوونی نییە، پێچەوانەی ڕاستییەکانی بە خەڵک ڕاگەیاند. ناوبراو بەم کارنامەوە بۆ وەلانانی ڕەخنەگرانی سیاسیی خۆی، قسە لە ئەساسنامە و دیفاع لە ئەسڵی جیاوازیی بۆچوون و یەکگرتوویی لە کردەوەدا، دەکات. لەوەش بانتر ڕێبەریی لایەنی ڕاست و لە سەروویانەوە ر. ئیراهیم عەلیزادە بەم کارنامە لە کردەوەی غەیرە ئەساسنامەیی و لە حاڵێکدا کە میدیای تەبلیغیی ئۆرگانیی باڵاتر لەخۆی واتە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی داگیر کردووە، لایەنی چەپی تەشکیلات بە موازی کاری و ڕەفتاری غەیرە ئەساسنامەیی تۆمەتبار دەکات. لەئاکامدا ڕێبەریی باڵی ڕاست لەڕێگەی ئاوەژوو کردنەوەی ئەم راستیە حاشاهەڵنەگرانە و بە پاساوی ئەوەیکە بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ماوەی نێوان کۆنگرەی ١٧ و ١٨ی کۆمەڵە و بەدوای کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی حیزب، دەستیان داوەتە ڕێکخستنی تەشکیلاتی موازی لەگەڵ حیزب و کۆمەڵە، دەستی کرد بە ڕێکخستنی کۆنگرەی جناحیی “کۆمەڵە” و بە ڕێگری لە بەشدرایی نیوەی ئەندامانی خاوەن مەرج لە تەشکیلاتی دەرەوە بۆ بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەم کۆنگرەیە و بە لە قەڵەم خستنی زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی تەشکیلاتی ناوخۆی کوردستان، ڕەسمییەتیان بە ئینشعابی خۆیان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە دا. باڵی ڕاست بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی جەناحی و ڕێگری کردن لە بەشداریی باڵی چەپی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم کۆنگرەیەدا، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی لەپێناو هاوئاراستەیی هەرچی زیاتر لەگەڵ دوو باڵی سازمانی زەحمەتکێشان هەڵگرت.

بێگومان ئاکامی ئەم کێشمەکێشانە و ڕەسمی بوونەوەی ئینشعاب لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لە باروودۆخی گۆڕاوی ئێستای ئێران و کوردستاندا بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیی ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕووداوێکی باش نییە. هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی حیزب لە ناوخۆ و حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە خۆشناوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران تا ئێستا لە دەرفەت و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا نیگەرانیی خۆیان لە ئاست ئەگەری ئینشعابی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە دەربڕیوە. سەرەڕای هەموو ئەم نیگەرانییانە، بەداخەوە هەوڵی چەند ساڵەی کۆمیتەی ئیجرایی و زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بۆ پاراستنی یەکڕیزیی تەشکیلات و ڕێگری لە ئینشعاب نەیتوانی کاریگەر بێت. 

دیارە ئەم ئینشعابە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لەگەڵ باروودۆخێکی نوێ و دژوار بەرەوڕوو دەکاتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم دژوارییانە کۆمیتەی ئیجرایی حیزب و زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە ٧٥ لەسەدی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پێکدێنن سوورن لەسەر ئەوەیکە ئەرکی سیاسی و حیزبی و گشت بەڵێنە ڕاگەیەندراوەکان، لێبڕاوانە بەکردەوە دەربێنن. بێگومان ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم دژوارییانە و بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە قورس و گرینگانە تەنیا بە قۆڵ هەڵماڵین و هاوکاریی چالاکانەی کادر و ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بەتایبەت لە ناوخۆی ئێران مسۆگەر دەبێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران لە باروودۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە و ئێران هەروا لە سەنگەری دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و بۆ ئامانجی کۆمۆنیستی و ئەنترناسیۆنالیستیی خۆی خەبات دەکات. ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە نووژنکردنەوەی دەستبەجێی هەموو بوارەکانی چالاکیی حیزب و کۆمەڵە کە لە ئاکامی کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا زیانیان پێگەیشتووە، هەوڵ دەدات ئیعتبار و نفووزی کادر و ئەندامانی بخاتە خزمەت خەبات بۆ وەدی هاتنی ئامانجی کۆمۆنیستی و ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.

ئێمە هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە پەسندکراو و بەڵگە ڕەسمییەکانی کۆنگرە و پلێنۆمەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بەڵگە و پەسندکراوەکانی تا ئێستای کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزب هەروا بنەمای چالاکییەکانی تەشکیلاتە و ئەندام و کادرەکانی حیزب و کۆمەڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەپێی هەر ئەم بەڵگە و پەسندکراوانە چالاکییەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سوورە لەسەر ئەوەیکە وەک بەشێک لە ڕەوتی نووژنکردنەوەی ئەو بوارانە لە چالاکیی حیزب و کۆمەڵە کە لە جەرەیانی ئەم کێشمەکێشانەدا زیانیان پێگەیشتووە، لە ئەوەڵین دەرفەتدا کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوکات بەڕێوەبەرێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە پاراستنی بەشی عەلەنی و چەکداری حیزب لە کوردستان بۆ ئێمە گرینگییەکی بنچینەیی هەیە، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین تا بابەتی پێوەندیدار بەم قەیران و جیابوونەوەیە هیچ زیانێک لە ئیعتباری حیزب و کۆمەڵە نەدات و هەموو کێشەکان بە ڕەواڵێکی لۆژیک و لە کەشوهەوایەکی هاوڕێیانەدا حەل و فەسڵ بکرێت.

 ڕێبەریی حیزب لە درێژەی چالاکی و کردەوەی هەتا ئێستایدا هەوڵ دەدات کە جیا لە دەرکردنی ئەم بەیاننامە، لە ڕێگەی میدیا حیزبییەکان و هەروەها لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە هەرجۆرە دڵساردی و بشێوییەکی فیکری بەهۆی قەیران و جیابوونەوەی ئێستا بە لانیکەم بگەیەنێت و هیوا و گوڕوتین بە چالاکی لەژێر ئاڵای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بەهێز بکات. بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم ئەرکانە دەستی هاوکاریی هەموو کادر و ئەندامان و دۆستان و هەڵسووڕاوانی حیزب و کۆمەڵە لە هەر شوێنێک کە هەن بە گەرمی دەگوشین.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ بەفرانباری ١٤٠٠

١٦ ژانوییەی ٢٠٢٢

ژێرنووس

ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ٢٠ کەسن. ١٥ کەس لەوان کە بریتین لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، خوسرەو بوکانی، رەئوف پەرەستار، نوسرەت تەیمورزادە، عیسا جەمشیدی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپور، مەحموود قەهرەمانی، سەلاح مازووجی، پیدرام نەسروڵاهی، جەلال محەممەد نەژاد، گەوهەر میعمارزادە، عەباس مەنسوران، ئەردەشیر نەسروڵابیگی، مەرزییه نەزەری، ئەم راگەیاندنەیان پەسەند کردوە.

پینج کەسی دیکە لە هاوڕێیان کە باڵی کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێک دێنن و بریتین لە هاوڕێیان وریا ئەحمەدی، عادڵ ئەلیاسی، فەراسەت سالحی، ئیبراهیم عەلیزادە، سروە ناسری بەشداریان لە پەسەند کردنی ئەم بەیانییە دا نەبووە.