سەرەڕای ئەوەی عێڕاق وڵاتێکی خاوەن نەوت و چەندین داهاتی دیکەی ناوخۆییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی بێکارن. بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵانە ١٥٠ هەزار گەنج بێکار دەبن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێستا هاوڵاتییانی عێراق چاویان لەسەر خشتهكانی بودجهی ٢٠٢٤ە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەو هیوایەی کەمێک لە بارودۆخی ژیانیان بگۆڕێت، بەڵام بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان عێراق سێیەم وڵاتی جیهانە لە بێکاریدا و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ڕیزبەندی یەكەمدایە. بەپێی داتاکان، بێکاری لە عێراق لە ١٥ لەسەد زیاترە، لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی جیهان سێیەم و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی یەکەم وڵاتە . رێژەی بێكاری لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام زیادی كردووە بە جۆرێك لە ساڵی ٢٠١٣، ٩ و ٢٧لەسەد بووە و تا ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ١٦ و ١٧دەهۆمی لەسەد و لەم سێ ساڵەی دواییدا كەمێك دابەزیوە و بووەتە ١٥ و ٥٥دەهۆم. لە سەدا ٣٨ی هاووڵاتییانی عێراق فەرمانبەری حکوومین و سەدا ٦٢ی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، کە ڕێژەی فەرمانبەری حکوومی بەراورد بە زۆر وڵاتان زۆرە، کە ئەمە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری و وەبەرهێنان. هێزی کار لە عێراق، لە نێوان ١٥ بۆ ٦٣ ساڵە، واتە زۆربەی ئەو کەسانەی کار دەکەن لەو تەمەنەدان کە دەتوانرێت سوودی زیاتری لێ ببینن. لەو ڕێژەیەش زیاتر لە ٥٠ لەسەدی پیاوان و زیاتر لە ٤٩ لەسەد ژنان پێکی دێنن.