فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی بێکاری و تەشەنەسەندنی هەژاری لە ئێران؛ ڕوخساری بێ‌پەردەی سەرمایەداریی جەنگ‌لێدراو
یەکشەممە ۲۷-۰۲-۱۴۰۵   |  17-05-2026

هەڵکشانی بێسنووری هەڵاوسان، داڕمانی توانای کڕین، داخرانی کارخانەکان و شەپۆلی بەربڵاوی بێکارکردنی کرێکاران، کۆمەڵگەی ئێرانی خستووەتە قۆناغێکی نوێی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت، تەنیا چەقبەستووییەکی کاتی یان دەرئەنجامێکی سنوورداری جەنگ نییە، بەڵکوو ئاکامی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری، ڕانت‌خۆری، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و ئەو گەندەڵییە سیستماتیکەیە کە لەنێو پێکهاتەی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. ئێستا ملیۆنان کرێکاری لەسەرکار و بێکار، دەستفرۆش، کارمەند و هێزی کاری کەرتی نافەرمی، باجی ئەم قەیرانە دەدەن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا تەنانەت لە سەدا ٥٨یش تێپەڕیوە. لە هەمان کاتدا، نرخی خۆراک بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە سەدا سەد بەرز بووەتەوە، واتە دوو هێندە زیادی کردووە. واتای ڕاستەقینەی ئەم ئامارانە بۆ چینی کرێکار، هیچ نییە جگە لە پەرەسەندنی برسێتی، سڕینەوەی قۆناغ بە قۆناغی کاڵا بنەڕەتییەکان لەسەر سفرەکان و کەوتنەخوارەوەی ملیۆنان مرۆڤ بۆ ژێر هێڵی هەژاریی ڕەها. ئابووریی ئێران پێش جەنگیش گیرۆدەی “داتەپین و هەڵاوسان” (رکود تورمی) بوو؛ واتە دابەزینی گەشەی ئابووری هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی بێکاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان. بەڵام هێرشە سەربازییەکان و پچڕانی ڕێڕەوە بازرگانییەکان، ڕەوتی داڕمانی ئابوورییان خێراتر کردووە.

لە لۆژیکی سەرمایەداریدا، یەکەمین کاردانەوەی خاوەن سەرمایەکان لە کاتی قەیراندا، گواستنەوەی تێچووەکانە بۆ سەرشانی هێزی کار. هەر لەبەر ئەمەش، کرێکاران بوونە یەکەمین قوربانیی قەیرانی هەنووکەیی. بێکارکردنی بەکۆمەڵ، هەڵپەساردنی گرێبەستەکان، دابەزینی حەقدەستی ڕاستەقینە و داخرانی کارخانەکان، ئێستا بووەتە دیاردەیەکی گشتگیر. بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن بەرپرسانی فەرمی و دامەزراوە کرێکارییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، لە ماوەی جەنگدا زیاتر لە دوو ملیۆن هەلی کار لەناو چوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکان لە بنەڕەتدا بەشێکی گەورەی بێکارانی شاراوە و هێزی کاری نافەرمی هەژمار ناکەن. بەرزبوونەوەی سەدا ٥٠ی خواست بۆ دۆزینەوەی کار لە پلاتفۆرمەکانی کاردۆزینەوەدا تەنیا لە یەک ڕۆژدا، نیشاندەری قووڵیی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و داڕمانی ئاسایشی کارە. کۆمەڵگەیەک کە تیایدا سەدان هەزار کەس لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بۆ بیمەی بێکاری ناویان تۆمار دەکەن، پێی ناوەتە قۆناغێک لە قەیران کە دەتوانێت لێکەوتەی قووڵی کۆمەڵایەتیی لێ بکەوێتەوە. پیشەسازییە گەورەکان کە بە کۆڵەکەی سەرەکیی هەلی کاری پیشەسازی دادەنرێن، لە مانگەکانی دواییدا ڕووبەڕووی پچڕان و قەیرانی جدی بوونەتەوە. پۆڵا، پترۆکیمیایی، ئۆتۆمبێلسازی و پارچەسازی، یان بوونەتە نیوەداخراو یان بە کەمترین توانای خۆیانەوە کار دەکەن. بەرتەسکبوونەوەی هاوردەکردن، تێکچوونی ئاڵوگۆڕە بانکییەکان و پچڕانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیر، زۆربەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە. بەڵام قەیرانەکە تەنیا لە پیشەسازییە گەورەکاندا قەتیس نەماوە. هەزاران یەکەی بچووک و مامناوەندیش لە دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، کەمبوونی کەرەستەی خاو و دابەزینی خواستی بەکاربردن، داخراون. مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ٢٣ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان و بازرگانیی زیانلێکەوتوو، چالاکییەکانیان ڕاگرتبێت. لەم هەلومەرجەدا، پاکێجە پاڵپشتییەکانی حکوومەت زۆربەیان لێخۆشبوونی باج و ئاسانکاریی قەرز بۆ خاوەنکارەکان لەخۆ دەگرن، لە کاتێکدا کرێکارانی بێکار بە مووچەیەکی کەم و نالەبارەوە بە حاڵی خۆیان ڕەها کراون. یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی قەیرانی ئێستا، ئەو گورزە قورسەیە کە بەر ئابووریی دیجیتاڵ و کۆمپانیا ستارت‌ئاپەکان کەوتووە. پچڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێت و بەرتەسککردنەوەی بەربڵاوی پەیوەندییەکان، زۆربەی کاروکەسابەتە ئۆنلاینەکانی بەکردەوە لەناوبردووە.

لە دەیەی ڕابردوودا بەشێک لە هێزی کاری خوێندەوار و گەنج بەرەو ستارت‌ئاپەکان، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک، پرۆگرامسازی، فرۆشی ئۆنلاین و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان هەنگاویان نابوو. ئەم کەرتەش کە هەر لە چوارچێوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا کاری دەکرد؛ ئەو پەیوەندییانەی کە لە کاتی قەیراندا بەبێ هیچ چاوپۆشییەک هێزی کار دەکەنە قوربانیی پاراستنی قازانج، بە سەختی کەوتووەتە ژێر گوشاری ئەم قەیرانەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا لە سەدا ٤٠ بۆ ٦٠ی هێزی کاری خۆیان دەرکردووە.

لە سیستمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا، گەشەپێدان هەمیشە لاسەنگ و نایەکسان بووە. بەشێکی گەورەی سەرمایە و ئیمکانات لە چەند ناوەندێکی سنوورداردا کەڵەکە بووە و ناوچە پەراوێزخراوەکان زۆربەیان خراونەتە لاوە. پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و هەندێک لە ناوچە پیشەسازییەکان زۆرترین گوشاریان لەسەرە. پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، کرماشان، کوردستان، خوزستان و لوڕستان هێشتا لە ڕیزی پێشەوەی ئامارەکانی بێکاریدان. ئەم ناوچانە پێش جەنگیش لەگەڵ هەژاریی پێکهاتەیی، کەمیی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی لاسەنگدا بەرەوڕوو بوون. لە دەرئەنجامدا، هەر قەیرانێکی ئابووری سەرەتا و سەختتر لە هەموو شوێنێک، قورساییەکەی دەکەوێتە سەر شانی پارێزگا بێبەشکراوەکان. لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردنی ئابووری لە هەندێک پارێزگادا، دیاردەی نائومێدیی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتووەتەوە. زۆرێک لە خەڵک ئیتر تەنانەت هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کار نەماوە و بەکردەوە لە بازاڕی کار چوونەتە دەرەوە. ئەم دۆخە پەرە بە کۆچکردن، کاری نافەرمی، دیاردەی منداڵانی کار و زیانە کۆمەڵایەتییەکان دەدات.

ڕژێم هەوڵ دەدات ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکە تەنیا گرێ بداتەوە بە جەنگ یان گەمارۆکانەوە، لە کاتێکدا تایبەتسازیی بێسنوور، گەندەڵیی ڕێکخراو، سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری و سەرکوتکردنی حەقدەستەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە دروستبوونی دۆخی ئێستادا. لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران، ساڵانێکە کەلێنێکی گەورەی لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی ژیاندا هەیە. ئێستا بە هەڵاوسانی سەرووی ٥٨ لەسەدەوە، ملیۆنان خێزانی کرێکاری تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆشیان لەدەست داوە. ئاکامی ئەم ڕەوتە، تەشەنەسەندنی هەژاری، بەدخۆراکی، قەرزداری و داڕمانی کۆمەڵایەتییە. سەرمایەداریی ئیسلامی ئیتر توانای ئەوەی نەماوە لانی کەمی سەقامگیریی بژێوی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە دابین بکات. لەم هەلومەرجەدا، ناکۆکیی نێوان کار و سەرمایە لە هەر کاتێکی دیکە ئاشکراتر بووە.

حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، خاوەنکاران و خاوەن پیشەسازییەکان تێدەکۆشن باجی قەیرانەکە لە ڕێگەی بێکارکردنی بەکۆمەڵ، دابەزاندنی حەقدەستی ڕاستەقینە و سڕینەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بخەنە سەر شانی چینی کرێکار. لە بەرامبەردا، تەنیا ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕەوتە، پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنە کرێکارییەکان، خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران لەسەر بەستێنی ئەم ناڕەزایەتییانە، هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران، هۆشیاربوونەوە لەئاست زەروورەتی نەک هەر ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ژێروژوور کردنی سیستمی سەرمایەداری، گرێدانی خەباتی ئابووریی کرێکاران بە خەباتی سیاسی و یەکگرتنی بزووتنەوەی کرێکارییە لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. کرێکاران تەنیا بە هەنگاونان لەم ڕێگەیە و بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکانە کە دەتوانن لە بەرامبەر پەلاماری سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان، سەنگەربەندی بکەن.