قەیرانی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. قەیرانێک کە ئاکامەکانی تەنانەت بە ئیعترافی ناوەندەکانی حکوومەت ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشی ئێران دەخاتە ژێر گوشارەوە. ناوەندی بەناو “لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس”ی ڕژیم، ڕۆژی ٩ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە جەمعیەتی هەژاران لە ئێران لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا ١١ ملیۆن کەس زیادی کردووە. واتە بەشێوەی مامناوەند نزیکەی ٢٧ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم ناوەندە چەند ڕۆژ پێشتریش ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٥ لەسەدی خەڵکی ئێران لە شوێنی نیشتەجێبوونی ناستانداردا دەژین کە بە “بەد مەسکەن” پێناسەی کردن. لە ئێران ئەم ئاستە لە “بەد مەسکەنی” هەتا ئێستا باڵاترین ئاماری هەژاری لە بواری مەسکەندا بووە و لەو جێگەوە کە ڕژیم توانای وڵامدانەوەی نییە، قەیرانی مەسکەنیش وەک باقیی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی ڕژیمەوە بووەتە قەیرانێکی ئەمنیەتی.
ئەم ئاستە لە بێ مەسکەنی لە ئێران لە مامناوەندی جیهایی بێ مەسکەنی فاسلەی زۆرە. بەپێی پێوەری نووسینگەی نیشتەجێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان “کەسانێک کە بێبەرین لە شوێنی نیشتەجێبوون یان نیشتەجێبوونی بنەماڵە کە لانیکەم پێویستە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی کامڵ بێت بە ژووری خواردن و حەمام و توالێتەوە، وە ئەو بنەماڵانەی کە مەجبوون زیاتر لە ٣٠ لەسەدی هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی خۆیان بۆ بواری نیشتەجێبوون تەرخان بکەن، بە کەسانی بەد مەسکەن بەحیساب دێن”. هەڵبەت ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ئامارە ڕەسمییەکانیاندا ژمارەی زۆری کارتۆن خەوان، گۆڕخەوان، سەربان و ژێرپردخەوان کە نەتەنیا “بەد مەسکەن” بەڵکوو بێ مەسکەنیشن، بەحیساب ناهێننن.
لەئێستادا کڕینی ماڵێکی تەنانەت یەک ژووری بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش ل ەشارەکانی ئێران بووەتە خەون و خەیاڵ و کرێی ماڵیش زیاتر لە ٨٠ لەسەدی حەقدەست یان سەبەدی بژێوی بنەماڵەکان بەخۆی تەرخان دەکات. هەر ئەم ئامارانەی ئاماژەیان پێکرا دەرخەری وەزعیەتی نالەباری مەسکەن و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشکراوی ئێرانە و پەڵەیەکی شەرمەزارکەرە بەناوچاوانی ڕێبەران و بەرپرسانی کۆشکنشینی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران. عەلی ئاقا محەممەدی ئەندامی “مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام” دانی بەوە دانا کە ١٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئێران لە پێداویستیی سەرەتایی ژیان و خانووی گونجاو بێبەرین و ٧٩ لەسەدی بەرنامەی سازکردنی مەسکەنی دەوڵەت جێبەجێ نەکراوە. ئەمە بەشێک لە کارنامەی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامییە لە بواری مەسکەن لە زمانی مۆرەکانی ڕژیمەوە. ڕۆژنامەی “دنیای ئیقتساد” وێڕای ئاماژە بە بوونی قەیرانی خانوبەرە لەئێران، “دوو هۆکاری هەڵاوسان و ناسەقامگیریی حکوومەت و بەڕێوەبردنی سیاسەتە شکستخواردووەکانی مەسکەنی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی بەدمەسکەنی پێناسە کرد. ئەم ڕۆژنامەیە دوو مانگ لەمەوبەر نووسیبووی کە لەماوەی سێ مانگی زستانی ڕابردوودا نرخی مەسکەن لە پایتەخت زیاتر لە ٤٠ لەسەد چووەتە سەرێ. واقعیەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە ئابووریی دارماویەوە نە بەرنامەیەکی کردەوەیی بۆ دروستکردنی مەسکەن هەیە و نە توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەوەرۆمی لەبواری قیمەتی مەسکەن و کرێی ماڵ هەیە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی کۆنەپەرست بۆ ڕەقابەتی جەناحی و هێرشکردنەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕووحانی، پێشتر ئاشکرای کردبوو کە لە ماوەی ساڵانی ٩٦ تا ١٤٠٠ دەوڵەت ئەرکدار کرابوو کە یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شار و دێ بۆ خەڵکی کەم داهات دروست بکات، بەڵام تەنها ٢١ لەسەدی ئەم بەرنامەیە جێبەجێکرا. یەکێک لە کارناسانی هەر ئەم ناوەندە ئاشکرای کرد کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا قیمەتی مەسکەن دە بەرابەر چووەتە سەرێ. دەوڵەتی ڕەئیسیی شەیاد سەرەتا بە دروشمی هەرزانکردنی قیمەت و هێنانەخواری مەسکەن لەڕێگەی “ئەنبوهسازیی مەسکەن” هاتە مەیدان و بێشەرمانە بەڵێنی دا کە لەماوەی چوار ساڵدا چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون ساز دەکات. بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ئەم “ئەنبوهسازی”یە ساختەیەی حکوومەتی ئیسلامی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ دانی بەوە دانا کە: “چوونەسەری بەردەوامی قیمەتی مەسکەن لەئێران بووەتە هۆی تەقینەوەی قیمەتەکان و ئەمساڵیش ڕەوتی چوونەسەری قیمەت هەروا درێژەی دەبێت”. هەر لەم پێوەندەدا ئەندامێکی هەیئەتی زانستیی زانکۆی تاران لە بواری مەسکەندا ڕایگەیاند کە ساڵانە زیاتر لە چوار لەسەد بە جەمعیەتی حاشیەنشینان لە شارە گەورەکان زیاد دەبێت و بەرنامەی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵی کرێی ماڵ لە سەرەتاوە شکستی خواردووە. ڕۆژنامەی جامی جەمی سەربە سەدا و سیمای ڕژیمیش لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، بەرنامەی قیمەت دانانی کەزایی دەوڵەتی ڕەئیسیی بۆ کرێی ماڵ شکستخواردوو ڕاگەیاند.
بێگومان حکوومەتی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری بەرەوڕەووە لە بواری مەسکەنیشدا توانای چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە گشتگیرە کۆمەڵایەتییەی نییە. سەرەڕای دروودەلەسەی تیمی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی سەبارەت بە نەبوونی کەسری بودجە، کەسری بودجەی ئەمساڵی ڕژیم نیسبەت بە ساڵی ١٤٠١ زیاتر لە دو بەرابەر، واتە لە ٣٠٤ هەزار ملیارد تمەنەوە گەیشتووەتە ٧٩٤ هەزار ملیارد تمەن. لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدا، مەسکەنیش بووەتە کاڵایەک بۆ وەدەستهێنانی قازانج و قیمەت و کرێکەی تابعێکە لە چوونەسەری ڕێژەی تەوەرۆم و هاتنە خواری بەهای تمەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مەسەلەی مەسکەنیشی سپاردووەتە بەشی خسووسی و دەستی سەرمایەداران و کارگێڕانی ڕانتخۆر و ئیحتکارگەری مەسکەنی، بۆ دزینی حەقدەست و پێشێلکردنی مافی کرێکاران و خەڵکی بێبەش ئاواڵە هێشتووەتە. لەو جێگەوە کە مەقامات و مەسئولانی باڵای ڕژیم خۆشیان تێیدا شەریکن، بۆ دیفاع لە بەرژوەندی ئەوان هەتا ئێستا هەرجۆرە ئێعتڕازێکی جەماوەری خەڵکیان دژبە چوونەسەری بەردەوامی قیمەت و کرێی ماڵ بە زیندان و پەروەندەسازی و گولـلە وڵام داوەتەوە. کەوابوو چارەسەرکردنی قەیرانی مەسکەن لە ئێرانیش تەنها دەتوانێ بەرهەمی خەباتی یەکگرتووانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و یەکێک لە ئەساسیترین داخوازییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەریی ئێستا بێت. هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن بۆ ژیان مافی هەموو ئینسانێکە. خەباتی ڕێکخراو و سەرانسەریی کرێکاران و جەماوەری خەڵک بۆ ئەم مافە سرووشتییەی خۆیان دەتوانێ حکوومەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات و ڕەوتی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتەی سەرمایەداری، بەهێزتر بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە