
ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ٥٨،٩٧٥ کەس لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پیسبوونی هەواوە -کە دەکاتە ١٦١ کەس لە ڕۆژێکدا و ٧ کەس لە هەر كاتژمێرێکدا- وێنەیەکی هەژێنەر لە ڕاستییەک دەخاتە ڕوو کە ساڵانێکە لە سایەی بێدەنگی و بێ کردەوەیی دەسەڵاتدا سەری هەڵداوە. نیزامێک کە سڵامەتی، ژیان و ژینگەی کۆمەڵگا دەکاتە قوربانیی قازانجپەرستی و مانەوەی سیاسیی خۆی. ئەم ئامارە نەتەنیا وەپێش ئاماری ئەو مردنانە کەوتوونەتەوە کە بەهۆی نەخۆشییە سەختەکان، ڕووداوەکانی هاتووچۆ یان کارەساتە سروشتییەکانەوە ڕوودەدەن، بەڵکوو ئەوە دەسەلمێنێ کە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران ڕووبەڕووی جۆرێک لە زەوتکردنی مافی ژیان بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەردیلەکان لە هەوادا، بەکارهێنانی بەرینی سووتەمەنییە بێکەڵک و مەترسیدارەکان لە وزەخانەکان، بەردەوامیی بەکارهێنانی کەرتی گواستنەوەی کۆن و پرتووکاو، تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک و شکستی پێکهاتەیی لە نۆژەنکردنەوەی پیشەسازییەکان؛ هەموو ئەمانە ئەڵقەگەلێکن لە زنجیرەی مەنتیقی کەڵەکەکردنی سەرمایە و ستراتیژیی مانەوەی نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار. لە ساڵانی ڕابردوودا، حکوومەت بەکارهێنانی “مازوت”ی لە وێستگەکاندا زیاد کردوە، سووتەمەنییەک کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەکارهێنانی قەدەغەیە. ئەم بڕیارە نە لەڕووی نەزانینەوە، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی تەواو ئاگایانەیە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان، زیادکردنی بەرهەم لە کورتماوەدا و جێخستنی پێکهاتەکانی ئێستا. بەڵام بەهای ئەم سیاسەتانە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار، پەراوێزخراوان، منداڵان، ژنان و ئەو توێژانەی کە لە نزیک ناوەندە سەنعیەتییە ئاڵوودەکان دەژین یان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ڕاناگات.
ڕاپۆرتەکانی مانگەکانی خەزەڵوەر و سەرماوەزی ١٤٠٤ نیشانی دەدەن کە دۆخەکە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر خراپتر بووەتەوە. دیاردەی “واروونەگیی دەما”، سەرمای پێشوەخت، زیادبوونی خەستیی ماددە پیسکەرەکان و هاوکاتبوونی لەگەڵ شەپۆلی توندی ئەنفۆلانزا، بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشەکانی هەناسەدان لە نەخۆشخانەکانی زۆرێک لە پارێزگاکان بگەنە ئاستی زیاتر لە زەرفییەتی خۆیان. داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان لە تاران، ئیسفەهان، هەمەدان، گیلان، ئازەربایجانی شەرفی و غەربی، ئەردەبیل، ئەلبورز و هورموزگان تەنیا نیشانەیەکن لە قەبارەی ئەم قەیرانە. سەرەڕای ئەمانە، هیچ ئامارێکی نوێ لەسەر ڕێژەی مردن بەهۆی پیسبوونی هەواوە بڵاونەکراوەتەوە؛ ئەم دواخستنە زیاتر لەوەی تەکنیکی بێت، بەشێکە لە پەردەپۆشکردن و ڕوانگەی ئەمنییەتیی پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵات. هەر جۆرە بڵاوکردنەوەیەکی ئامار لەم بوارەدا دەتوانێت هەستیاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لێبکەوێتەوە و وەک “هەڕەشەیەکی ئەمنیی” بۆ سەر حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران سەیر بکرێت.
ئێران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنەی سەرچاوەکانی ئاو بووەتەوە. کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان، دابەزینی مەترسیداری ئاوی ژێرزەوی، وشکبوونی تالاوەکان، ڕۆچوونی زەوی لە دەیان شاردا و کێبڕکێی بەرینی پیشەسازییە ئاوبەرەکان لەسەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئاو، جێگیرکردن و پەرەپێدانی پیشەسازیی پۆڵا و پترۆشیمی لە ناوچە وشکەکان بەبێ ڕەچاوکردنی مەنتیقی ژینگەیی، هەر هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەم واقعییەتە ئاشنایەن. لە بودجەبەندییە کەڵانەکاندا، ئەولەوییەتی دابینکردنی بودجە بۆ ئەو دامەزراوە و سیاسەتانەیە کە خزمەت بە ستراتیژیی مانەوەی ڕژیم دەکەن، نەک باشترکردنی ژینگەی مرۆڤەکان. پیشەسازییە ئاوبەرەکان کە بەستراوەترین کەرتەکانن بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەردەوامبوونی مەنتیقی ڕانتی و کۆنترۆڵمیحوەری دەسەڵاتدا. دەرەنجامەکەشی بریتییە لە وێرانکاریی بەرینی سەرچاوە سروشتییەکان و شکڵ گرتنی ئەو نەسلانەی کە دەبێ بە بێ ئاو، بە بێ ئاسایشی ژینگەیی و بە بێ بوونی دەرفەت بۆ پێکهێنانی ژیانێکی پایدار، بژین.
ئاگرکەوتنەوەی بەرین لە دارستانەکانی گیلان و مازەندەران، کە بەشێکن لە دێرینترین دارستانەکانی هیرکانی، جارێکی تر نیشانیاندا کە ڕژیمی ئیسلامی تا چ ڕادەیەک لە ئاست ئەم ئاگرکەوتنەوانەدا بێتوانا و داماوە. نەبوونی هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە، کەمیی هێزی پسپۆڕ، کۆنە و پرتووکاوبوونی کەرەستەکان و پشتگوێ خستنی ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی، نیشانەی “هەڵەی بەڕێوەبەری” نین، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی دامەزراوەیین. حکوومەتێک کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکاتە قوربانیی ئاسایشی سیاسی و ستراتیژیی مانەوەی خۆی، ئاساییە کە لە ئاست قەیرانە ژینگەییەکاندا دەستەوەستان و داماو بێت.
پیسبوونی هەوا، تێکدانی دارستانەکان، قەیرانی ئاو، ڕۆچوونی زەوی و قەیرانی ژینگە ئەگەرچی دیاردەیەکی جیهانین و سیستەمی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنیانە، بەڵام لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم قەیرانانە ڕەهەندی کۆنترۆڵنەکراویان بەخۆوە گرتووە. حکوومەتی ئیسلامی کە لە قۆناغی داڕزاندایە، چیتر توانای دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار نییە ؛ لە ئاوی خاوێنەوە بگرە تا هەوای پاک، پەروەردەی پارێزراو، دەرمانی پێویست و ژێرخانە سەرەتاییەکان. لەم هەلومەرجەدا، کۆمەڵگا ڕووبەڕووی جۆرێک لە مەرگی خامۆش بووەتەوە؛ مەرگێک کە لە ماڵ، قوتابخانە، شەقام و شوێنی کاردا ڕوودەدات. قەیرانی پیسبوونی هەوا و قەیرانی ئاو، وەک قەیرانەکانی تری سەرمایەداری، دابەشبوونێکی یەکسانیان نییە. قوربانییە سەرەکییەکان کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، شۆفێران، منداڵان و چینە چەوساوەکانن؛ ئەوانەی نە ئیمکانی تەهویەی گونجاو، نە ماڵێکی سالم و نە توانای کۆچکردنیان هەیە. لە بەرامبەردا، چینی دەسەڵاتدار و گرێدراو بە دەسەڵاتەوە، زۆرترین سوود لە سیاسەتە وێرانکەرە ژینگەییەکان دەبات؛ لە پیشەسازییە پیسکەرەکانەوە بگرە تا ڕانتی ئاو و خاک.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەیبینین، لە پیسبوونی مەرگباری هەواوە تا وشکەساڵی، لە ڕۆچوونی زەوییەوە تا ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، تەنیا “ڕووداوی سروشتی” نین، بەڵکوو ئاکامی دەسەڵاتداریەتیی نیزامێکی ڕانتیی سەرمایەدارییە. قەیرانی ژینگەیی ئێران بە سیاسەتی سەتحی چارەسەر ناکرێت. ئەزموونی جیهانی نیشانی دەدات کە خەبات بۆ پاراستنی ژینگە، لە خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری و ئەو دەوڵەت و حکوومەتانەی کە پارێزەری ئەو سیستەمەن، لە درێژەی خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران، وە لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵی جەماوەری بەسەر سەرچاوەکانی ژیان و یەکگرتوویی لەگەڵ سرووشتدا، جیا نییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە