فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ لەگەڵ ئەمریکا
شەممە ۰۵-۰۲-۱۴۰۵   |  25-04-2026

کۆتاییهاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە شەڕی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، شکستخواردنی خولی یەکەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پاکستان لە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، و ناڕوونی لە دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان کە بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ٢ی گوڵان بەڕێوە بچێت؛ هاوکات لەگەڵ درێژەکێشانی گەمارۆی دەریایی و داخرانی گەرووی هورمز، وێڕای ئەوەی دۆخێکی “نە شەڕ و نە ئاشتی”ی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕیشی هێناوەتە ئاراوە. لەم نێوەندەدا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە ڕێگەی میلیشیا ئیسلامییە کۆنەپەرستە دەستوپێوەندەکانی خۆیەوە لە عێراق، پانتایی شەڕەکە فراوانتر بکات.

بەم مەبەستە، هەفتەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای تیرۆریستی قودس، پاش ماوەیەکی زۆر و بۆ یەکەمین جار لە سەفەرێکدا بۆ بەغدا، لەگەڵ ڕەوتە کۆنەپەرستە شیعەکانی نێو “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆبووەوە و وتووێژی کرد. هەرچەندە ناوبراو لە ڕواڵەتدا ئامانجی ئەم سەفەرە نهێنییەی بۆ سوپاس و پێزانین لە هاوهەڵوێستیی بەرپرسان و کاربەدەستانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە، بەڵام لە ڕاستیدا یەکێک لە ئامانجەکانی، هەوڵدان بوو بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ململانێی نێوان ئەو باڵانە لەسەر دیاریکردنی نووری مالیکی وەکوو مۆرەی جێی متمانەی کۆماری ئیسلامی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. هەڵبەت قائانی لەم بوارەشدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێنا و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش هەروا ماوەتەوە؛ تەنانەت تا ئێستاش کە وادەی یاسایی بۆ ناساندنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران بە پەرلەمان بەسەرچووە، هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بگەنە ڕێککەوتن. ناکۆکیی نێوان ئەم گرووپانە لەم بارەیەوە و لەسەر بەرژەوەندییە تاڵانکارییەکانیان هەروا درێژەی هەیە و چەقبەستوویی و قەیرانی سیاسی لە عێراقیشدا بەردەوامە.

هەڵبەت پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو: “ئەمریکا پێکهێنانی هیچ دەوڵەتێک لە عێراق پەسەند ناکات کە توانای پێشگرتن بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو نەبێت. ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ئەگەر نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێت، سەرجەم بەرنامە و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق دەپچڕێنێت.” ئەم هۆشدارییە پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتی لە عێراق ئاڵۆزتر و سەختتر کردووەتەوە. لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خاکەلێوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە تا ڕوونبوونەوەی ئەم بابەتە، پرۆسەی ناردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق بۆ بەغدا ڕادەگرێت. هەنگاوێکی لەم چەشنە، بێگومان بارودۆخی ئابووریی عێراق کە بەهۆی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە داڕماوە، پشێوتر دەکات. لە وەها دۆخێکیشدا، گوشاری دەوڵەت بۆ سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە مووشەکبارانەکان زیاتر دەبێت.

جێی ئاماژەیە کە پێشتر نووری مالیکی دوو جاری دیکەش بە دەستێوەردان و نفوزی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای ئەوەی دەنگی کەمتر بوو لە ڕکابەرەکانی، پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی داگیر کردبوو. بێگومان کارنامەی ئەو لە هەردوو خولەکەدا، بووە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، نائەمنی، گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵک لە عێراقدا. لەولاشەوە کۆماری ئیسلامی بێ هیچ ڕێگرییەک لە عێراقدا ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بەرەوپێش دەبرد و بەشێک لە قەیرانە ئابوورییەکانی خۆی بە دۆلاری دزراوی عێراق پەردەپۆش دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە، قائانی لە بەیاننامەیەکدا لە عێراق، دیاریکردنی دەوڵەتی بە مافی خەڵکی عێراق ناوبرد و گوتی: “ئەنجامدەرانی تاوانە دژەمرۆییەکان مافی دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا نییە”.

ڕەهەندێکی دیکەی مەئموریەتەکەی قائانی لەم سەفەرەدا، هەوڵدان بوو بۆ هاندانی ئەو بەشە لە میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ چوونە نێو شەڕ لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی و دژی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا. بەڵام زۆرینەی حیزب و لایەنە شیعەکانی عێراق، بێجگە لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی کە پاشکۆ و بەکرێگیراوی ملکەچی کۆماری ئیسلامین، لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەیارن و شەڕ بە زیانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن. دژایەتیی توندی ئەوان لەگەڵ ئەم سیاسەتە سەرکێشانەیە لە نێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، نووری مالیکیی ناچار کرد کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکێشێتەوە.

سەرەڕای ئەمانەش، تا ئێستا بەشێک لە گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی نێو حەشدی شەعبی لە عێراق کە خۆیان بە فەرمانبەری دەربەستی کۆماری ئیسلامی دەزانن، بە هێرشی درۆن و پەلاماری مووشەکی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەری ئێران، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان، هەوڵیان داوە پانتایی شەڕەکە فراوانتر بکەن. ئەوان بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پاراستنی دۆخی هەنووکەیی و لە ئاگرخۆشکەریی شەڕ لە ناوچەکەدا دەبیننەوە. ئەم گرووپە جەردە و بەکرێگیراوانە بە کردەوەکانیان، قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان لە ناوچەکەدا قووڵتر کردووەتەوە، کە دەرئەنجامەکەی جگە لە پەرەسەندنی کوشتار و وێرانکاری، بێکاری و گرانی، و هەژاری و برسیەتی بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، هیچ شتێکی دیکە نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە زاری کاربەدەستێکی عێراقییەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، وای کردووە کە ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵی وەڵامدانەوەی سەربازیدا بن بۆ سەر ئەو گرووپانە لە ناوخۆی عێراقدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار هێرش کراوەتە سەر پاڵاوگە و ناوەندە نەوتییەکان و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی ئەم وڵاتانە، کە نیوەی ئەو هێرشانە لە ناوخۆی عێراقەوە ئاراستە کراون. هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕەوتی کۆنەپەرست و توندڕەوی “عەسائیب ئەهلی حەق” بە سەرکردایەتیی قەیس خەزعەلی، کە پاشکۆ و ملکەچی کۆماری ئیسلامییە، هەڕەشە ئابوورییەکانی ئەمریکای وەکوو کارتی گوشار بۆ تەسلیمبوون ناوبردووە و خوازیاری کاردانەوەی توند و بێباکانەی ئەم گرووپانە بووە دژی ئەمریکا.

بەم شێوەیە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەیەوێت گرووپە بەکرێگیراو و نیابەتییەکانی خۆی لە عێراق بۆ شەڕی پێشبینیکراوی داهاتوو ئامادە بکات و عێراقیش بکاتە گۆڕەپانی شەڕە نیابەتییەکانی خۆی. ئەم هێزە کۆنەپەرستانە، ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە مەترسیی لەناوچوونی یەکجاریی خۆیان دەزانن. هەڵوێستێکی لەم چەشنە دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە هێزە نیابەتییەکان و دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت لە عێراق، تەنیا ئامرازێکن بە دەست ڕژێمی سەرکوتگەری ئیسلامییەوە بۆ شەڕانگێزی و پێشبردنی ئامانجە دژەخەڵکییەکانی لە ناوچەکەدا.