فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی گاز لە ئێران و ئاکامەکانی
شەممە ۰۸-۱۱-۱۴۰۱   |  28-01-2023
قەیرانی گاز لە ئێران و ئاکامەکانی

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان شۆرای سینفیی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاند کە: “٦٧ خوێندکاری خابگای کچانی زانکۆی سەید جەماڵەدین ئەسەدئابادیی هەمەدان بەهۆی گازی “مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن” تووشی مەسموومیەت بوون”. ئەم ڕووداوە بەهۆی دروست دانەمەزراندنی کوورەی گازی لە خابگاکە ڕووی داوە. لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان بەهۆی نەشتی گاز لە یەکێک لە مەدرەسەکانی مەلایر تەقینەوەیەک ڕووی دا کە بە ئیدیعای بەڕێوەبەری گشتیی “سازمانی ئاتەشنیشانی و ئیمەنی” زیان بە خوێندکاران نەگەیشتووە و تەنیا سەرایەداری مەدرەسەکە بەسەختی تووشی سووتان بووە. دوو ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوەش لە قوچان ٤٠ خوێندکاری دیکە بەهۆی هەڵمژینی گازی “مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن” لە یەکێک لە مەدرەسەکانی ئەم شارستانە مەسمووم بوون. یەکشەممە ٢٦ی مانگی بەفرانباریش لە دەبیرستانی فەرزانگانی ئەردەبیل ٧٠ کەس لە خوێندکاران و کارمەندانی ئەم دەبیرستانە بەهۆی پەخش بوونەوەی هەمان گاز تووشی مەسموومیەت بوون. ڕۆژێک دواتر بەداخەوە سێ کرێکار کە یەکیان منداڵێکی ١٥ ساڵان بوو لە مۆرغدارییەک لە ناوچەی سەنعەتیی “نەوحە دێ”ی ئەردەبیل و چوار کەسی تر لە سەبزەوار بەهۆی مەسموومیەت بە گازی “مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن” گیانیان لەدەست دا. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە مەدرەسە و زانکۆ و ناوەندەکانی کار لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بوونەتە گۆشەیەکی تر لە مەترسی و کێشەکانی ژیانی خەڵک لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. بە ئیعترافی سازمانی پزیشکی قانوونیی ڕژیم ڕێژەی تەڵەفات بەهۆی گازگرتوویی لە ٩ مانگی ئەوەڵی ئەمساڵدا ٤٦٠ کەس بووە کە ١١٠یان لە دەورەی پەرەسەندنی قەیرانی گازدا گیانیان لەدەست داوە. ئەم ڕووداوانە لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد زیادیان کردووە و تەڵەفاتی پیسبوونی هەوا لە ٣٠ هەزار کەسەوە گەیشتووەتە ٤٥ هەزار کەس. ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان وتەبێژی سازمانی ئۆرژانس ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە هەتا ئێستا ٤ هەزار و ٧٧٦ کەس بەهۆی گازی مۆنۆئۆ ئۆکسیدی کەربۆن مەسمووم بوون کە نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو ٣٢ لەسەد زیادی کردووە. قەتع و وەسڵبوونی بەردەوامی گاز یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەسموومییەت ڕاگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران زیاتر لە سەد هەزار کلاسی دەرس لە ئێراندا بوونی هەیە کە لە ستانداردی ئیمەنی و فەزای ئامووزشی و تەجهیزاتی پێویستی گەرمایشی بێبەرین. بەرپرسانی ئیداراتی ئامووزش و پەروەرشی ڕژیم کەمبوونی بوودجە بە هۆکار و دەلیلی ئەم کێشانە دەزانن. بایەخ نەدانی ڕژیمی جەهل و خورافەی ئیسلامی بە بواری پەروەردە و تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست، نیشانەی دوژمنایەتی و بێ تەوەجوهیی ڕێبەران و مەسئوولانی کۆماری ئیسلامییە بە فێربوون و زانست. سەرجەم بوودجەی ئامووزش و پەروەرش لە لایەحەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا ٢٠٦ هەزار و ٦٨٠ ملیارد تمەنە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە هەمان لایەحەدا بڕی ٧٥٠ هەزار ملیارد تمەن تەنیا لە ئیختبار قەرارگا ئابوورییەکانی سپای پاسداراندا دەبێت کە هیچ کەس بێجگەلە خامنەیی حەقی کۆنتڕۆڵ و حیسابڕەسیی نییە.

قەیرانی پیسبوونی هەوا لە ئێران یەکێک لەو قەیرانانەیە کە خودی ڕژیم لە پێکهێنانیدا ڕۆڵی سەرەکیی بووە. یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرست لەم پێوەندەدا دانی بەوە داناوە کە: “ئێمە خەریکە هەناسەکێشانیش لە خەڵک دەریغ دەکەین، پیسبوونی هەوا لەحاڵی خەفەکردنی خەڵکدایە”. پەرەسەندنی ئەم قەیرانە مەترسیدارە بۆ گیان و سڵامەتیی ئینسان گەیشتووەتە جێیەک کە ئێستا تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، کەرەج، سێمنان، قەزوین، ئەراک، ئەهواز، شادگان، مەسجد سولەیمان، دێزفول، ئەندیمشک، شوشتەر، سوسەنگێرد، تەورێز و باقیی شارە گەورەکانی ئێران لە بواری پیسبوونی هەوادا لە وەزعییەتی سوور دان. بەهۆی ئاڵودەبوونی هەوا و نەبوونی گاز زۆرێک لە مدەرەسەکان لە سەرمای زستاندا تەعتیل کراون و کلاسەکانی دەرسی زانکۆکان غەیرە حزووری بەڕێوە دەچن. هەڵبەت سازمانی هەواشناسی لەئاست زیاتر پیسبوونی هەوا هۆشداری بە دەوڵەت داوە و پێشنیارگەلێکی بۆ هێنانەخوارەوەی ئاستی خەسارات کردووە. بەم حاڵەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەم بوارەشدا دەخاڵەتیان کردووە و ڕاگەیاندنێکی نهێنییان دەکردووە کە وزەخانەکان بەهۆی کەمبوونی گاز پێویستە لە گازی مایەع یان “مازوت” کەڵک وەرگرن. ئەم بڕیارەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاستی پیسبوونی هەوا یەکجار بچێتە سەرێ. تا جێگەیەک کە لە هێندێک ناوچەی تاران و چەند شوێنێکی تر ڕێژەی پیسبوونی هەوا ١٠ بەرابەر لە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چووەتە سەرێ. لە وەها بارودۆخێکدا منداڵان و دایکان، ژنانی دوو گیان، بەساڵاچووان و کەسانێک کە نەخۆشیی دڵ و سییە و شێرپەنجەیان هەیە زیاتر لەبەردەم مەترسی دان.

ڕژیم لەم پێوەندەدا خۆی بە بەرپرس نازانێت. ڕۆژنامەی “هەم میهەن” دەنووسێت کە پاسدار ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ، لە جیات سەرنجدان بە ڕێنوێنییەکانی کارناسانی ناوەندە زانستییەکان بۆ ڕێگری لە پیسبوونی هەوا و داخستنی مەدرەسەکان، باسی لە گۆڕینی ستانداردی زانستیی “پێوەری پیسبوونی هەوا” کردووە کە بۆ ئێران ١٥٠ دیاری کراوە. ئەو وتوویەتی کە: ”هیچ ئیشکالێکی نییە خۆمان بڕیار دەدەین کە ئەم ڕەقەمە بکەینە ٣٠٠، تا مەدرەسەکان تەعتیل نەبن”. ئەم پاسدارە لای وایە کە پێوەری پیسبوونی هەواش سەرکوت و ئێعدامە کە بتوانێ بە مەیلی خۆی ئەنجامی بدات. لەم بارەوە یەکێک چالاکانی بواری ژینگە دەڵێت: ”بەداخەوە ژوورە فکرییەکانیان داخست و لە نوخبەکان کەڵکیان وەرنەگرت. ئەسڵەن کارێک بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا ئەنجام نەدراوە و بەهۆیەوە کەوتووینەتە ئەم قۆناغە تیرە و تارە”.

کەمبوونی گاز لە بارودۆخێکدایە کە ئێران لە بواری پاشەکەوتی گاز لە جیهاندا پلەی دووهەمی پێدراوە. بەڵام بەم حاڵەوە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕژیم داوا لە خەڵک دەکات کە مازوت بەکار بێنن کە مادەیەکی ژەهراوی و کوشندەیە. هەروەها لە کارگرووپێکی ئەمنییەتیدا بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی هەرجۆرە ئیعتڕازێک لە ئاست بەکارهێنانی مازوت ڕایدەگەیەنێت کە دژایەتی و میدیایی کردنەوەی ئیحتمالیی ناوەندە ژینگەییەکان لەم زەمینەیەدا تاوان لەقەڵەم دەدرێت.

وەها بارودۆخێکی فەلاکەتبار و قەیراناوی بۆ خەڵک لە بواری گازدا نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی توانا و سەلاحییەتی ئیدارەی کۆمەڵگەی نییە و پێویستە بە درێژە و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران بڕووخێت و دەسەڵاتێکی شۆرایی و خەڵکی جێگای بگرێتەوە. تا لەوە زیاتر ژیان و سڵامەتی ئینسانەکان نەکەوێتە بەردەم مەرترسی و نابوودییەوە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co