فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

كوشتاری كۆڵبه‌ران، داغی نه‌نگه‌ به‌ ناوچاوانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌
شەممە ۱۱-۰۱-۱۴۰۳   |  30-03-2024

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەردەوام و ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر کۆڵبەران و تەقەیان لێ دەکات. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا، هێزە نیزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٥ کۆلبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و ١٩ی دیکەشیان بریندار کردووە. یەکەمین شەپۆلی کوشتنی کۆڵبەران لە ساڵی تازەدا وەک دیاریی نەورۆزی حکوومەتی ئیسلامی، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە لە سنووری نەوسوود ڕوویدا. لەو ڕۆژەدا چەکدارانی ڕژیم تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆلبەر کرد و لە ئەنجامدا یەکێک لەم کۆڵبەرانە بە ناوی “پەیمان ئەحمەدی” کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ پاش دوو ڕۆژ هەوڵی بەردەوامی خەڵکی ئینساندۆست، تەرمی بێ گیانی کۆلبەرێکی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بەرزاییەکانی پیرانشار لە ژێر بەفردا دۆزرایەوە. هەر لەو ڕۆژەدا کۆڵبەرێکی دیکە لە بەرزاییەوە کەوتە خوارەوە و قاچی شکا، هەروەها ٤ کۆڵبەری دیکەش بەهۆی تەقەی بەکرێگیراوانی حکوومەتەوە بریندار بوون. ڕۆژێک پێشتریش سێشەممە حەوتی مانگی خاکەلێوە، چەکدارانی ڕژیم تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لانیکەم هەشت کەسیان بریندار کرد. هەر لەو ڕۆژەدا تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ساڵان لە سنووری بەستامی سەقز بە گولـلەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوو و تازەلاوێکی دیکەش لە سنووری “هەنگەژاڵە”ی بانە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە برینداربوو. هەروەها ڕۆژی سێشەممە بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێنراوی ڕژیم لە سنووری شاری سەردەشت، دوو کۆلبەری دیکە بریندار بوون و یەکیان قاچی لەدەستدا. ڕۆژی دووشەممە ٦ی مانگی خاکەلێوە مێرمنداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ لە سنووری مەریوان لەلایەن بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئیسلامی تەقەی لێکرا و بریندار بوو. هەر لەو ڕۆژەدا کۆلبەرێکی دیکە لە سنووری نەوسود و دوو کۆلبەریش لە سنووری بانە بە تەقەی مەئموورانی چەکداری ڕژیم بە سەختی بریندار بوون. ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە منداڵێکی کۆڵبەری ١٥ ساڵ تەمەن لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری “میشیاو”ی سەقز بەهۆی بارینی بەفر و سەرماوە بەشێوەیەکی دڵتەزێن گیانی لەدەست دا و ڕۆژێک دواتر بە هەوڵی خەڵکی تێکۆشەر جەستەی بێ گیانی دۆزرایەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو و لە سنووری نۆسود گیانی لەدەستدا. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە “میلاد” کوڕە تەمەن ١٥ ساڵە کۆڵبەرەکەشی ڕۆژی هەینی ٣ی مانگی خاکەلێوە لە کاتی کۆڵبەریدا هەر لە هەمان سنوور بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بەسەختی بریندارببوو. ڕۆژی یەکشەممە لە سنووری “هەنگەژانە”ی بانە، کۆلبەرێکی لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی چەکداری ڕژیم بە سەختی بریندار بوو و بەداخەوە لە ڕێگای نەخۆشخانەدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کۆڵبەر لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون یان برینداربوون، کە ئەمەش لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بەرپرسی ڕاستەوخۆی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆیە، بەڵکوو بەرپرسی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانەشە کە بەهۆی فەزای ترس و وەحشەتێک کە ڕژیم پێکیهێناوە تووشی ڕاوەستانی دڵ دەبن، یان لە بەرزاییەکانەوە بەردەبنەوە، یان دەبنە قوربانیی بەفر و سەرما. جگە لەوەش ڕژیمی ئیسلامی بەرپرسیارە لەئاست کۆڵبەران و هەزاران ئینسانی دیکە کە بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەر سنوورەکانی کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، گیانیان لەدەستداوە یان بریندار و کەمئەندام بوون.

کۆڵبەران بەشێک لە سەدان هەزار کرێکاری بێکار و خەڵکی زەحمەتکێشن کە بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری. زۆرێک لە کۆڵبەران خوێندنی باڵایان هەیە. قوباد کەرەمپوور “نوێنەری کرماشان لە شۆرای باڵای ڕژیم لە پارێزگاکان” دانی بەوە داناوە کە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کۆڵبەران دەرچووی زانکۆن. کۆماری ئیسلامی ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە، لە جیاتی ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ کۆلبەران، ساڵەهایە بە کوشتن، بریندارکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان و زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەوان، لە تیکە نانێک کە کۆڵبەران بە تەحەمولی مەترسیی گیانی بەدەستی دێنن ڕێگری دەکات.

کۆماری ئیسلامی کۆڵبەران ئەم ئینسانە زەحمەتکێش و شەریفانەی کوردستان، کە هێزی کاری ئەجیرکراوی بازرگانان و دەڵاڵانی کوردستانن، بە تێکدەری بواری ئابووری و گواستنەوەی کاڵای قاچاغ لە سنوورەکان تۆمەتبار دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەموو سنوورەکانی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵی سپای پاسداراندایە و فەرماندە و بەرپرسانی سپای پاسداران یان هەمان “بەرادەرانی قاچاغچی” خۆیان لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووری لە ئێرانن و گەورەترین باندی قاچاغی ماددەی هۆشبەرن. ڕێگای گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری ئەفغانستانەوە بۆ سنوورەکانی سوورییە و لوبنان و لەوێشەوە بۆ ناو ئوردن بۆ ناردنی بەرەو وڵاتانی عەرەبی و ئورووپایی لەژێر کۆنترۆڵی بەناو “میحوەری موقاومەت”ی سەر بە کۆماری ئیسلامیدایە. لەم دواییانەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و ئاژانسی هەواڵی “ئەناتۆلی”ی تورکییە و “ئەلعەرەبییە” ئاشکرایان کرد کە ئەو گرووپانەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکات، لەوانە حیزبوڵڵا، حوسییەکان، حەشدی شەعبی و دەست و پێوەندەکانی لە سوورییە، لەئاستێکی بەریندا ماددەی هۆشبەری “کاپتاگۆن” بەرهەم دێنن و بازرگانی و قاچاغی پێوەدەکەن. سپای پاسداران لەسەر ئاستی ناوچەیی و بە هاوکاری لەگەڵ ئەم گرووپانە بەردەوام پایەکی سەرەکیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بووە.

سەرەڕای هەموو ئەو ئازارانەی کە بەسەر کۆڵبەراندا سەپاوە، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، كۆڵبه‌ری و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ جاده‌كانی مه‌رگ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی نان، “پیشه‌” به‌ ئه‌ژمار دێت. لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگا کوردنشینەکان بەپێی پێوەرەکانی گەشەی ئابووری بەردەوام لە ناوچە بێبەشەکانی ئێران دێنە ئەژمار و لە بواری لەسەرێ بوونی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت پارێزگای کوردستان لە پێنج پارێزگاکانی یەکەمی ئێرانە و نزیکەی لەسەدا ٢٥ی لاوان لەم پارێزگایەدا بێکارن. لاوازبوونی ژێرخانە ئابوورییەکان لە هەموو بوارەکاندا، نەبوونی بەرنامەی درێژماوە بۆ پێکهێنانی پیشەی پایەدار و هەڵاواردنی بەرچاو لە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بە پارێزگای کوردستان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و ڕێژەی باڵای بێکاری. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە نەتەنیا بۆشایی چینایەتیی نێوان هەژاری و سەروەت یەکجار قووڵتر بووەتەوە، بەڵکوو لە ناوچەکانی غەربی ئێران دیاردەی کۆڵبەری، کە لە بێکاری و نەبوونی پیشەی پایەدارەوە سەرچاوە دەگرێت، پەرەی سەندووە. بێجگەلە ستەمی چینایەتی، سیاسەتی سیستماتیک و پڕ لە جیاوازی و هەڵاواردنی حکوومەتی ئیسلامی دژبە خەڵکی کوردستان بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، و جەمعییەتێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بەتایبەت لە شارە سنوورییەکان بێجگەلە کۆڵبەری ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی ژیان نییە. پێداگریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەی سیاسەتی شۆڤینستی و نیگای ئەمنیەتی بە کوردستان، بەستێنێکی بابەتیی بۆ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان ئامادە کردووە. بزووتنەوەیەک کە کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ستەملێکراو و کۆڵبەرانی کوردستان بزوێنەری سەرەکین. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ بێبه‌شی و بێمافی به‌ چاره‌نووسی حه‌تمیی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستان نازانێت و بڕیاری داوە كه‌ كۆتایی به‌ هه‌موو به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تیه‌كان بێنێت. بزووتنەوەیەک کە بە هیمەتی ڕەوتی سۆسیالیستی، دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی کوردستانی خستووەتە ئاسۆوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv