لاوێکی خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
شاهین وەساف تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەڵماس لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆرشی ورمێیەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و حوکمەکەی لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەری ۱۴۰۲ لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ۱۴۰۱ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ورمێ دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گواسترابوونەوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزراون.
شایانی باسە کە دادگایی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف ڕۆژانی ڕابردوو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد بووە.
پێویستە بوترێ کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانان دژ بە خۆیان و قبووڵکردنی تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەدا بوون.