هەورام مێهرنەوایی لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی هەورام مێهرنەوایی بە هۆکاری «بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز» لە شاری بۆکان بووە.
هەورام مێهرنەوایی، دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو بەردەست نییە.
ئەم لاوە، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو ڕەشەممەی ١٤٠١، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری ئەم شارە» بە ٤٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.
هەورام مێهرنەوایی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی پارەکە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە و لە کۆتایدا لە ژێر چاودێریدا بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لە مەودایەکی دیاریکراو لە شاری بۆکان، ئازاد کرا.