فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لاڕێی چەپی میحوەری موقاوەمەت؛ دژەئیمپریالیزم لە پێگەیەکی کۆنەپەرستانەوە
سێشەممە ۲۹-۰۲-۱۴۰۵   |  19-05-2026

ڕەوتی ناسراو بە «چەپی میحوەری موقاوەمەت لە ئێران» بە هۆی لایەنگریکردنی لە کۆماری ئیسلامی و دژایەتیکردنی بزووتنەوە پێشڕەو و ئازادیخوازەکان بە پاساوی کەڵک‌وەرگرتنی دوژمنی دەرەکی، هەروەها بەهۆی ستایشکردنی میلیتاریزم و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، هیچ نفووز و پێگەیەکی لەنێو کۆمەڵگادا نییە. بەڵام لەبەر ئەوەی کەسایەتی و ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی پرۆ-ئەمریکایی (کە بۆ هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل ساتەژمێری دەکەن) سوود لە بوونی ئەمانە وەردەگرن و وەک ئامرازێک بەدژی هێزە ڕادیکاڵەکانی چەپ و کۆمۆنیست بەکاریان دەهێنن؛ و هەروەها لەبەر ئەوەی «چەپی میحوەری موقاوەمەت» لە پڕوپاگەندە و چالاکییە ناوچەییەکان و هەندێک جار لەنێو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، بە دروشمی پووچی دادپەروەرانەوە هەوڵ دەدات ئەم بزووتنەوانە کۆنتڕۆڵ بکات و بیانکاتە هێزی یەدەگی ململانێی باڵەکانی حکوومەت، بۆیە ڕۆشنگەری و ئاشکراکردنی ماهییەتی ئەم ڕەوتە لەپێناو بەرگریکردن لە ئیعتباری بزووتنەوەی سۆسیالیستی، بەشێکە لە ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان لەم قۆناغەدا.

ئەم ڕۆژانە لە هەلومەرجێکدا کە دەرەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بێ‌وێنە ئاسایش، کار، ژیان و بژێویی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی لە ئێران و ناوچەکەدا خستووەتە ژێر گوشارەوە، چەپەکانی میحوەری موقاوەمەت (کە بەشێکیان لەژێر چەتری سیاسیی بڵاوکراوەی «دانش و امید»دا چالاکی دەکەن)، زیاتر لە جاران ڕیزبەستنیان لەپشت ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامییەوە، بە دیفاع لە کارنامەی ئەم ڕژیمە لە «بەهێزکردنی توانای بەرگری و سەربازیی ئێران لە بەرامبەر هێرشی ئیمپریالیستی»، پاساو دەدەنەوە. ئەگەر ئێران سەردەمانێک لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆنەپەرستی پاشایەتیی پەهلەویدا ببووە ژاندارمی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئێستا ئەم نیۆ-تودەییانە شانازی بەوەوە دەکەن کە لەژێر ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیدا، «ئێران لەنێو میحوەری موقاوەمەتی دژەزایۆنیستی و دژەئیمپریالیستی»دا جێگەی گرتووە.

ئەگەر ڕەوتی ئیسلامیی سیاسی بە ڕێبەریی خومەینی بە دروشمی “مەرگ بۆ شا” سواری شەپۆلی ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕێبەندانی ١٣٥٧ بوو و بە دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا” و “مەرگ بۆ ئیسرائیل” ئەم شۆڕشەی خەڵتانی خوێن کرد و دواتر هەمان ئەو دروشمانەی کردە بەشێک لە شوناسی سیاسی و ئایدۆلۆژیی خۆی، چەپی میحوەری موقاوەمەتیش کە دژایەتیکردنی ئەمریکای وەک شوناسی سەرەکیی خۆی پێناسە کردووە، لەم سۆنگەیەوە ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی لە چەشنی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین، حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق و هتد… وە هەروەها کۆماری ئیسلامی وەک بنکەی سەرەکیی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەک وەک بەرەیەکی کۆنەپەرست، بەڵکوو وەک هێزگەلێکی دژەئیمپریالیست و دژی هەژموونی سەرمایەداریی جیهانی دەبینێت. چەپەکانی میحوەری موقاوەمەت بەم ڕوانگە سیاسی و ستراتیژییەوە، نەک تەنیا پاساو بۆ تەواوی سیاسەتە دژەکرێکارییەکان، تاوانەکان، سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ڕەهەندە بەرینەکانی بێکاری، هەژاری و نەهامەتی دەهێننەوە کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەسەر چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا بوونەتە بەشێک لە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە.

ڕەوتی چەپی میحوەری موقاوەمەت لە ئێران، دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووەتە چەقی سیاسی و چالاکییەکانی خۆی و لەم ڕوانگەیەشەوە عەمەلەن بووەتە پاشکۆی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕوانگەیەوە، خەباتی کرێکاران بۆ زیادکردنی حەقدەست و باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیان و ئازادییە سیاسییەکان، خەباتی بێبەشانی کۆمەڵگا دژی هەژاری و گرانی، خەباتی ژنان دژی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی، خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی و هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە، دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خەبات دژی ئیمپریالیزم و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی دەرەکی. لەبەر ئەوەی ئەم ڕەوتە خۆبەچەپزانە، ناکۆکیی سەرەکی و بنەڕەتی بە ناکۆکی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا دەزانێت، پێی وایە کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتە و ئازادیخوازی ئێران دەبێت تا کاتێکی نادیار ددان بە جەرگی خۆیاندا بنێن، داواکاری و مافەکانیان هەڵپەسێرن، تاوەکوو چەپی میحوەری موقاوەمەت لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئیمپریالیزم و هەژموونی جیهانیی سەرمایە چارەسەر دەکات. بەم شێوەیەیە کە چەپەکانی میحوەری موقاوەمەت، خەباتی دژەئیمپریالیستی لە ناوەڕۆک و ماهییەتی چینایەتی، کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازانەی خۆی خاڵی دەکەنەوە.

بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران و ئەو نەوەیە لە چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە دەرەنجامە زیانبەخشەکانی سیاسەت و هەڵوێستی کۆنەپەرستانە و دژەشۆڕشگێڕانەی حیزبی تودە و ڕێکخراوی “ئەکسەرییەت”یان لە پشتیوانیکردنی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی یەکەمی پاش ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٥٧ لە یادە، نابێت لە ئاشکراکردنی ماهییەتی سیاسەت و هەڵوێستی چەپەکانی میحوەری موقاوەمەتی هاوچەرخ غافڵ بن. لەو سەردەمەدا، یەکێک لە پاساوەکانی حیزبی تودە لە بەرگریکردن لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە ڕێبەریی خومەینی ئەوە بوو کە تێکەڵکردنی مەزهەبی شیعە بە دەوڵەت و سیستەمی ولایەتی فەقیهـ و سیاسەتە دژەژن، سەرکوتگەرانە و دژەدیموکراتیکەکانی، لە بەراورد لەگەڵ هەڵوێستی “موستەزعەف پەناهیی” خومەینی بە مەسەلەیەکی لاوەکی و تێپەڕ دەزانی، و پاساوی دەهێنایەوە کە ئەم ڕواڵەتە موستەزعەف پەناهییە سەرەنجام شوناسی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامی دیاری دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە باندە دەسەڵاتدارەکانی هەر ئەم ڕژیمە ئیسلامییە “موستەزعەف پەناهە” لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەدا، بە پشتبەستن بە سەروەت و سامانی خەیاڵیی دەرەنجامی ڕانتەکانی دەسەڵات، ژیانێکی ئەفسانەییان بۆ خۆیان پێک هێناوە و لەوپەڕی ناز و نیعمەتدا دەژین. لەژێر ئەم هەلومەرجەدا، دەسەڵات و سەروەتێکی هەرچی زیاتر لە دەستی کەمینەیەکی بچووکی سەرمایەداران، بەرپرسانی حکوومەتی، ئاغازادەکان و سەرکردەکانی سوپای پاسداراندا چڕ بووەتەوە، کەلێنی چینایەتی قووڵتر بووەتەوە و جەماوەرێکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران، چەوساوەکان واتە “موستەزعەفەکان” و چینەکانی خوارەوە و تەنانەت ناوەڕاستی کۆمەڵگاش فڕێ دراونەتە نێو ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی لە خوار هێڵی هەژارییەوە.

یەکێکی دیکە لە پاساوەکانی حیزبی تودە و ڕێکخراوی ئەکسەرییەت لە بەرگریکردن لە خومەینی و حکوومەتی ئیسلامی، لێکدانەوەیەکی تەواو سەرەوژێر و پێچەوانە بوو لە پێگەی خەباتی دژەئیمپریالیستی. لەبەر ئەوەی حیزبی تودە و ئەکسەرییەتییەکان خەبات بۆ ئازادییە دیموکراتیکەکان و دژی سەرکوتگەرییە خوێناوییەکانیان لە بەراورد لەگەڵ خەبات دژی ئیمپریالیزم بە پرسێکی لاوەکی دەزانی، بە توندی سەرسامی دروشمە دژەئەمریکایی و دژەئیمپریالیستییەکانی خومەینی ببوون، تەنانەت بە نرخی سەرکوتی خوێناویی شۆڕشیش؛ و پشتیوانییان لە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لەلایەن «خوێندکارانی خەتی ئیمام»ەوە کرد. حیزبی تودە و ئەکسەرییەتییەکان «هەڵوێستی دژەئیمپریالیستیی خومەینی»یان بە هێڵێکی «دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانە» ناوزەد دەکرد و لەوەش زیاتر، هەر جۆرە خەباتێکیان دژی حکوومەتی ئیسلامی بە هەنگاوێکی دژەشۆڕشگێڕانە و هاودەستی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەزانی و تەنانەت ڕەوتە کۆمۆنیستە نەیارەکانی ڕژیمی ئیسلامییان وەک هاودەستی ئاگایانە یان نائاگایانە لەگەڵ ئیمپریالیزم و ستوونی پێنجەمی ئەمریکا پێناسە دەکرد. بێهۆ نەبوو کە لەو سەردەمەدا ئەکسەرییەتییەکان بۆ قووڵکردنەوەی خەباتی دژەئیمپریالیستی و بەرگریکردن لە شۆڕش لە بەرامبەر دژەشۆڕش، دروشمی «دەبێت سوپای پاسداران بە چەکی قورس پڕچەک بکرێت»یان دەدا.

ئەگەر لە یادەوەریی نەوەی گەنجی شۆڕشگێڕانی ئێران و تێکۆشەرانی ڕاپەڕین و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردووی ئێراندا، چەپی میحوەری موقاوەمەت وەک ڕەوتێکی هاوتەریب لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیدا دەناسرێتەوە، ئەوا لە یادەوەریی نەوەی شۆڕشگێڕانی دەیەی یەکەمی دوای ڕاپەڕینی ٥٧دا، هەڵوێست، سیاسەت و کردەوەی دژەشۆڕشگێڕانەی حیزبی تودە و ئەکسەرییەتییەکان زیندوو دەکاتەوە. هەڵبەت بەو جیاوازییەی کە لەو سەردەمە و لە قۆناغی شەڕی سارد و جیهانی دووجەمسەریدا، بەشێک لە بزووتنەوەی چەپی ئێرانیش خۆیان بەناو گرێ دراوی «ئۆردوگای سۆسیالیستی» بە ڕێبەریی یەکێتیی سۆڤیەت دەزانی. هەرچەندە پەیوەندییە زاڵەکانی نێو وڵاتانی «ئۆردوگای سۆسیالیستی» شتێک نەبوو جگە لە سەرمایەداریی دەوڵەتی لەژێر دەسەڵاتی حیزب و ڕژیمە سەرکوتگەرەکاندا، بەڵام حیزبی تودە و ئەکسەرییەتییەکان هاودەنگی لەگەڵ دژەشۆڕشی حکوومەتی ئایینییان بە خەباتی دژەئیمپریالیستی و جێگرتن لەم ئۆردوگایە لەنێو جیهانی دووجەمسەریدا پاساو دەدایەوە. بەڵام لە سەردەمی پاش شەڕی سارد و لە سەدەی بیست و یەکەمدا، چەپی میحوەری موقاوەمەت لە ئێران هیچ شەرمێکی لەوە نییە کە بۆ بەرەوپێشبردنی «خەباتی دژەئیمپریالیستی»، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە هارترین ڕژیمە سەرمایەدارییەکانی جیهانی هاوچەرخ و لەگەڵ زلهێزە ئیمپریالیستییەکانی وەک ڕووسیا و چیندا یەکبگرێت و هاوڕێیی بکات.

چەپی میحوەری موقاوەمەت بە بەرگریکردنی لە کارنامەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە «بەهێزکردنی توانای بەرگری و سەربازی و گۆڕینی ئێران بۆ جبەخانەی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک لە بەرامبەر هێرشی ئیمپریالیستیدا»، لە ڕاستیدا پەیوەندیی قووڵی خۆی لەگەڵ شۆڤێنیزم و ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانی و لە هەمان کاتیشدا دژایەتیی خۆی لەئاست بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران دەسەلمێنێت.