لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئامار و هەواڵەکان بەیانی ئاشکرای پەرەسەندنی هەژاری لەئاستی کۆمەڵگەن. بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی تەوەرومی نوقتە بە نوقتە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ڕەقەمی بێوێنەی ٥٠.٤ لەسەد. هاوکات ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا تەوەرۆمی قابیلی لەمس، بە زیاتر لەوەیکەی لە ڕاپۆرتە ڕەسمییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، دەزانێت. ئەگەرچی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم ڕێژەی تەوەرۆمی قابیلی لەمس ناڵێ بەڵام خەڵک ڕۆژانە لە ژیانیاندا پەرەسەندنی بەردەوامی گرانی و تەوەرۆم هەست پێدەکەن. کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە لەگەڵ چوونەسەری بەرینی قیمەتی پێداویستییەکانی ژیان، دابەزینی توانای کڕینیان تەجروبە دەکەن و سفرەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ چکۆلەتر و سەبەدی مەعیشەتیان خاڵیتر دەبێت. نوێنەری ڕەشت لە مەجلیسی ڕژیم ڕۆژی یەکشەممە دەستی کرد بە ڕەخنەگرتن و وتی: „هیچ کەس لە فکری بازاڕدا نییە و مریشکی ٦٠ هەزار تمەنی دەگاتە ١٠٠ هەزار تمەن”. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە حکوومەتییەکان یەک لەسەر سێی جەمعیەتی ئێران تا ساڵی هەزار و چوارسەد لەژێر هێڵی هەژاریدابوون و بەپێی تازەترین ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس لەماوەی ساڵانی ١٣٩٠ و ١٤٠٠ نزیکەی یازدە ملیۆن کەس بە جەمعیەتی ژێر هێڵی هەژاری زیاد بوون. هەڵبەت کارناسانی سەربەخۆ، جەمعیەتی ژێر هێڵی هەژاری زیاتر لە ئامارە دەوڵەتییەکان دەزانن و لەو باوەڕەدان کە نزیکەی پەنجا لەسەدی جەمعیەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان. هەر ئەم کارناسانە ڕایانگەیاندووە کە ٦٠ لەسەدی کەسانێک کە لەژێر هێڵی هەژاریدان، چالاکی ئابوورییان هەیە و کار دەکەن. و ئەوەش بەو مانایەیە کە تەنانەت هەبوونی پیشە و کاریش بەر بە چوونەژێر هێڵی هەژاری ناگرێت.
لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ١٤٠١ زۆرێک لە کارناسانی ئابووری هۆشداریان دەدا کە “خەڵک توانای تەحەمولی ئەم وەزعیەتەیان نییە و ئەگەر ئەم وەزعیەتە ئیدامە پەیدا بکات پێویستە چاوەڕوانی خرۆشی هەژاران بن”. تەنانەت هێندێک لە مەقاماتی حکوومەتیش دانیان بەوە دادەنا کە” برسیەتی و هەژاری بێداد دەکات و تووڕەیی خەڵک لەئاست تەوەرۆم و گرانی گەیشتووەتە لووتکە”. بەڵام لە بەرابەر ئەم هۆشدارانەدا ڕەئیسیی جەلاد باسی لە “نەمانی هێڵی هەژاریی موتڵەق تا کۆتایی ئەمساڵ”ی دەکرد و ئەم قسە بێبنەمایانەش لە حاڵێکدا دەکوتران کە هەر ئەوکات بەپێی هەموو داتا و ئامارەکان، لانیکەم نیوەی کۆمەڵگا لە هەژاری موتڵەقدا دەژیان. ڕەئیسی کە بە وادەی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی تەوەرۆم و تەنانەت کەمکردنەوەی هاتبووە مەیدان، کارنامەکەی ئەوە بوو کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی تەوەرۆم لەچاو ساڵی پێشتر زیاتر لە ١٨٥ لەسەد زیادی کرد. بانکی مەرکەزیش لە بەرئاودرێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەزینەی بنەماڵەکان ٦٣.٩ لەسەد چووەتە سەرێ. هەموو ئەم ڕاپۆرتانە وێنەی کۆمەڵگایەک نیشان دەدات کە هەڵوەشانی تانوپۆی هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان، تایبمەتمەندیی سەرەکییەتی. داڕمانی ئابووریی دەوڵەت، گرانیی کاڵا ئەساسییەکان، دابەزینی بەردەوامی بەهای پارە، ئیختلاسی نجومی و تەرخانکردنی بودجەی بەرین بۆ ئۆرگانەکانی سەرکوت وێنەی کۆمەڵگایەکە کە چوار دەیە لەمەوبەر وادەی ئەوەیان پێدابوون کە پارەی نەوت دەخەنە سەر سفرەکانیان. چەند بێشەرمانەیە کاتێک لە جیات پارەی نەوت لە کۆتایی ساڵدا ئەوەیکە شۆرای باڵای کاری ڕژیم بۆ لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران دیاریی کرد تەنانەت یەک لەسەر سێی خەرجیان دابین ناکات.
لە وەها بارودۆخێکی سەخت و نالەباردا سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بودجە ڕایگەیاند کە لێکدانەوەی لایەحەی بەرنامەی حەوتەمی تەوسەعە لەژێرناوی “ستراتێژییە مەزنەکانی وڵات لە پێنج ساڵی داهاتوو” کۆتایی هاتووە و بە ئیحتمالی زۆر سەرەتای حەوتووی داهاتوودا بۆ مەجلیس دەنێردرێ. ئاکامی بەرنامەکانی هەتا ئێستای بەناو تەوسەعە یان گەشە هیچ شتێک نەبووە بێجگەلە نابوودیی بواری ئابووریی کۆمەڵگا و هەژاری و فەلاکەتی ملیۆنی. تەنها بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر لایەحەکەدا دەردەکەوێ کە ڕژیمی سەرمایەداران لەژێرناوی گەشەدا چ هێرشێکی بەرینی بۆسەر ملیۆنان کەس لە جەماوەی کرێکار و زەحمەتکێش تەداروک دیوە. ئەگەرچی بەرنامەکە لە ٢٢ فەسڵدا ئامادە کراوە بەڵام تەنیا بە سەرەنجدان بە یەک دوو مادەی، بەرینایی تەهاجومێک کە سازماندراوە، دەبیندرێت. “بووژاندنەوەی نیزامی وەستا – شاگردی” و “دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست لە سێ ساڵی ئەوەڵی کار موعادلی یەک دووهەمی لانیکەمی حەقدەست و مەزایانی پەسندکراوی شۆرای باڵای کار” و “ئیختیاری هەڵوەشاندنەوەی قەرارداد بەشێوەی یەک لایەنە لەلایەن خاوەنکار”، ناوەرۆکی تەنیا یەکێک لە بڕگەکانی ئەم لایەحەیە. ئەم لایەحەیە بە خاوەنکاران ئیجازەی ئەوە دەدات کە بەو کەسانەی لەژێر پۆششی کۆمیتەی ئیمداد یان بێهزیستی دان، لە لانیکەمی حەقدەستی پەسندکراوی ئەو ساڵە، کەمتریان حەقدەست پێ بدەن. لێرەدا ئیتر خاوەنکار بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران هیچ سنوورێکی لەبەر نییە. بێ جەهەت نییە کە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان ناوەرۆکی ئەم لایەحەیان “زیندووکردنەوەی نیزامی کۆیلەداریی نوێ” ناولێناوە. ئەگەرچی لەماوەی ئەم چوار دەیەدا سیاسەتی سەرمایەدارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داسەپاندنی بێمافی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و تاڵانکردنی هێزی کار بووە، بەڵام ئەم لایەحە تازەیە دەکرێ وەک بەرینترین تەهاجوم بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران ناوزەد بکرێت. پێویستە بوترێ کە تەنانەت بەر لە ئامادەکردنی ئەم لایەحەیە “شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” لە بەیانییەیەکدا کە لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو و لە جەرگەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و کوشت و کوشتاری ڕژیمدا بڵاوی کردەوە نووسیی: “ ئێمە کرێکاران لە هەژاری و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری و نەبوونی، لە بردنەسەری ڕێژەی بێبایەخی حەقدەست و ژیانێ ژێر هێڵی هەژاری، لە ڕاکردنی هەموو ڕۆژێ بەشوێن حەقدەستی نەدراو و جادەبەستن، لە زۆروێژیی پەیمانکارانی مفتەخۆر و لە هێنانەدەری جەستەی هاوکارانمان لە کورەی تواننەوە، وەگیان هاتوون و ئەم وەزعە بۆ هیچ کەس ئیدامە نادرێت. مەعیشەت، مەنزەلەت، مافی ڕەوامانە. ئێمە کۆیلە نین کە هەموو ڕۆژێ شایەدی داسەپاندنی هێز و ئیرادە بین بەسەر کار و ژیانماندا. ئێمە بەمانای ڕاستەقینەی وشە ئازادی و ڕەفاه و ئاسایشمان دەوێ”. بێگومان ئازادی، بەرابەری و دابینکردنی ڕەفاه و ئاسایشی ئینسانەکان تەنها لەڕێگەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و هاتنە سەر کاری دەوڵەتی شۆرایی کرێکاران دەتوانێ واقعیەتی مادی پەیدا بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە