لایەنی جیابۆوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بە ڕێبەریی ئیبراهیم عەلیزادە لە بەیاننامەیەکدا لەژێرناوی “سیاسەتی کۆمەڵە سەبارەت بە هاوکاری و کردەوەی هاوبەش لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان” سیاسەتی خۆی بۆ هاوکاری و ئیتحادی عەمەل لەگەڵ ئەم هێزانە ئاشکرا کردووە. ئەم بەیاننامەیە لەو جێگەوە کە ناوێک لە “ئەحزاب و هێزە سیاسییە چالاکەکان لە کوردستان” نابا، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە مەبەستی هاوکاری لەگەڵ “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” و “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، “ڕێکخراوی “پژاک” و ئیحتمالەن سازمانی خەباتە کە پێشتریش پێکەوە لەگەڵ باقیی “ئەحزاب و هێزە چالاکەکان” ڕاگەیاندنی هاوبەشیان دەرکردووە. لە عالەمی واقعدا تەئکیدی لایەنی ئینشعابی لەسەر هاوکاری و ئیتحادی عەمەل لەگەڵ “ئەحزاب و هێزە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان”، هەروەک لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەئکیدی لەسەر کراوە، بە مانای کردەوەی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ بەرەی هێزە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستانە. ئەم بەیاننامەیە لە درێژەی سیاسەتەکانی هەتا ئێستای لایەنی ئینشعابیدا، وەرچەرخانی زیاتریان بەرەو ڕاست بەڕوونی نیشان دەدات.
جەختکردن لەسەر کردەوەی هاوبەش لەگەڵ ئەم حیزب و لایەنانە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ڕێبەریی عەبدوڵڵا موهتەدی کە لایەنێکی ناوەندی هاوکاریی ئەحزاب و هێزە سیاسییەکان لە کوردستانە، بەڕەسمی و بەئاشکرا چووەتە ناو ئیئتلاف و هاوپەیمانی لەگەڵ جەریانی دژەشۆڕشی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان. عەبدوڵڵا موهتەدی لە بارودۆخێکدا بووەتە هاوپەیمانی ڕەزا پەهلەوی، کە شازادە گەلێک جار پێبەندبوون بە ئەسڵی “پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران”ی مەرجی هەرجۆرە هاوکارییەک دیاریکردووە. بەڵام ئەم مەرجە پاوانخوازانەیەی ناسیۆنالیسمی ئێرانی و تۆتۆریتەخوازیی تاکەکەسیی ڕەزا پەهلەوی نەبووەتە مانع بۆ هاوپەیمانیەتیی عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازی شازادە. تەئکیدی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە ئاشکرا بەمانای دژایەتی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانە و بەمانای دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە خەباتێک بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەییە لەژێرناوی موخالفەت لەگەڵ جیاییخوازی.
“ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆتاییەکانی سێپتامبری ٢٠١٩ دوای دەورەیەک هەوڵی ئاشکرا و پشتی پەردە لەگەڵ هێندێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی لایەنگری غەرب لە ئێران سەرەنجام لە کۆبوونەوەیەکدا لە بینای “ئیمپریال کالێج”ی لەندەن “شۆرای مودیریەتی گوزار”یان دامەزراند. لەئێستاشدا هەم سازمانی زەحمەتکێشان و هەم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەندامی شۆرای مودیریەتی گوزارن. هەر ئەوکات حەسەن شەریعەتمەداری بەڕێوەبەری گشتیی ئەم شۆرایە ڕایگەیاند کە سەڵتەنەتخوازان لەم شۆرایەدا حزووریان هەیە. یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی شۆرای مودیریەتی گوزار لەگەڵ هاوپەیمانیی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان تەئکید لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. هاوکات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هاوکاری و هاوپەیمانییەکی نزیک لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێراندایە، کە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی دیکە لە ئێران چالاکی دەکات.
هەروەک چۆن گەلێک جار کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بەڵگە ڕەسمییەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، ئەوەیکە “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەژێرناوی خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی بەڕێوەی دەبەن نەک هەوڵ بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی، بەڵکوو هەوڵ بۆ هەبوونی سەهمێک لە دەسەڵاتی مەحەلی لە پەنا دەوڵەتی ناوەندییەوەیە. ئەگەر سەردەمانێک لایان وابوو کە گەیشتن بەم ئامانجە لەڕێگەی هاوئاراستەیی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و لەڕێگەی سازان لەئاستی باڵای حکوومەتدا مومکینە، ئێستا لەو باوەڕەدان کە لەڕێگەی هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی لایەنگری غەرب و سەڵتەنەتخوازان و بە سنووردارکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و یان لەڕێگەی دەخاڵەتی دەسەڵاتە گەورەکانەوە دێتە دی. کەوابوو بەپێچەوانەی ئیدیعای لایەنی جیابۆوە لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هاوکاری و کردەوەی هاوبەش لەگەڵ ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان بەو ستراتێژییەی کە گرتوویانەتە بەر نەتەنیا لەپێناو “هەموارکردنی ڕێگای خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی” یارمەتیدەر نییە بەڵکوو ئەم خەباتە بەلاڕێدا دەبات. جەریانی ئینشعابی لە بارودۆخێکدا لەسەر پێویستیی “هەماهەنگیی حزبە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان لەبواری پێشخستنی شۆڕشی ژینا و بەهێزکردنی ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لەم شۆڕشەدا” تەئکید دەکات کە هاوپەیمانیەتیی سازمانی زەحمەتکێشان بەڕێبەریی عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان و هەروەها حزووری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شۆرای مودیرەتی گوزار و هاوئاراستەیی و هاوکاریی بەرین لەگەڵ سازمانی موجاهدینی خەلق کە بۆ حکوومەتێکی ئیسلامیی تر لە ئێران هەوڵ دەدات، لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە دژایەتیی ئاشکرادایە.
لایەنی جیابۆوە یەکێک لە بنەماکانی کردەوەی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ “ئەحزاب و هێزە چالاکەکان لە کوردستان” لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا “بەڕەسمی ناسینی ئەسڵی مافی دەسەڵاتی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان لەڕێگەی ئۆرگانەکانی هەڵبژێردراوی جەماوەری” ناو لێدەبات. تەئکید لەسەر بەڕەسمی ناسینی ئەسڵی مافی دەسەڵاتی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەلایەن ئەحزاب و هێزە چالاکەکان لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و سازمانی زەحمەتکێشان هەتا ئێستا سیاسەت و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەم مەسەلەیە ڕاگەیاندووە. ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و سازمانی زەحمەتکێشان بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە ڕایانگەیاندووە کە گەورەترین کاری ناوەندی هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شکڵدان بە ئەرتەش و سوپای نەتەوەیی و نیشتمانییە. تا لەم ڕێگەوە “ئیدارەی هاوبەشی کوردستان بۆ دەورەیەکی گوزار (چرای زەرد) بۆ تێپەڕین لە قۆناغی قەیران و ناسەقامگیری بەدەستەوە بگرن”. ئەم “حیزب و هێزە چالاکانە لە کوردستان” هیچکات نەیانشاردووەتەوە کە دەخوازن ئەزموونی کوردستانی عێراق لە کوردستانی ئێرانیش دووپات بێتەوە. ئەوان دەزانن کە ئەوە هێزی ئاخێز و ڕاپەڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدە لە شارەکانی کوردستانە کە سەرەنجام بیساتی ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێکەوەدەپێچێت و کۆتایی بە سوڵتەی ڕژیم لە کوردستان دێنێت. ئەم حیزبانە ئەرتەشی یەکپارچە و نیشتمانیی کوردستانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرینایی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵک دەوێ. تا بە قەولی خۆیان سیلۆکان لە دەست خەڵکی ڕاپەڕیو نەجات بدەن. ئەوان دەیانهەوێ جەماوەری خەڵک ڕاپەڕن و دەسەڵات بڕووخێنن و حاکمیەت و بەڕێوەبەریی کوردستان هەتا هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕادەستی حیزبەکان بکەن. لە ڕوانگەی ئەم حیزب و لایەنانەوە و بەپێی نەخشەڕێگایەک کە هەیانە، ئەسڵی مافی دەسەڵاتی خەڵک لە ئیدارەی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەقامگیرکردنی نیزامی پەرلەمانییەوە دابین و زەمانەت دەکرێت. کەوابوو لە جەرگەی بارودۆخی سیاسیی ئێستادا و لە حاڵێکدا کە خواستی ئیدارەی شۆرایی و حکوومەتی شۆرایی بووەتە دروشم و داخوازیی بەرچاو لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە کوردستان، بێدەنگی لێکردن لە بەدیلی حکوومەتی و بەدیلی شۆرایی و تەئکید نەکردن لەسەر دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا لەلایەن جەریانی ئینشعابییەوە، بەکردەوە ڕێگای سازان و بەند و بەست لەسەر “دەسەڵاتی خەڵک” بەشێواز و مێتۆدی ئەحزابی ناسینۆنالیست لە کوردستان ئاواڵە دێڵێتەوە.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەسەڵاتی خەڵک و بە باوەڕی ئێمە دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان تەنها دەتوانێ بەرهەمی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە خوارەوە بێت. واتە هەمان بزووتنەوە و ئاخێزی جەماوەری لە شارەکانی کورستان کە دیمەنەکانیمان لە ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار لە شارەکانی کوردستان لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا بینیوە. ئەم ئاخێزە شاریانە دەتوانن پێداویستییەکانی ڕیشەکێشکردنی هێز و پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان فەراهەم بکەن و کۆتایی بە داگیرکاریی ڕژیم لە کوردستان بێنن. تەنیا وەها بزووتنەوەیەکی هەڵقوڵاو لە قووڵایی کۆمەڵگاوەیە کە دەتوانێ شۆرا و ناوەند و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەریی خۆی لە شار و گوندەکانی کوردستان دامەزرێنێ و بە سازماندانی پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا، سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات. هەروەک چۆن گەلێک جار وتوومانە و لە بەڵگەی کۆنگرەکانیشدا لەسەری تەئکیدمان کردووە، یەکێک لە پێشمەرجەکانی وەدیهاتنی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان پووچەڵکردنەوەی هەوڵی ئەحزابی بورژوازی لە کوردستانە کە دەیانهەوێ لەسەر سەری خەڵکەوە ئۆرگانەکانی بورژوازیی مەحەلی بخەنە جێگای ناوەندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. سەرمایەداران و ئەحزابی بورژوایی لە هیچ شوێنێکی جیهان دوو دەستی دەسەڵاتیان ڕادەستی خەڵک نەکردووە تا لە کوردستانی ئێران دوای “دەورەی گوزار” و “چرای زەرد” حکوومەت ڕادەستی خەڵک بکەن. لە سەردەمی قەیرانی سیاسی و شۆڕشدا، تەوەری دەسەڵات، بەردەوام یەکێک لە تەوەرە پڕکێشەکانی نێوان چینی باڵادەست و حیزبەکانیان لەگەڵ جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بووە. ئەم باوەڕانە کە لە ئەزموونی مێژوودا بەدەیان جار سەلمێندراون، یەکێک لە بنەماکانی ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ڕیزی هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی لە ئێران و کوردستاندا ڕوویانداوە، هەرچەندە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکی ئاشتیانە و شارستانی لە خەباتی سیاسیدا لەسەر بنەمای بەڕەسمی ناسینی ئازادیی بێشەرت و مەرجی سیاسی، بەکارنەهێنانی چەک بۆ پێشخستنی خەباتی سیاسی، بایەخنەدان بە تەفرەقەنانەوەی ڕژیمی ئیسلامی و دژەشۆڕشی سەڵتەنەتخواز و هیتر، لەگەڵ ئەحزاب و هێزە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان قابیلی دەرکە، بەڵام هاوکاری و کردەوەی هاوبەش لەگەڵ ئەم هێزانە نەتەنیا بە “هەموارکردنی ڕێگای خەبات لەپێناو نەمانی ستەمی نەتەوەیی” کۆمەک ناکات بەڵکوو لە دژایەتیی ئاشکرادایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە