ماوەیەکی کورت دوای داگیرسانی شەڕی جەنایەتکارانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە مانگی ڕەزبەری ڕابردوو، حیزبوڵڵای لوبنان سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک ئەندامێکی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، بە هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل بوو بە بەرەیەکی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیە. لەم ماوەیەدا مووشەک هاویشتنەکانی حیزبوڵڵا بەرەو ئیسرائیل بەرەبەرە زیاتر بوو. لە بەرامبەردا، دەوڵەتی شەڕخوازی نەتانیاهۆ هاوکات لەگەڵ درێژەی شەڕ و کۆمەڵکوژی لە غەززە، لە وڵام بەم مووشەک هاویشتنانە، بە هێرش کردنە سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا و بە کوشتنی بەرپرسانی پلەبەرزی، زەربەی قورسی لەم هێزە نیابەتییەی کۆماری ئیسلامی داوە و خەڵکی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی ناچار کردووە ماڵ و شوێنی ژیانیان جێبهێڵن. بەهۆی ئەم تێکهەڵچوونە پەڕاکەندانە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامان و فەرماندەکانی حیزبوڵڵا بوون و نزیک بە ٨٠ کەس لەم ژمارەیەش خەڵکی مەدەنیی لوبنان بوون. لە بەرەی ئیسرائیلیش ١٦ سەرباز و ١١ کەسی مەدەنی دانیشتووی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کوژراون.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان حیزبوڵڵای لۆبنان و ئیسرائیل لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو بەهۆی توندبوونەوەی پڕوپاگەندە و کردەوەی شەڕخوازانەی هەر دووک لا یەکجار زیادی کردووە و ئەگەری داگیرسانی شەڕێکی بەتەواو مانا، کە ئاگرەکەی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگرێ، یەکجار بەرز بووەتەوە. چالاکیی جەنگی و جموجۆڵی هەر دووک لا لەم ماوەیەدا زیادی کردووە. بۆ نموونە: سێشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردان ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە: ”گەڵاڵەی هێرش بۆسەر لۆبنانی ئامادە و پەسند کردووە”. نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە بەشێک لە هێزە نیزامییەکانی ئیسرائیل بۆ شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا لە باشوورەوە بەرەو باکوور دەنێرێت. لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل وەزیری بەرگریی خۆی ڕەوانەی ئەمریکا کرد تا گەڵاڵەی هێرش بۆسەر باشووری لۆبنان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەفتەی ڕابردوو هوکستین نوێنەری بایدێن چووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بە حیزبوڵڵا سەبارەت بە درێژەی هاویشتی مووشەک بەرەو ئیسرائیل هۆشدار بدات. ناوبراو ئەم پەیامەی ئەمریکای لەڕێگەی “نەبیە بێری” سەرۆکی پارلەمانی لۆبنانەوە گەیاندە حیزبوڵڵا. پەیامەکە ئەوە بوو: ”ئەگەر مووشەک هاویشتنی حیزبوڵڵا درێژەی بێت، ئەمریکا ناتوانێ لە هێرشی زەمینیی ئیسرائیل و داگیرکردنی لۆبنان ڕێگری بکات”.
بەدوای ڕاگەیاندنی ئەرتەشی ئیسرائیل حەسەن نەسروڵڵا دەستبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند و هەڕەشەی کرد کە “تاکتیکی شەڕی بێ یاسا بەکار دێنین و باکووری ئیسرائیل داگیر دەکەین و ئەمنیەتی ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک دەخەینە مەترسییەوە”. حەسەن نەسروڵڵا هەروەها هەڕەشەی لە دەوڵەتی قێبرس کرد کە ئەگەر پایەگاکانی خۆی بۆ هێرش بۆسەر حیزبوڵڵا بخاتە ئیختیار ئیسرائیلەوە، بە مووشەک هێرشی دەکرێتە سەر. هاوکات گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراقیش ئامادەیی خۆیان بۆ چوون بۆ لۆبنان و شەڕ بەرامبەر بە ئیسرائیل بە ئاگاداریی سپای پاسداران گەیاند. (ئەم گرووپە تیرۆریستە بە سەرۆکایەتیی ئاخوند قەیس خەزعەلی، گرووپێکی میلیشیای عێراقیی سەربە سپای پاسدارانە). ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی پووشپەڕ ئاشکرای کرد کە: “لەسەر داوای حیزبوڵڵای لوبنان، فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسداران لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی “کەتائبی حیزبوڵڵا”ی عێراق دیداری کردووە تا ئەوان لە پیلانی ئەم گرووپە بۆ پشتیوانیی نیزامیی لە حیزبوڵڵا بەدژی ئیسرائیل ئاگادار بکاتەوە. ئەو فەرماندەیەی سپا بەوانی وتووە کە ئەم کردەوەیە پێشوەختە و ئەرکی ئێوە لەئێستادا ناردنی یارمەتیی نیزامی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانە.
بێگومان لە ئەگەری سەرهەڵدانی وەها شەڕێکدا، ئەوە خەڵکی ڕەنجدیدەی لوبنانن کە دووبارە دەبنەوە قوربانی و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ دەبن. بارودۆخی ئابووریی لوبنان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا یەکجار قەیراناوی بووە. بەهۆی ئەم قەیرانانە دەوڵەتی لوبنان چەندین جار تووشی وەرشکستەیی بووە. بەڵام هەموو جارێ بە یارمەتیی ماڵیی فەڕانسە و دەوڵەتانی دیکەی سەرمایەداری بەشێوەی کاتی لەم وەرشکستەیی و داڕمانە دەربازی بووە. لە بواری سیاسیشەوە حکوومەتی لوبنان لە نێوان سێ گرووپی ئایینی سوننی، شیعە و مەسیحیی ماروونیدا دابەش بووە. لەم ماوەیەدا بەتایبەت بەهۆی دەخاڵەتی زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی حیزبی دەستسازی واتە “حیزبوڵڵا”، لۆبنان بەرەوڕووی پشێوی و ناسەقامگیریی بووەتەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا داگیرساندنی شەڕ بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل وەک نیعمەتێک وایە. چونکە نەتانیاهۆی تاوانکار هەوڵ دەدات شەڕ لە غەززە درێژە پێ بدات و بەرەیەکی شەڕی دیکەش لە باکووری ئیسرائیل دژبە حیزبوڵڵا بکاتەوە تا لە ڕێگەی درێژەدانی شەڕەوە بتوانێ لە بەدواداچوونی قەزایی بۆ دۆسیەی گەندەڵییەکانی دەربازی بێت و لە ڕووخانی دەوڵەتەکەی ڕێگری بکات. بەرەیەکی دیکەی ئەم شەڕە خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران و حەسەن نەسروڵڵان کە لە شەڕی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو وەک ئامرازێک بۆ فشار هێنان بۆ ئیسرائیل کەڵک وەردەگرن. عەلی خامنەیی گەلێک جار باسی لە زەروورەتی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جوگرافیا کردووە. خامنەیی ڕۆژی ١٤ی مانگی جۆزەردان لە ستایشی داگیرساندنی شەڕی غەززەدا ڕایگەیاند: “ تۆفانی ئەقسا لەپێناوی پێویستییەکی گرینگی ناوچەکە و لەپێناوی زەربەلێدانێکی ئەساسی لە ئیسرائیل بوو کە دروست لەسەری وەختی خۆیدا ڕووی دا”. لە ڕوانگەی خامنەییەوە گرینگبوونی هێرشی تیرۆریستیی ٧ی ئۆکتۆبر لەوەدا بووە کە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستان پووچەڵ کردووەتەوە. بۆ خامنەیی کوژرانی ٤٠ هەزار ئینسان و ئاوارەیی و بێ خانە و لانەیی دوو ملیۆن کەس و وێران بوونی شار و ژێرخانەکانی ناوچەی غەززە، لە بەرامبەر تێکچوونی کاتیی پڕۆسەی پەیوەندی ئیسرائیل و عەرەبستان بەهایەکی گەورە نییە و دەبێ لەلایەن خەڵکی فەلەستینەوە بدرێت.
لە وەها هەلومەرجێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ناوەوەی ئیسرائیل و لوبنان و فەلەستین و گەشەکردنی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی دژبە شەڕ چ لە غەززە و لوبنان و چ لە ئاستی ناوچەکە، دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئاشتی و دژبە شەڕخوازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و حەماس و کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت. بەڵام ئەوە خودی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراوی فەلەستین، ئیسرائیل و لوبنانن کە نابێ چاوەڕوانی بڕیاری دەوڵەت و تاقمە تیرۆریستەکان سەبارەت بە درێژەدانی شەڕ بن. بەڵکوو بە بەشداریی هوشیارانە و ڕێکخراو، بە قایمکردنی پەیوەندی نێوان خۆیان و بەهێزکردنی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ بزووتنەوەی دژی شەڕ، دەتوانن لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی شەڕخوازانەی دەسەڵاتداران و تاقمە نیابەتییەکان ڕێگری بکەن.