ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتی ژنان و پێشێلکردنی مافی ژنان مەحکووم کرد.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ترساندنی ژنان لە ئێران و ناچارکردنیان بە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ، دەستیان بەسەر دەیان هەزار ماشیندا گرتووە، هەروەها ژنانی شۆفێر کە گوێڕایەڵی حیجابی زۆرەملێ لەنێو ماشینەکانیاندا نابن، سزای قامچی و پێبژاردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کارانە ڕایگەیاندووە کە ئەم سزایانە هەندێک جار منداڵانی تەمەن ٩ ساڵان دەگرێتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، کۆماری ئیسلامی به مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسته تۆقێنەرە دژ به ژنان له کامێرای چاوەدێری بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان و هاووڵاتییان کەڵک وەردە گرێت.
هەروەها باس لەوە کراوە کە جگە لەوەش بەشێک لە بەرپرسانی ڕژیم بەردەوام لە شەقامەکان دەگەڕێن و بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی چاوەدێری، زانیاری لەسەر ماشین و سەرنشینەکانی کە حیجابیان لەبەرچاو نەگرتووە، تۆمار دەکەن و بۆ پۆلیسی دەنێرن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەم سیاسەتەی سەرکوت و تۆقاندن، ژنان لە ئێران لە بەرگریی مەدەنی خۆیان دژی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامن و ژمارەی ئەو ژنانەی ملکەچی حیجابی زۆرەملێ نابن، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.