ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بەوەیکە لانیکەم ٧ کەس لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، نووسیویەتی: دەیان کەسی دیکەش لە بەندیخانەکان چاوەڕێی سزای ئێعدامن.
ئەو ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی لە خۆپیشاندەران وەرگرتووەتەوە و بە ئەشکەنجە، قامچی، شۆکی کارەبایی، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژیی ڕەگەزی، گیانی دەستبەسەرکراوانی خستووەتە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەدا هاتووە، بە چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران، بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامی، سێ هاووڵاتیی ناڕازیی دیکەیان بە ناوەکانی “مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی”، پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملێ لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا، سزای ئێعدامی بەسەریاندا سەپاند و لە بەندیخانەی ئیسفەهان لەسێدارەیانی دا.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕوو بە موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی، داوای لە هەموو کەس و لایەنێکی تریش کردووە کە بە ناردنی نامەی ناڕەزایەتیی خۆیان، داوای ڕاوەستانی ئێعدامەکان لە ئێران بکەن.