فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لەسێدارەدانی مێرمنداڵان، نیشانەی ئەوپەڕی وەحشیگەریی کۆماری ئیسلامی
یەکشەممە ۱۸-۰۵-۱۴۰۵   |  09-08-2026

مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی “شێروین باقریان”، مێرمنداڵی تەمەن ١٨ ساڵە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، کە بە تۆمەتی “موحارەبە” و لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ناسراو بە “مەیدانی عەلیخانی”ی ئەسفەهان دوو سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، جارێکی دیکە پرسی لەسێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵانی کردووەتەوە بە یەکێک لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی شێروین لە دۆخێکدا پەرەی سەندووە کە لە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا، دوو تۆمەتباری دیکەی هەمان دۆسیە لەسێدارە دران و بە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە، مەترسیی لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی دیکە زیاتر لە جاران زیادی کردووە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، تا ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لانی‌کەم ١٨٤ مێرمنداڵی دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینەکەی بەفرانبار هێشتا لە زیندانەکاندان. لەنێو ئەواندا، ١٤ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، دوو کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ١٢ مێرمنداڵی دیکەش لەژێر هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزاکەیاندان. لە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥یشدا، “مەیسەم ئیرەندەگانی”، تازەلاوی تەمەن ١٨ ساڵە، بە تۆمەتێک کە دەگەڕایەوە بۆ تەمەنی ١٤ ساڵیی، لەسێدارە درا. هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە بوونی زیاتر لە سەد منداڵ و مێرمنداڵی مەحکووم بە سێدارە یان لەژێر هەڕەشەی دەرکردنی سزای لەم چەشنە، لە زیندانەکانی ئێراندا دەکەن. لەپشت هەر ژمارەیەکەوە، مرۆڤێک وەستاوە؛ مێرمنداڵێک بە خێزان و ژیان و ئاوات و داهاتوویەکەوە کە ئێستا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی پەتی سێدارەی کردووەتەوە. ئەمە، سیمای سیاسەتێکە کە تێیدا سەرکوت، ئەشکەنجە و سڕینەوەی مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنرێت. کاتێک ئاماری سزاکانی مەرگ لەتەنیشت پەرەسەندنی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان، بێبەشیی کۆمەڵایەتی، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات دادەنرێت، ناکرێت چاو لە ئامانجی سیاسیی سزای سێدارە بپۆشین. دەزگای دەسەڵات سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ سزادانی کەسی مەحکوومکراو بەکار ناهێنێت؛ بەڵکوو جێبەجێکردنی سزاکە پەیامێکی گشتی بۆ کۆمەڵگا تێدایە. ئەو پەیامەی کە دەڵێت ناڕەزایەتی باجێکی قورسی هەیە، وەڵامی بەرخۆدان بە سەرکوت و سێدارە دەدرێتەوە و ڕژێم بۆ پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی خۆی لە هیچ ئاستێک لە تاوان و توندوتیژی دەست ناپارێزێت.

لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا، دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە بۆشاییەکی کۆمەڵایەتیدا کار ناکەن و پێکهاتەی دادوەریش لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات دابڕاو نییە. کاتێک مێرمنداڵان بە تۆمەتی وەک “موحارەبە” و “ئەفساد فیلئەرز” دادگایی دەکرێن، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی دەکرێت لە چوارچێوەی تاوانی ئەمنیدا پێناسە بکرێت و ویستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ببن بە دۆسیەی دادوەری. لەم ڕەوتەدا، یاسا دەبێتە ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی. ئەوەی ناوی “دادپەروەری”ی لێ دەنرێت، لە پراکتیکدا دەبێتە پاشکۆی پێداویستییەکانی پاراستنی نەزمی زاڵ. ئەم ڕاستییە ناکرێت بەدەر لە پێگەی چینایەتیی قوربانییەکان لێی تێبگەین. بەشێکی زۆری ئەو مێرمنداڵانەی ڕووبەڕووی سزای سێدارە بوونەتەوە، لە خێزانە کرێکارییەکان، کەم‌داهاتەکان، بێبەشکراوان و پەراوێزخراوەکانەوە هاتوون. ئەوان بەر لەوەی ڕووبەڕووی دادگا و زیندان ببنەوە، ڕووبەڕووی نایەکسانی لە پەروەردە، دەستپێڕاگەیشتنی نایەکسان بە خزمەتگوزارییەکانی ژیان، ناسەقامگیریی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی یەکسان بوونەتەوە. کۆمەڵگایەک کە دەرفەتەکانی ژیان بە شێوەیەکی نایەکسان دابەش دەکات، ناتوانێت کاتێک دەرهاویشتەکانی ئەم نایەکسانییە لە شێوەی زیانی کۆمەڵایەتی یان ناڕەزایەتیی سیاسی دەردەکەون، تەنیا تاک بە بەرپرسیار بزانێت و ئەو پێکهاتانەی بەرهەمهێنەری ئەو دۆخەن لە لێپرسینەوە ببەخشێت. نایەکسانیی چینایەتی لە ڕەوتی دادگاییکردنیشدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ، دەرفەتی بەرگریی کاریگەر، دەستپێڕاگەیشتنی خێزان بە زانیارییەکانی دۆسیەکە و توانای بەدواداچوونی یاسایی، بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک نییە. مێرمنداڵێک کە لە خێزانێکی چەوساوە و بێبەشکراوەوە دێت، ڕووبەڕووی دەزگایەکی بەرفراوان و زلهێز دەبێتەوە کە ئیمکاناتی یاسایی و ئەمنیی زۆر زیاتری لەبەردەستدایە. لە وەها دۆخێکدا، قسەکردن لەسەر “دادپەروەری” بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە واقیعییەکانی دەسەڵات، وێنایەکی چەواشەکارانە و ئاوەژوو لە پرسەکە دەخاتە ڕوو.

لەسێدارەدانی ئەو منداڵانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، سەرباری لێکەوتە مرۆییەکانی، پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیشە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە. بەڵام نابێت پرسەکە تەنیا لە ئاستی پابەندییە مافەوانییەکانی دەوڵەتدا قەتیس بکرێت. سزای سێدارە، نیشانەی داماویی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە لە بەرامبەر قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. دەسەڵاتێک کە لە بەرامبەر داواکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ وەڵامێکی بێجگە لە زیندان، سەرکوت و سێدارە پێ نییە، لە ڕاستیدا پرسەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو توندوتیژی لە شێوەیەکی بەربڵاوتریشدا پەرە پێ دەدات و دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە. لە ڕوانگەی خەباتی چینایەتییەوە، بەرگریکردن لە منداڵانی مەحکووم بە سێدارە ناتوانێت تەنیا لە کەمپەینێکی مافەوانیدا کورت بکرێتەوە. دژایەتیکردنی سێدارە، بەشێکە لە خەباتێکی بەرفراوانتر دژی ئەو پەیوەندییانەی کە مرۆڤ لە پێناو قازانج، دەسەڵات و پاراستنی نەزمی باڵادەستدا بێبەها دەکەن. لەسێدارەدان، کوشتارێکی دەوڵەتی و سزایەکی دژەمرۆیی و قێزەونە، بەڵام نابێت لەو زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە بەرهەمهێنەریەتی خافل بین. کێشە بنەڕەتییەکە، ئەو پێکهاتەیەیە کە تێیدا هەژاری و بێبەشبوون بۆ ملیۆنان مرۆڤ واقیعێکی ڕۆژانەیە، بەڵام وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان بە زەبری هێز و توندوتیژی دەدرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش، خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە دەبێت گرێ درابێت بە خەبات دژی هەژاری، چەوساندنەوە، هەڵاواردن، سەرکوتی سیاسی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی. بەرگریکردن لە مافی ژیانی مێرمنداڵان بە واتای بەرگریکردنە لە کۆمەڵگایەک کە تێیدا هیچ مرۆڤێک لە دەرفەتی هەبوونی ژیانێکی شایستە بێبەش نەکرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر شێروین باقریان، مەیسەم ئیرەندەگانی و منداڵان و مێرمنداڵانی دیکەی مەحکوومکراو یان لەژێر مەترسیی سێدارەدا دێت، زەنگێکی مەترسیشە سەبارەت بە داهاتووی کۆمەڵگا. ئەگەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە ئاسایی بکرێتەوە، ئەوا سنوورەکانی سەرکوت هەر جارە و بەرفراوانتر دەکرێن و قوربانیانی نوێ دەخرێنە نێو ئەم بازنەیەوە. بێدەنگی لە ئاست ئەم ڕەوتەدا، تەنیا بە واتای کەمتەرخەمی بەرامبەر بە چەند دۆسیەیەکی دادوەری نییە؛ بەڵکوو بە واتای قبووڵکردنی ئاساییکردنەوەی توندوتیژیی دەوڵەتییە. بەرگریکردن لە مافی ژیانی منداڵان و مێرمنداڵان، بەرگریکردنە لە سەرەتاییترین مافی مرۆیی. هیچ دەوڵەت و دەسەڵاتێک نابێت بۆی هەبێت ژیانی مرۆڤێک بکاتە ئامرازی تۆقاندنی کۆمەڵگا. خەبات دژی لەسێدارەدانی منداڵان، خەباتە بۆ ڕاگرتنی ماشێنی سەرکوت و دژایەتیکردنی سیستەمێکە کە بۆ پاراستنی پەیوەندییە زاڵەکان، گیانی مرۆڤەکان دەکاتە قوربانی. کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە بە پەتی سێدارە دروست نابێت؛ بەڵکوو بە بنەبڕکردنی هەژاری، هەڵاواردن، چەوساندنەوە و سەرکوت، وە هەروەها بە دانانی ژیان و ئازادیی مرۆڤ لە چەقی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بونیاد دەنرێت.