لەسێدارەدانی نهێنی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندی شیراز
چوارشەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۳   |  10-04-2024

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بەناوی عەلیرەزا مەرزبان ٢٧ ساڵە کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەنهێنی لە زیندانی ناوەندیی (عادل ئاباد)ی شیراز جێبەجێکرا.
ئەم زیندانییە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر لە شەڕێکی گروپی بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرا و دوای ماوەیەکی کەم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی عەلیرەزا مەرزبان بەبێ دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی ئەنجام دراوە.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی ڕژیم و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.