شاعیر و بەرپرسێکی وەشانگەی”نشر باشوور”ی ئیلام، بە دەستێوەردانی “ناوەندێکی ئەمنییەتی” لە ڕێگەی بەشی وەرگرتنی پەروەردەی سنە لە بەرپرسیارەتییەکەی کە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سنە بوو، دوور خراوەتەوە و لەسەر کارەکەی دەرکراوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەد مورادینساری، چالاکی فەرهەنگی و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی شاری سنە، بە هۆکارێکی ناڕوون و بە بڕیارێکی نایاساییی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە بەرپرسیارەتییەکەی دوور خراوەتەوە و لەسەر کارەکەی دەرکرا.
لەم پێوەندییەدا، ئەو هاووڵاتییە لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا نووسیویەتی: بەشی وەرگرتنی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنان و پەروەردەی سنە بانگیان کردووە و کۆمەڵێک پرسیار کە لەلایەن “ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە” بۆیان دیاری کراوە، لە ناوبراویان پرسیوە.
هەروەها نووسیویەتی: ئەو پرسیارانە پەیوەندییان بە چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانییەوە بووە، وەک بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی “گەلاوێژ” و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئەدەبیی “باشوور”.
بەپێی نووسراوەی ئەم چالاکە فەرهەنگییە، لە کاتێکدا زانیویەتی لە کارەکەی دەرکراوە کە بەدواداچوونی بۆ نەناردنەوەی کۆدی پرسۆنێلی خۆی و وەرنەگرتنی حەقدەستی مانگانەی دوای چەند مانگ لە دامەزراندنی کردووە.
شایانی باسە کە محەممەد مورادینساری ، یەکێک لە چالاکانی ناسراوی فەرهەنگی و ئەدەبیی لە ئەیوان و ئیلام و کوردستانە. پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە و هەروەها لەسەر چالاکییەکانی لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و تەنانەت هەڕەشەشی لێ کراوە.