لە درێژەی کاولکردن و لەناوبردنی ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆس، بەشێکی بەرچاو لە داری دارستانەکانی بانە لەنێو براون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “پاژین”ی بانە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، بەشێکی بەرچاو لە داری دارستانەکانی کێوی ئاربەبا لەلایەن کەسانی دژی ژینگەوە لەنێو براون.
کەسانی دژە ژینگە لە هەوڵێکی قێزەوندا، بە مەبەستی وشککردنی دارەکان، بنی بەشێکی بەرچاو لە دارەکانی دارستانی ئاربەبای بانەیان سووتاندووە و کۆمەڵێکی زۆر داری تریان بڕیوە کە خەسارێکی قەرەبوونەکراو وەبەر ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.
چەند ڕۆژ پێشیش ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاند: “ئاستی کاولکاری لە ناوچەی بەنەژاژ و کانی بەردی بانە بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو بەرز بووەتەوە و هەر کەس بۆ خۆی خەریکی دەرهێنانی دار و وشکردنی دارەکانە”.