
ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی شەپۆلی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەم دواییە، هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان، پۆلیس و گاردی تایبەت لە شارە جیاجیاکان و ئەو ناوچانەی کە بوونەتە کانون و چەقی ناڕەزایەتییەکان، جۆرێک لە حکوومەتی سەربازیی ڕانەگەیەندراوی بەڕێوە بردووە. تا پانزەهەمین ڕۆژی ئەم ناڕەزایەتییانە، لە ئاکامی پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆ سەر ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازی و دەسڕێژکردن لێیان، زیاتر لە ٥٤٠ تێکۆشەر گیانیان بەخت کردووە، سەدان کەس بریندار و زیاتر لە دە هەزار و حەوتسەد کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کراون. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەتایبەت لە ڕۆژی سێزدەهەمی ناڕەزایەتییەکانەوە بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، دڕندەیی و وەحشیگەرییان گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی. سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی کە توانای شاردنەوەی ئەم جنایاتە خۆفاناکەیان نییە، “ئاژاوەگێڕانی چەکدار” بە هۆکاری ئەم کوشتارە دەناسێنن. ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی تەرمی بێگیانی ناڕازییان لە “کەهریزەک”ی تاران و دیمەنی ئەو بنەماڵانەی کە بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەوە بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕان، گۆشەیەک لەم جنایەتەی خستەڕوو. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت نیگەرانییەکانی لەمەڕ پەرەسەندنی مەترسیی کوشتارێکی لەو چەشنە زیاتر کردووە.
گومان لەوەدا نییە کە توانایی ڕژیم لە سەرکوتی خوێناوی و ئەنجامدانی وەها جینایەتگەلێکی خۆفناک، یەکێکە لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای جەماوەریبوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام کلیل و چارەسەری تێپەڕین لەم کۆسپەش هەر لە دەستی جەماوەری خەڵکدایە. بۆ نموونە ئەگەر جەماوەری ناڕازی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران هاوکات لە چەندین خاڵی شار و لە ئاستی چەندین هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، و وشیارانە فێڵ و تەڵەکەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان بۆ شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام پووچەڵ بکەنەوە، نە تەنیا دەتوانن هێزی سەرکوتی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بکەن، بەڵکوو دەتوانن یەکگرتوویی و شیرازەیان لەبەریەک هەڵوەشێنن. هەر لەم ئاراستەیەدا پێویستە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە کاری ڕێکخراوەیی و بە داهێنان و ئەزموونەکانی خۆیان لە بواری گەیاندنی زانیاری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و… بە ئامادەکردن و هێنانە مەیدانی بەرینی جەماوەر بۆ ناڕەزایەتییەکان، پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە زەمانەت بکەن. لەم ڕێگەیەدا پێویستە خەڵک بە تەواوی وشیار بن و ڕێگە نەدەن کە دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەیداندان بە گرووپێکی سەڵتەنەتخوازی کۆنەپەرست، خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ئەوان بەلاڕێدا بەرن و هەر ئەم فێڵەش بخەنە خزمەت زەربەلێدان لە ئیعتیباری خەباتی خەڵک و پەرەپێدانی سەرکوت.
پێداویستییەکی دیکەی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە، هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە کارخانەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە بە مانگرتنی یەکپارچە و سەرتاسەری و بە تێکەڵکردنی داخوازییە ئابووری و سیاسییەکان، لەوانە داخوازیی کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، ئازادیی سەرجەم دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە. چینی کرێکار سەرەڕای ئەو کۆسپە زۆرانەی لەسەر ڕێگایەتی، بە پشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتی تا ئێستای، بە پشت بەستن بە بوونی ڕێبەرانی لێهاتوو و کارزان کە هەیەتی، بە پشت بەستن بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆمیتەکانی کارخانە کە نوتفەی شورا کرێکارییەکانن و بە پشت بەستن بەو ئەزموونانەی کە لە ڕێکخستنی سەدان مانگرتنی شکۆمەنددا هەیەتی، دەتوانێت بە ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی خۆی، پەیوەست بێت بەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەوە و بە پەیوەستبوونی خۆی، ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی ئیسلامی زەوینگیر بکات. پەیوەستبوونی چینی کرێکار لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیدا بەم ناڕەزایەتییانەوە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت زەمینەیەکی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوەبوون و پێکهێنانی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکان و بەحیزی بوونی کرێکاران فەراهەم بهێنێت.
مەرجێکی دیکەی زەمانەتی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە، بەستراوەتەوە بە گەڵاڵەکردن و پەرەپێدان بە ستراتیژی و ئاسۆی سیاسیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە، ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری. کەواتە نابێ بەڵێنیی سەرکەوتنی ئاسان و بێزەحمەت بە جەماوەر بدرێت، بەڵکوو دەبێ بە کردەوە لە ڕێگای وەڵامدانەوە بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشکست کێشانی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی هەنگاو هەڵبگیرێت و جەماوەر لە سەختی و دژوارییەکانی ئەم ڕێگا پڕ لە کۆسپە ئاگادار بکرێنەوە.
ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژ بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژ بە نایەکسانییەکان، بێبەشییەکان و هەڵاواردنگەلێک پێیان ناوەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە ڕیشەیان لە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی ئێراندایە. بەم پێیە، ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنیا ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەبەردەم خۆیدا داناوە، بەڵکوو بەپێی ماهییەتی داخوازییەکانی، بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەدارییە. خەڵک بە هەق بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران چاویان بڕیوەتە ئەو ئیمکاناتە بەرینەی کە لە ئێراندا نهێنییە. دەبێ وێنەیەکی ڕوون لەو دەسەڵاتەی کە دوای کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار، ببرێتە نێو خەڵکەوە. کەواتە دەبێ ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی حکوومەتی شورایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و شوراکانی خەڵک لە بەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا دابنرێت. دەبێ هەوڵ بدرێت دروشمگەلێکی وەک “نان، کار، ئازادی – ئیدارەی شورایی”، “ئازادی، یەکسانی – ئیدارەی شورایی” کە لەلایەن ناڕازییانەوە لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا گەڵاڵە کراون، بە کەمپەینە سیاسی-تەبلیغییەکان هەرچی جەماوەریتر بکرێنەوە. دەبێ شرۆڤەیەکی ڕوون لەم دروشمانە و لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی و یەکسانی و ئیدارەی شورایی ببەینە نێو جەماوەرەوە.
دەبێ بە شێوەیەکی لێبڕاوانە و ماندوونەناسانە، سەبارەت بە مەترسیی پڕۆژە ئیمپریالیستییەکانی گۆڕینی ڕژیم واتە “ڕژیمچەینج” و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرووی ئیرادەی خەڵکەوە، هۆشداری بدرێت و هەڵوێست و ستراتیژیی سیاسیی بەشە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران بۆ بەلاڕێدابردن و بەشکست کێشانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. دەبێ ناتەبایی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەوان کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبڕالیزم بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامییە، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی کە لە بواری یەکسانیی سیاسی و یەکسانیی ژن و پیاو بە خەڵکی دەدەن، بە ئاشکرا نیشان بدرێت. ئەوانەی بەدیلیان سەرمایەدارییە بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامییەوە، ناتوانن بەڵێنی ئازادی و خۆشگوزەرانی بە خەڵک بدەن. سەرمایەداری بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامیشەوە هەر حکوومەتێکی ئیستبدادییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە