بەپێی ڕاپۆرتی باشگای هەوڵنێرانی جەوان و دوایین ئاماری وەزارەتی تەعاون، کار و ڕێفاهی ئیجتماعی ڕژیمی ئیسلامی کۆی گشتیی بێکاران و بێهیوایان لە کار، لە ئێران نزیکەی ١٠ ملیۆن کەسە. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە جەمعییەتی چالاکی ئێران ٢٦ ملیۆن کەسن. دوو و نیو ملیۆن کەس بەتەوای بێکارن واتە یەک کاتژمێر کاریان لە حەوتوودا نییە. ٢ و نیو ملیۆن کەس لە دۆزینەوەی پیشە ناهومێدن. واتە پیشەیان بۆ نابیندرێتەوەو چیتر خوازیاری پیشە نین و لە ڕێژەی بەشداریکردنیشدا بەئەژمار نایەن. ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە لە درێژەدا دەنووسێت کە خاڵی جێگای سەرەنج ئەوەیە کە ٢ و نیو ملیۆن کەس ڕێژەی بێکارانی فەرمییە ئەگەر بمانهەوێ ڕێژەی واقعیی بێکاری بڵێین پێویستە بێهێوایان لە کاریش ئیزافە بکرێن کە لەو حاڵەتەدا نزیکەی ٥ ملیۆن بێکار لە وڵاتدا بوونی هەیە. باروودۆخی پیشەیی لە ئۆستانەکانی خووزستان، هۆرمۆزگان و سیستان و بەلووچستان قەیراناوییە و پێویستە لە بواری دامەزرانەوە زیاتر بایەخیان پێدرێت. ڕێژەی بێکاری لە ئۆستانی لۆرستان ١٥.٢، چوار مەحاڵ بەختیاری ١٣، کرماشان ١٤.٩ و کوردستان ١٤ لەسەدە و ئەمانە ئەو ئۆستانانەن کە ڕێژەی بێکاری تێیاندا لە مامناوەندی ئێران لەسەرترە. ئەم ئامارانە لە حاڵێکدا بڵاو دەکرێنەوە کە بەپێی پێناسی ناوەندی ئامار “کەسانی دامەزراو، کەسانی ١٥ ساڵە و سەرتر لەو تمەنەن کە لە ماوەی حەوتوویەکدا لانیکەم یەک کاتژمێر کار دەکەن و یان بەهۆکارگەلێک بەشێوەی کاتی کارەکەیان جێهێشتووە”. ناوەندی ئامار لە درێژەی ئەم پێناسەدا باس لە جۆرێکی دیکە لە کەسانی دامەزراو دەکات کە تەنانەت بە بێ حەقدەست کار دەکەن. “کەسانێک کە بێبەرامبەر بۆ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان کە لەگەڵی نیسبەتیان هەیە کار دەکەن(واتە کرێکارانی فامیلیی بێ حەقدەست)”. بەلەبەرچاوگرتنی پێناسی ناوەندی ئامار لە دامەزارن و پیشە، ئاشکرایە کە ڕێژەی واقعیی بێکاری لە ئێران زۆر زیاتر لە ٥ ملیۆن کەسە.
ئەوە واقعییەتێکی ئاشکرایە کە ڕوتی ڕوو لە زیادبوون و کۆنتڕۆڵ نەکراوی بێکاری لە ئێران، کە ئامارەکەی هێندێک جار تا ٨ ملیۆن کەس ڕاگەیەندراوە بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران. بێکاری یانی لەناوبردنی ئەمنییەتی پیشەیی و ناکۆکی نانەوە لەناو کرێکاران، یانی پاڵ پێوەنانی بنەماڵە کرێکارییەکان بەرەو ژین لەژێر هێڵی هەژاری و مەرگی شێنەیی. بێکاری کێشەیەکە کە دەروونپەرێشی، خەمۆکی و تووڕەیی پنگخواردوو، لە دواهاتە حەتمییەکانیەتی. ئەم تراژێدیا دڵتەزێنە لێرەدا تەواو نابێت، لێکهەڵوەشانی بنەماڵە کرێکارییەکان و چوون بەرەو ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لەڕووی ناچاری و هێندێک جار خۆکوژی و باقی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی مەنتقیی ئەم ڕەوتەیە و ژنان و پیاوان، لاوان و تازەلاوان و منداڵانی چینی کرێکار و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵ دەکاتە قوربانی.
بێکاری یەکێک لەو نەهامەتییانەیە کە خوڵقێنەرەکەی سیستەمی سەرمایەدارییە. ئەرتەشی پاشەکەوتی بێکاران هەمیشە بۆ خاوەنانی سەرمایە وەک نیعمەتێک وا بووە. ئەم کێشەیە لە سەردەمی قەیراناویی ئێستادا و لەژێر سێبەری کۆرۆنا و لەگەڵ درێژەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان پانتاییەکی سەرسووڕهێنەری بەخۆی گرتووە و بووەتە کارەسات. کۆماری ئیسلامیی قەیرانلێدراو و دەوڵەتە شڵەژاوەکانی هۆکاری توندبوونەوەی ئەم نەهامەتییە گەورەیەن. لە وەها باروودۆخێکدا خەبات دژبە دیاردەی شۆم و وێرانکەری بێکاری و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵی، بووەتە یەکێک لە کێشەکانی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کۆمەڵگای ئێران. ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی بێکاری لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە دەوڵەتی دەەسەڵاتدار لە ئێران، وەزارەتی کار و تەعاون و باقیی ناوەندە حکوومەتییەکان نەتەنیا ستراتێژی پێکهێنانی کاریان نییە، بەڵکوو خۆیان بێکاریی کرێکاران و دیاردەی بێکارییان بەشێوەیەکی بەرین پەرەپێداوە. درێژەی داخرانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی زۆر لە کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بە بیانووی نابوودبوون، شایەدی ئەم ئیدیعایەیە. بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لەلایەن دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیی جەلاد بە پشت بەستن بە سپا و یان کەرتی تایبەت و یان چارەسەرکردنی لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا، پووچ و بێ بنەمان. ئامانجی ئەم بەڵێنانە چاوەڕوان ڕاگرتنی کرێکاران و ڕێگری لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانە لە باروودۆخێکدا کە “مەترسی”ی وەڕێکەوتنی ئاخێزە جەماوەرییەکان، خەوی لە چاوی سەرانی ڕژیم تاراندووە.
ترسی ڕژیم لە ئاخێزە جەماوەرییەکانی کرێکاران بەستێنی بابەتی و واقعیی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەیکە ئەم ئاخێزە ئیحتمالیانە بەشێوەی خۆڕسک ڕوو نەدەن، پێویستمان بە ڕێکخستن و ڕێکخراوە. ئەم بابەتە دەتوانێ بۆ نموونە لەڕێگەی بەرپاکردنی بزووتنەوە دژبە بێکاری بێتە دی. بزووتنەوەیەک کە باروودۆخەکەی ئامادەیە و هێزی بەتوانا و ئامادەشی نەتەنیا لەشکری ملیۆنیی بێکاران بەڵکوو ملیۆنان کرێکاری لەسەرکار و بنەماڵە کرێکارییەکان لەخۆدەگرێت. بزووتنەوەیەک کە بەهۆی درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی بێکاری، و خواستی هاوبەش دەتوانێت جەماوەری و بەهێز بێت و دەسەڵات بەرێتە ژێر پرسیارەوە. ئەرکی بەرپاکردن و ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر شانی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بەتایبەت کرێکارانی کۆمۆنیستە. بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە و بەهێزکردنی تا ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەری پێویستی بە بەرپاکردنی ڕێکخراوەیەکە کە بە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و ئیرادەی بەکۆمەڵی کرێکارانەوە پشت ئەستوور بێت. وەها ڕێکخراوێک تەنیا لەسەر بەستێنی خەبات دژبە بێکاری دەتوانێ جەماوەری بێتەوە. ئەم ڕێکخراوە دەتوانێ “شۆرای بێکاران” یان “یەکیەتیی بێکاران” و یان هەر ڕێکخراوێکی گونجاو بێت کە خودی کرێکارانی وشیار لە گەڕەک، ناوچە و یان شارستان پێکی دێنن. دابینکردنی بیمەی بێکاری و باقیی خزمەتگوزارییەکان لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارەوە تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی کرێکاران و بەرپاکردنی وەها بزووتنەوەیەک دژبە بێکاری بێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە