فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە بەرابەر نیزامی سەرمایەداری و حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئاڵای سووری سۆسیالیزم بەرز بکەینەوە
چوارشەممە ۱۵-۰۱-۱۴۰۳   |  03-04-2024

نیشانەکانی پرتووکاویی سەرمایەداریی ئێران و ئاکامە وێرانگەرەکانی سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبرالی و گەندەڵی و ڕانتخۆرییی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو شوێنێک ڕوخساری ناحەز و دژەمرۆیی خۆی نیشان داوە. بەکردەوەدەرهێنانی بەرنامەی نیۆلیبڕالی، خسووسی سازی، پەرەپێدانی چەوساندنەوە و بێکاری، داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژبە ژنان لە بازاڕی کار و بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کاڵایی کردنی پەروەردە و بارهێنان، تەندرووستی و دەرمان و باقیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بێبەری کردنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە خەڵک لە دەستڕاگەیشتنیان بەم خزمەتگوازارییە سەرەتاییانە، قەیرانی ژینگە و هەروەها پەرەسەندنی حاشیەنشینی وێڕای ئاکامە دڵتەزێنەکانی، بارودۆخێکی کارەساتباری بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەدا سەپاندووە. حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، نەدرانی سەری وەختی هەر ئەم حەقدەستانە، پەرەسەندنی شیرکەتەکانی پەیمانکاری، تەوەرۆم و گرانی و هاتنە خوارەوەی توانای کڕینی کرێکاران، ژیانی بنەماڵە کرێکار و بێبەشەکانی کۆمەڵگەی بەرەو تەباهی بردووە. پەرەپێدان بە چەوساندنەوە لە نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی شوێنی کاردا، شوێنەکانی کاری یەکجار نائەمن کردووە. بێکاریی بەرین و زیادبوونی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا هەرجۆرە ئەمنییەتێکی شوغڵیی لە کرێکاران زەوت کردووە. لە جەرگەی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و نائەمنیی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەی منداڵانی کار و شەقام، دیاردەی ئیعتیاد و زۆربوونی لەشفرۆشی و گەلێک ئازاری کۆمەڵایەتیی تر کە بنەماڵەکانیان گرفتار کردووە، ژیانی بۆ کرێکاران و توێژە لاوازەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دژوار و تاقەت پڕووکێن کردووە. لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران و باندە حکوومەتییەکان بە سەروەتی سەرچاوەگرتوو لە ڕانتی دەسەڵات، ژیانێکی ئەفسانەییان پێکهێناوە و لە ناز و نیعمەتدا بەسەر دەبەن. لەم بارودۆخەدا دەسەڵات و سەروەتێکی هەرچی زیاتر کەوتووەتە دەست کەمینەیەکی بچووک لە سەرمایەداران، کاربەدەستانی حکوومەت و ئاغازادە و سەرانی سپا و بۆشایی چینایەتی قووڵتر بووەتەوە و جەماوەرێکی هەرچی زیاتر لە توێژەکانی خوارەوە و تەنانەت لە توێژی مامناوەندی کۆمەڵگە ژیانێکی دژوار و هەژارانەیان بەسەردا سەپاوە.

هەر ئەم واقعییەتە ئابوورییانە و ئاسۆی هەژاری و فەلاکەتی زیاتر و داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی دژبە ژنان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی و هەمیشەیی. لە وەها بارودۆخێکدا هێزە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە کۆماری خوازانەوە بگرە تا حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان، لە سەڵتەنەتخوازەکانەوە بگرە تا موجاهدینی خەڵق نیگەران لە ماهییەتی واقعیی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، بۆ سەر و سامان دان بە ئاڵتێرناتیڤی خۆیان هەوڵ دەدەن. بەڵام هیچکام لە بەشەکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە، ڕێگاچارەیەکی واقعییان بۆ کۆتایی هێنان بە فەلاکەتی ئابووریی خەڵک و تەنانەت بۆ گەشەدان بە ئابووریی دڵخوازیشیان نییە. ڕێگاچارەی ئەم هێزانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئابووری هیچ شتێک نییە بێجگەلە سپاردنی ئیدارەی ئابووری وڵات بە دەستی مودیرانی تێکنۆکرات، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا، لابردنی بەربەستە سیاسییەکانی سەر ڕێی تێکەڵ بوونی زیاتری سەرمایەداریی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی، بەکردەوە دەرهێنانی بەرنامەی ئابووریی نیۆلیبڕاڵی لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد لە ناوخۆی وڵات. ەم هێزانە لە باشترین حاڵەتدا بەرنامەی نیولیبڕالی بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبەن و دیکتاتۆریی غەیری دینی دەخەنە جێگای دیکتاتۆری دینی.

لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی دەتوانێ ئاسۆی رزگاری بەرەوڕووی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بەش مەینەتی ئێران بکاتەوە. پێویستە چارەسەر و بەدیلێکی کرێکاری و سۆسیالیستی بخرێتە بەردەم موناسباتی سەرمایەداریی زاڵ و حکوومەتی سەرمایەی ئیسلامی، تەبلیغ و بانگەشەی بۆ بکرێت و بکرێتە گوتارێکی بەهێز لەناو کۆمەڵگادا. پێویستە نیشان بدرێت کە سۆسیالیزم تەنها بەدیلێکە کە دەتوانێ ئاسۆی ڕزگاری بەرەوڕووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا بکاتەوە و کۆتایی بە هەموو ئەو کێشە و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە بێنێ کە هەموو کۆمەڵگای داگرتووە. پێویستە بەپێچەوانەی تەسەورێک کە ئیدێئۆلۆگەکانی چینەکانی سەرەوە پەرەی پێدەدەن، نیشان بدرێت کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست و بەدیلی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای بابەتی و واقعی دامەزراوە.پێویستە نیشان بدرێت کە هێزی کۆمەڵایەیی وەدیهێنانی سۆسیالیزم، واتە چینی کرێکار کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆی لە گۆڕەپانی کۆمەڵگادا بەشدارە، لە ڕەوتی خەبات و ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیدا زۆربەی بێبەشان و ستەملێکراوان و ئازادیخوازانی کۆمەڵگا و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆی هاوڕێ دەکات، لە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمۆنیستیدا خۆی ڕێک دەخات و ئامادەیی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە مێژووییە پەیدا دەکات. ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە مەسیری پێشڕەویی خۆیدا بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی سیاسی و جەماوەری و سەرتاسەری دەزگای سەرکوت زەمینگیر دەکات و بە ڕێکخستنی ڕاپەڕین لە هەنگاوی یەکەمدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. ماشێنی دەوڵەتی بەهەموو دام و دەزگای سەرکوتیەوە تێکدەشکێنێت و دەسەڵاتی شۆڕاکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دادەمەزرێنێت. دەسەڵاتی شۆرایی بیساتی ئەشکەنجە و ئێعدام کۆدەکاتەوە و بەرینترین ئازادییە بێ شەرت و مەرجە سیاسییەکان دابین و زەمانەت دەکات. له‌ ڕێگه‌ی گشتی كردنه‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان، هه‌موو توانا ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێران به‌ به‌رنامه‌ و به‌ شێوه‌ی داڕێژراو ده‌خاته‌ كار. بەچارەسەرکردنی لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ بەرهەمی کارەکەی، توانایی و لێهاتووییەکانی مرۆڤ چرۆ دەکات. . گەشەی ئابووری لەم رێگایەوە مسۆگەر دەبێ، بەرهەمی زیاتر بەکات و هێزێکی کەمتر بەرهەم دەێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکرێت، بۆ چارەسەرکردنی پێویستییە مادی و مەعنەوییەکانی مرۆڤەکان خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک لەئاستێکی بەریندا بەڕێوەدەچێت. خه‌ڵك له‌ ئیمكاناتی یه‌كسان و فراوان بۆ گه‌شه‌ی توانا كه‌سیه‌كانیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن و هێزی داهێنان و توانای تاكه‌كه‌سی ده‌پشكوێ. له‌ وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ئازادی و خۆشبژێویی هه‌ر تاكێك مه‌رجی ئازادی و خۆشبژیویی هه‌موانه‌ و ته‌قالا بۆ مانه‌وه‌ی تاك كۆتایی پێدێت و ئینسانه‌كان به‌ره‌و قۆناخێكی به‌ڕاستی ئینسانی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. له‌ نیزامی كۆمه‌ڵایه‌تیی سۆسیالیستی دا، كار له‌ جه‌بر بۆ په‌یدا كردنی پێداویستیه‌كانی ژیانه‌وه‌ ده‌بێته‌ چالاكیه‌كی خۆبه‌خشانه‌ كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌ساسی تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ركه‌كان و وڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت. تێكنۆلۆژی و پێشكه‌وتنه‌ زانستیه‌كیان وێڕای پێشكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كانی زانست دەخرێنە خزمەت باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان و ئیمکانی هێنانەخواری سەعاتی کار و بردنەسەری سەعاتی فەراغەت و بێکاری فەراهەم دەبێت. کۆمەڵگای سۆسیالیستی شێوازە جۆراوجۆرەکانی نابەرابەری و هەڵاواردن لەوانە ستەم بەرانبەر ژنان ڕیشەکێش دەکات. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و به‌رچاوته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی، جێگای خۆی ده‌دا به‌ هاوپشتیی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان. سۆسیالیزم بە وێرانکاری و کارەساتە ژینگەییەکان کە هەستی و ئەمنیەت و ڕەفاهی ئینسانەکانیان خستووەتە مەترسییەوە کۆتایی دێنێ و پاراستن و کەڵک وەرگرتنی عەقڵانی لە سرووشت دەکاتە پێوەری سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەی خۆی. دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك، خه‌یاڵ په‌ردازی و هێنانه‌ به‌رچاوی شاری ئاوا‌ته‌كان نییه‌. به‌ڵكوو حه‌ره‌كه‌تێكه‌ له‌ ڕه‌و‌تی گۆڕانكاریه‌ مادیه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. هێزە کۆمەڵایەتییەکەی لە قامەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداری کرێکاران، ناڕەزایەتیی بێبەشانی شار لە مەیداندا حزووری هەیە و ئیمکاناتی مادیی وەدیهاتنی بوونی هەیە. بەڵام بۆ بەهێزکردنی بواری ڕێکخستنی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ تەقویەت و یەکگرتوویی ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو چینی کرێکار و بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوەی شۆرایی و بۆ دامەزراندنی سۆسیالیسم پێویستە قۆڵ هەڵماڵین.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە