ئاستی هەڵاوسان لە تورکیا ئەمڕۆ ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە ٦١.١٤ لە سەد، ئەو ئاستە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پێشینەی نەبووە. پەیمانگای ڕوپێویی تورکیا ئاشکرای کرد، لە مانگی مارس نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان بەراورد بە مانگی شوبات بەڕێژەی٥.٤ لە سەد بەرزبووەتەوە. لە مانگی فوریه تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە ٤٥.٤٤ لە سەد بووە، لەکاتێکدا لە مانگی ئاوریل ئەو ڕێژەیە بۆ سەروو ٦١ بەرزبووەتەوە. هەروەها بەپێی داتاکانی پەیمانگا تورکییەکە، کەرتی پەیوەندییەکان لەو وڵاتە بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بەڕێژەی٩٩.١٢ لە سەد، هەروەها نرخی کاڵا خۆراکییەکان بەڕێژەی ٧٠.٣٠لە سەد بەرزبووەتەوە. هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە٦١.٥ لە سەد.
هۆکاری ئەو قەیرانە ئابورییەی ڕووی لە تورکیا کردووە، جگە لە قەیرانی ئابووری سەرمایەداری، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دوو ساڵی ڕابردووداو هەروەها هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی نەوت، گاز و دانەوێڵە.