فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە داخوازی و خەباتی لێبڕاوانەی خانەشینان پێویستە پشتیوانی بکەین؛ «لەژێر باری ستەمدا بەسەر نابەین ژیان – گیان فیدا دەکەین لەڕێگای ئازاد ژیان»
سێشەممە ۰۹-۰۳-۱۴۰۲   |  30-05-2023
لە داخوازی و خەباتی لێبڕاوانەی خانەشینان پێویستە پشتیوانی بکەین؛ «لەژێر باری ستەمدا بەسەر نابەین ژیان – گیان فیدا دەکەین لەڕێگای ئازاد ژیان»

ڕۆژی دووشەممە ٨ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ خانەشینانی موخابراتی ناوچەی خووزستان، خانەنشیانی موخابراتی ناوچەی کرماشان، خانەنشینانی موخابراتی ناوچەی ئیلام و خانەنشیانی ناوچەی مەشهەد لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکرانی خواستەکانیان لە بەرامبەر بینای موخابراتی ئەم شارانە بۆ جارێکی تر کۆبوونەوە. خانەشینانی موخابرات ڕۆژی دووشەممە ١ی مانگی جۆزەردان لە شارەکانی ئەهواز، ئەراک، کرماشان، زاهیدان، شەهری کورد، بۆجنورد، ئیلام، هەمەدان، خورەم ئاباد، ئیسفەهان و مەشهەد کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. داخوازیی خانەنشینان، دانی حقوق بەپێی تەوەرۆمی بەرینی ئێستا، ئیجرای ئاییننامەی ٨٩، هێنانەخواری سەهمی بیمەی تەکمیلی لە ٥٠وە بۆ ٢٠ لەسەدی پێشوو، و دانی ڕەفاهیات و سەهمی خاروبارە. خانەنشینان لەم ئیعتڕازاتەدا تەئکیدیان کرد کە دوای واگوزاریی موخابرات بە بەشی خسووسی، وەزعیەتی ژیان و گوزەرانیان خراپتر بووە. ئەوان لە کۆبوونەوەکانیاندا ئەم دروشمانەیان وتەوە: “لەژێر باری ستەمدا بەسەر نابەین ژیان، گیان فیدا دەکەین لەڕێگای ئازاد ژیان”، “هەزینە دۆلارییە، حقوقمان ڕیاڵییە”، “موخابرات حەیا کە، بە وەعدەکانت عەمەل کە”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”.

خانەنشینان کە ژیان و بژێویان بەردەوام لەلایەن ڕژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشی کراوەتە سەر گەلێک جار بە لیستێک لە داخوازییەکانیانەوە هاتوونەتە سەر شەقام و بە خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان بزووتنەوەی ناڕەزایەتی داخوازییان لە ئێران بەرەوپێشەوە بردووە. ئەو داخوازییانەی کە لانیکەمی پێویستییەکانیان دابین دەکات. خانەنشینان کە بەشێکی زۆر لە ژیانیان لە شوێنی کاردا تێپەڕیوە و گەلێک سەختی و دژوارییان تەحەمول کردووە و بە فرۆشتنی هێزی کاریان لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین کردووە، ئێستا بەحەق چاوەڕوانی ئەوەن کە لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ناچار نەبن دووبارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کار بکەن و لە بەشە غەیرە ڕەسمیەکاندا ئەم قۆناغەی تەمەنیان تێپەڕێنن. لەو کۆمەڵگایانەی کە خەباتی کرێکاری و ئازادیخوازانە گەلێک پاشەکشەی بەسەر دەوڵەتانی بورژوازیدا سەپاندووە، دەورانی خانەنشینی کاتی پشوودان و بیرکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی ژیانە. لە هەمان حاڵیشدا دەورەیەکە کە خانەنشیان دەتوانن درێژە بە فێربوون و گەشەی زانستیان بدەن. سەردەمی خانەنشینی ئەو ساڵانەیە کە خەڵک لە قەیدی والد بوون و بازاڕی کار ئازاد دەبن و ئیمکانی ئەوە پەیدا دەکەن کە بەشوێن موسافرەت و فێربوون و مەهارەتی تازەوە بن. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی، ئەم دەسەڵاتە کەمینە و زەرووسفەتەی سەرمایەداران، هەروەک چۆن لەگەڵ لاویەتی و شادی و بەختەوەریی زۆربەی کۆمەڵگە دوژمنە لەگەڵ خانەنشینانیش ڕەفتارێکی دژەئینسانی و تێکەڵ بە سووکایەتیی گرتووەتە بەر. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی داناسەپێنێت، بەڵکوو بەپێی تەمەنیش هەڵاواردن دادەسەپێنێ و خانەنشینانی لە لانیکەمەکانی ژیان بێبەری کردووە.

کەوابوو ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. هەر ئەم حەقیقەتە سادەیە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانەی خانەشینانی هێناوەتە بەرەوە. درێژەی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان بوونەتە گرووپێکی فشاری سیاسیی بەهێز بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی.

شەپۆلی ئەم دوایانەی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلوچستان و بەردەوامیی ئیعتڕازات لە تاران و شارەکانی تر، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرانسەریی خانەشینان نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران، ئەگەرچی لە ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێ و شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقامی دوو سێ مانگی ئەوەڵ فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوازی جۆراوجۆر هەروا درێژەی هەیە. ئەم ڕەوتە نیشانەی ئەوەیە کە شەپۆلی ئێعدامەکان و دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێ بکات. درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار بە دورشمی “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین” هاتوونەتە سەر شەقام، لە بارودۆخی ئێستادا گرینگیەکی سیاسیی تایبەتی هەیە. ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان پێویستە بە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری هەڵسەنگێندرێ و لە خواستە ڕەواکانیان پشتیوانی بکرێ.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co