فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینادا؛ ڕەمزی پێشڕەوی
دوشەممە ۱۹-۰۶-۱۴۰۳   |  09-09-2024

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیەی ئێستا سەرەڕای دەستکەوتە مەزنەکانی و سەرەڕای شەوق و هیوایەک کە لە کۆمەڵگەدا پێکی هێناوە، هێستاش بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی، واتە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەری نەگەیشتووە و هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکەی نەهێناوەتە مەیدانی نەبەردەوە. ئەگەرچی کۆمەڵگای ئێران دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا بەخێرایی پێی نایە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی بوو، بەڵام کرێکاران لە ئاستی جەماوەریدا هێستا بەو دەرەجەیە لە هۆشیاری نەگەیشتبوون کە بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری دەبێ لەدژی نیزامی دەسەڵاتدار ڕاپەڕن. هەوڵی کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوەندی سەنعەتیی نەوت و پێترۆشیمی، لە حەوت تەپە و لە چەند ناوەندی کرێکاریی دیکە بۆ پشتیوانی لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بەرەوڕووی سەرکوتی بەرین و دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە کرێکاران بووەوە. بزووتنەوەی کرێکاری لە هەمان قۆناغی بەر لە ئاخێزی ژیناوە درێژەی بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆی دا. بەرینایی سەرکوت دژبە بزووتنەوەی کرێکاری، بێکاری و هەژاری و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی کرێکاران، نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێزی کرێکاری و سۆسیالیستی کە کرێکاران بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان ئومێدی پێ ببەستن، بەربەستەکانی بەشداریی بەهێزی بزووتنەوەی کرێکاری لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بوو. ئەم واقعیەتە بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە هەموو پێداویستییەکانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە هاوکات و هاوئاهەنگ ئامادە نابێت و هەڵکشان و داکشانەکانی خەبات لە سەردەمی شۆڕشگێڕانەدا لەم ڕاستییانەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە جەرەیانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا ئەگەرچی زۆرینەی ملیۆنیی بەرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارانی شار و تەنانەت توێژێک لە چینی مامناوەند دڵیان لەگەڵ ناڕەزایەتیی شەقامی ڕۆڵەکانیان لێیدەدا، بەڵام بەم ناڕەزایەتییانە پەیوەست نەبوون. ئەم دیاردەیە لە سەرەتای ئاخێزەکەوە خاڵی لاواز بەحیساب نەدەهات. چونکە هەموو شۆڕشە مەزنەکانی مێژوو کەمینەیەکی شۆڕشگێڕ و پێداگر بەرپایان کردووە. بەڵام لە درێژەدا هەر ئەم لایەنگرێتییە مونفەعیلانەیە بوو بە فاکتۆرێکی کاریگەر بۆ دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام. لە نەبوونی ئەم جەماوەرە ملیۆنییەدا، هێزە سەرکوتگەرەکان توانییان ڕیزی ناڕازییان پەراکەندە بکەن و ناڕەزایەتییەکان بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. بێگومان توانایی ڕژیم لە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان و دەستبەسەرکردنی بەرین، لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بووە. بەڵام لە هەمان حاڵدا نیگەرانی لە دووپاتبوونەوەی ئەزموونی شکستی شۆڕشی ٥٧، نیگەرانی لە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی تەبلیغی دەکەن، هەروەها نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕزگاریبەخشی بەهێز لە ساحەی سیاسیی کۆمەڵگا کە جەماوەری خەڵک بتوانێ ئومێدی پێ ببەستێ، کۆسپ و بەربەستەکانی دیکەی سەر ڕێگای جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەن.

زەمانەتکردنی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی پەرەپێدان بە ستراتێژی و ئاسۆی سیاسیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە، ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەریی و جەماوەریتر کردنەوەی هرچی زیاتری ئەم بزووتنەوەیەدایە. کەوابوو نابێ بەڵێنی سەرکەوتنی سەهل و ئاسان بە جەماوەر بدرێ، بەڵکوو پێویستە بەکردەوە بەرەو وڵامدانەوە بە پێداویستییە واقعییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی تێکشکاندنی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی هەنگاو هەڵبگیرێت و کۆمەڵانی خەڵک لە دژوارییەکانی ئەم ڕێگا پڕ لە کۆسپ و بەربەستە ئاگادار بکرێنەوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنها بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژبە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژبەو نابەرابەری و بێبەشی و هەڵاواردنانە هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە سەرچاوەکەیان نیزامی سەرمایەداریی ئێرانە. بەم ئیعتبارە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنها ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو خەسڵەتی دژە سەرمایەداریشی هەیە. خەڵک بەدروست بۆ وەدیهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو چاویان لە ئیمکاناتی بەرینی ئێران بڕیوە. کەوابوو پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بخرێتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” کە لەلایەن خودی جەماوەری خەڵکەوە لەم بزووتنەوەیەدا گەڵاڵە کراون، بە هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی جەماوەریتر ببنەوە. پێویستە بۆچوونمان دەربارەی ئەم دروشمانە ببەینە ناو جەماوەرەوە. پێویستە لێبڕوانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. پێویستە بەڕوونی نیشانی بدەین کە بەرنامەی ئابوورییان، کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیسمە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پلاتفۆرمی داخوازییەکانیان و ئەو وادە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەن چەندە ناتەبایە. ئەوان کە بەدیلیان سەمایەدارییە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە ناتوانن وادەی ڕەفاه بە خەڵک بدەن. سەرمایەداری بە مودیریەت و بەڕێوەبەریی غەیری ئیسلامیشەوە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە.

هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بە مانگرتنی یەکپارچە و سەرانسەری لە ناوەندە سەرەکییەکان وێڕای گەڵاڵەکردنی خواستی ئابووری و سیاسی بۆ نموونە خواستی ئازادیی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری، فاکتۆری سەرەکییە لە پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا. چینی کرێکار ئەگەرچی کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای زۆرن، بەڵام دەتوانێ بە پشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتکارانەی هەتا ئێستای، بە پشت بەستن بە ڕێبەرانی لێهاتووی، بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆمیتەکانی کارخانە کە بناغەی شۆرا کرێکارییەکانن، بەسەر ئەم بەربەستانەدا زاڵ بێت. بە زاڵبوون بەسەر ئەم مەوانعە و بە تەحەزوبی کۆمۆنیستی دەتوانین یارمەتیدەری دابینکردنی هێژمۆنی چینی کرێکار بەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بین. دەرسێکی گرینگی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بۆ چینی کرێکار ئەوە بووە کە تەنها لاوازبوون و سنوورداربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەس نییە، ئەم دەسەڵاتە دەبێ بڕووخێت و بۆ ڕووخاندنی ئەم دەوڵەتە بورژوازییە پێویستە پێشڕەوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری لە حیزبی کۆمۆنیستیی خۆیاندا سازمان بدرێن. چینی کرێکار بەبێ حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی ناتوانێ لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دیفاع بکات و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و کێشمەکێشە چینایەتییەکان پێویستە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ خۆی بخات و بەرەو ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەنگاو هەڵگرێت.

پێداویستییەکی دیکەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە بەربەستە زەینییەکانی سەر ڕێگای پەیوەست بوونی جەماوەر بەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لابەرین. بێگومان ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لەلایەن جەماوەری ملیۆنیی خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرانبەربە هێزە سەرکوتگەرەکان، بوێریی ژنانی بێ حیجاب لە بەرابەر هێرشی بەرینی ڕژیم، گوڕوتینی خەباتکارانەی بەندکراوانی سیاسی لە ئەشکەنجەخانەکان لەبواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە دەرخەری ئەوەیە کە ئەم خۆڕاگری و شەوقە خەباتکارانەیە لەئاستی ملیۆنیدا خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە. هەربۆیە پێویستە ڕێگای بەشداربوونی ئەم جەماوەرە ملیۆنییە لە ناڕەزایەتییەکانی شەقامدا هەموار بکرێ. ئەگەر سەرکوتی بەردەوام و خوێناوی ئەوانی لە بەشداریی چالاکانە لە مەیدانی سیاسیدا پارێزکار کردووە، پێویستە نیشان بدرێت کە تەنها بە هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵک لەئاستی ملیۆنیدا دەکرێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکرێت. ئەگەر جەماوەری خەڵک لەئاست شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران نیگەرانن، پێویستە وەبیریان بێنینەوە کە لە سووریە و لیبی تەنها کاتێک چالاکیی چەکدارانەی پێشوەخت بەپێی نەخشەی دەسەڵاتداران، جەماوەری خستە پەراوێزی خەباتەوە، ئەم وڵاتانە کەوتنە داوی شەڕی ناوخۆیی و نیابەتییەوە. کەوابوو تەنها بەشداریی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسییە کە دەتوانێ ئەم بابەتە زەمانەت بکات کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چارەنووسی ئاخێزە جەماوەرییەکانی سووریە و لیبی بەسەر نەیە.