ناوەندی مافی مرۆڤی زانکۆی “بێڕکڵی” ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر لە کاتی شۆرشی ژینادا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقە لە چاویان کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە زۆربەی قوربانییان لە کەسانی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵ و قوتابییان پێکهاتووە و بە چەکی ساچمەیی و پینێت باڵ لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە و چاوی خۆیان لەدەست داوە.
یەکێک لە قوربانییانیش کچێکی تەمەن ٥ ساڵ بووە کە لەبەر هەیوانی ماڵەکەیانەوە سەیری خۆپیشاندەرانی کردووە.
پێشتر بەپێی هەندێک ڕاپۆڕتی نێوخۆیی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە تەقە لە چاویان کرابوو نزیک ٥٠٠ کەس ڕاگەیەندرابوو.
شایانی باسە کە کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە ئاخێزە جەماوەریەکانی خەلکی ئێران، لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ شۆرای مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا جینایەت دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.