لە شەشەمین هەفتەی ئاخێزە شوڕشگیرانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی، خەڵکی وەگیانهاتوو لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بەدژی دەسەڵاتدارانی ڕژیم دروشمیان دا.
ڕۆژی هەینی ٦ی خەزەڵوەر، خەڵکی توورە و ناڕازای لە شارەكانی سنە، ورمێ، كرماشان، قەسری شیرین، سەقز، مەریوان، مەهاباد، بۆكان، سەرپێڵی زەهاو، میاندواو و بروجردی لۆڕستان، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.
لە شاری سنە لە چەند گەڕێكی ئەو شارە، لاوانی بوێر بە كردنەوەی ئاگر و داخستنی ڕێگاكان دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین كردەوە. هاوكات هێزەكانی ڕژیم هێرشیان كردە سەر خابگای زانكۆی سنە و باس لە برینداربوونی لانیكەم هەشت خۆپیشاندەر دەكرێت.
خەڵکی شاری زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی خامنەیی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکان سێ كەس كە دوانیان منداڵ بوون لەو شارە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی ٤٠ كەسیش برینداربوون.
لە شارەکانی دیکەی ئێران لەوانە: تاران، ئەراك، تونكابۆن، ئامول، كەرەج، بابۆل، سەراوان و ئێرانشار و چەندین شاری دیکە بە هەمان شێوە ئاخێزی شۆرشگێرانە بەردەوام بوو.